سەلیم تەمۆ شاعیر و وەرگێڕ و ئەکادیمییەکی کوردە، ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی مێرینای سەر بە باتمان لە باکووری کوردستان هاتووەتە دنیاوە. ساڵی ٢٠٠٠ بەشی ڕەچەڵەکناسیی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە، ساڵی ٢٠٠٣ ماستەری لە شیعری جەمال سوورەیا و ساڵی ٢٠٠٩ دکتۆرای لە شیعری تورکیدا لە زانکۆی بڵکەنت وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٩ وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی ئارتوکلوی مێردین دەستی بە وانەبێژی کردووە و بەڕێوەبەری دەستەی دامەزراندنی بەشی زمان و وێژەی کوردی بووە. بەڵام پاش ئەوەی دەوڵەتی تورکیا زمانی کوردیی وەک بەش قبووڵ نەکردووە، دەستی لەو لیژنەیە کێشاوەتەوە. ساڵی ٢٠١١، وەک مامۆستا بانگھێشتی زانکۆی ئێکزیتەری بەڕیتانی کراوە. کانوونی دووەمی ٢٠١٦، بە تێزی «دراوسێ دوورەکان: پەیوەندییەکانی نێوان شیعری کوردی و تورکی» بووەتە یەکەمین پرۆفیسۆری یاریدەدەری زمان و ئەدەبی کوردی لە باکووری کوردستان. ڕۆژی ٦ـی ١ـی ٢٠١٧ لە زانکۆ دەرکراوە. ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١، وەک مامۆستا میوانی زانکۆی پۆل ڤالێری لە فەڕەنسا بووە و ئێستا نیشتەجێی پاریسە. سەلیم تەمۆ ساڵی ١٩٩٢ دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی کردووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی یاشار نەبی نایر بۆ شیعر (١٩٩٧)، خەڵاتی هەڵکەڤلەری بۆ ڕۆمان (١٩٩٨) و خەڵاتی چراکانی دامەزراوەی هرانت دینک (٢٠١١). پتر لە ٣٠ کتێبیشی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: ٧ کۆمەڵە شیعر، ڕۆمانێک، ئەنتۆلۆژیایەکی شیعری کوردی، ١٢ کتێبی منداڵان، ٩ بەرهەمی وەرگێڕان (لەوانە مەم و زین بۆ تورکی)، ٤ کتێبی وتار و لێکۆڵینەوە. شیعرەکانی بۆ زمانی ئەڵمانی، ئازەری، ئەرمەنی، عەرەبی، فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئیسپانی، ژاپۆنی، دانیمارکی، فارسی و تورکی وەرگێڕدراون، هەنووکەیش بە ئاگاداریی خۆی بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) داڕێژراونەتەوە.
وەک گوندێکی سووتاو پڕپڕیت لە ئازار
پێنج شیعری سەلیم تەمۆ
لە کورمانجییەوە ژیار هۆمەر
بێدەنگ
پیتی ڕەنگینی سەردەستان لەسەر تەختەڕەش
و تێڵایەکی ئەستووری بریقاوە
ئاڵایەکی سوور و سپی کە هەر دەبێت بشەکێتەوە
پەیکەرێکی ئاسنین بە سەری مەزن و بۆشەوە
نە سەر بەو زمانە بووم، نە خاوەنی ئەو زەمانە
لە ڕۆبۆسکی
لە ڕۆبۆسکی،
بە وێنەی کوڕەکانیانەوە دەژین، کوڕم،
دەیاننووسێنن بە سنگیانەوە، بە دنیادا دەیانگێڕن
دەیانبەنە ناو باخچەکان، وەک میوەی تازەگەییون
لە باخەڵی ساردوسڕ و بێبەرۆکدا دەیانخەوێنن
نابێت لە بیرت بچێتەوە کە سێبەری وەنەوزدان
ناسنامەی ئەو لاوە لێوبەبارانە بوو دەمەو ئێوارە
کە زارۆک بوون، جگەرگۆشەکەم، کە کاریلە بوون
وەک سێبەری دارگوێز دەشنینەوە
لە ڕۆبۆسکی،
باوکی لێیە، کوڕم،
وەک لقی دارگوڵ شکاونەتەوە
هەر ناوی زارۆکێک هەڵبدەیت
بەرەو گۆڕستان دەبنەوە
نابێت لە بیرت بچێتەوە کە دەنگی بەجێماویان لە هەیوانان
چنگێک لە ڕۆحیانە بۆ خاسەکەوی کازیوە
کە زارۆک بوون، ڕۆڵە گیان، کە بەرخۆلە بوون
وەک گەلیی دوور دەچریسکانەوە
داهۆڵی ناو کونجییەکان
با ڕۆحمە
بڕبڕەم خاچێکی لاتینییە
چۆلەکە لێم زیز بووە
شەپقە پۆرتکاوەکەم سڵاو ناسەنێتەوە
تەنیام لە ناو کونجییەکان
بەیار و زەوی دەروجیرانی مردوومن
کەس نایەتە کۆڕمەوە
گڤەگڤی کات دێ، ناواخنم بۆشە
شەو هەموو جارێ هیی خۆیەتی
ڕۆژ هیی هەموو کەسێ
قوتاربوون نییە لە سووتان
کە دەهاتیت
کە دەهاتیت
تامی شەوت بە ناو شاردا دەگێڕا
ناومت بیر دەخستمەوە
شارەزای دەستمت دەکردم
دەمگوت چاوت، چاوت چەند ڕەشە
کە دەهاتیت وەک شەوبای هاوینان
زرموکوتی دڵێکت دەبووژاندەوە
هەڵمی چیاکانمت دەهێنا لەگەڵ دەنگی شەقامە تاریکەکان
برینەکانمم دەلێسایەوە
دەمگوت چاوت، چاوت چەند گەشە
کە دەهاتیت ئاسمان قووڵ دەبوو
پەنجۆڵەت لە باخەڵمدا لە بیر دەچوو
لەگەڵ بەرامەی بناگوێت
دەمکوشت ماری سڕی ڕابردوویەک
دەمگوت پەیڤەکانت، کوان پەیڤەکانت؟
ڕابوو و
ڕابوو
و
گوتی
ئاو لە دوای تۆ ڕوون بوو
گوتی
ئەوەی چوو نەگەڕایەوە
تۆ چوویت و نەگەڕایتەوە
گوتی وەک گوندێکی سووتاو پڕپڕیت لە ئازار