سروشت نەوزاد | (١٩٩١ - )
November 6, 2025
سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناونیشانی کێڵگەی بەتاڵ. لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی شیعری بردۆتەوە.
تەنیا دوو شەوی زەبەلاح
ساڵانی زوو کە ڕەنگە هێشتا منداڵێکی چکۆلەی
زوو-پێگەیوو بووبم،
بەڵام لە بیرم ناچێت
بۆ هەر گریانێک جار ناجار کە دەهات و
شەپۆلی خۆی بەو ناوەدا بڵاوە پێ دەکرد،
بن درەختە چکۆلەکەم هەڵدەبژارد.
ئێستا لەو باڵاخانە گەورەیەی نزیک دەریاکە دەژیم
هەندێک لە دراوسێ زۆڵەکانم پێیان سەیرە
نزیکەی هەمیشە وا بەڕووتی
دەردەپەڕمە دەرەوە و هیچ کراسێک بەبەرم ناکات!
پێیان سەیرە
کاتێک دەگەڕێمەوە
پێیە ئێجگار زەبەلاحەکانم بە دووی خۆمدا کێش دەکەم
ناچار دەپرسن ئاخۆ دەتوانم بەو شێوەیە
لە ماڵەکەمدا جێگەم بێتەوە؟
بە دووی باڵندەیەکی بچووک
هەندێک جار ئاڵۆزییەکی ئەستوور لە خۆمدا دەبینم
بە تایبەت ئەو کاتەی ژانێک بە ناوەوەمدا دەگەڕێ و
وەک هەمیشە دەیەوێت
هاوسەنگ لە نووکی زمانەوە دەربپەڕێت.
لێ، من بە دووی ڕیتمی بەرز و نزمی ئەو بایانە دەکەوم بە بەردەممدا ڕەت دەبن.
بە دووی کێڵگەکان
گوڵەبەڕۆژەکان و سێبەرەکانیان،
هەروەها بە دووی پیاسەیەکیش بەسەر پردێک یاخود لەژێر تونێلێکەوە.
بە دووی کەسێک کاتێک سەرێک لە تەمی چڕی
ژوورەکە دەدات و
پاشان بەرەو کۆگاکە بەڕێ دەکەوێت بۆ کڕینی هەندێک شتومەک.
بە دووی کۆچبەران و قاچاخچییەکان، ئەوانەی
جار جار
هەر بۆ فزوولی زرمە لە دەرگای قوتابخانەکان هەڵدەستێنن،
کاتێک تەنگەتاو دەبن بە پەلە خۆیان بە نێو بازگەکان و فەرمانگە حکومییەکاندا دەکەن.
بە دووی منداڵێک لە فارگۆنێکی شەمەندەفەرەکەدا
دانیشتووە و بە گومانەوە لێمان دەڕوانێت!
بەدووی پیاوێک لافیتەی سەر دیوار و فرۆشگاکان
وەلا دەنێت
ئەگەر تیڤی بکاتەوە
دڵگران دەبێت بە ڕووماڵی پێکدادان و برینداربووانی نێو پیکابەکە.
بە دووی کەسێکی دیش، ڕۆژێک بینیم کە شوێنپێی بچووکی باڵندەیەک کەوتبوو
کاتێک پوش و پەڵاشی لە زەویەکەدا هەڵدەگرتەوە
بۆ چێکردنی هێلانەکەی.