ماری ئۆلیڤەر | (١٩٣٥ - ٢٠١٩)
August 15, 2026
ماری ئۆلیڤەر شاعیرێکی ناوداری ئەمریکییە، ساڵی ١٩٣٥ لە ویلایەتی ئۆهایۆ هاتووەتە دنیاوە. زیادتر لە ٢٥ کتێبی بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ١٩٨٤، خەڵاتی پڕبایەخی پۆڵیتزەری وەرگرتووە و ساڵی ١٩٩٢ خەڵاتی نیشتمانیی کتێبی پێ بەخشراوە. ساڵی ٢٠١٩، پاش ململانێیەکی دوورودرێژ لەگەڵ نەخۆشیدا، لە فلۆریدا کۆچی دوایی کردووە. «کاتێک مەرگ دێ» لە شیعرە هەرەدیارەکانی ماری ئۆلیڤەرە
کاتێ مەرگ دێ
ماری ئۆلیڤەر
کوردییەکەی: دینا سیروان
کاتێ مەرگ دێ
وەک ورچی برسی لە پاییزدا دێ؛
کاتێ مەرگ دێ
دراوە درەوشاوەکەی ناو جانتاکەی دەردەهێنێ
تا بمکڕێ، ئەوسا جانتەکەی وەلا دەنێ
کاتێ مەرگ دێ
وەک سوورێژە دێ
کاتێ مەرگ دێ
وەک شاخەسەهۆڵ بە ناوشاندا دادەخزێ
دەمەوێ هەنگاو بنێم بەناو دەرگای پڕ لە بنجکۆڵی،
گومان دامبگرێ:
داخۆ ئەو تاریکی و نووتەکییە چۆن بێ؟
هەر بۆیە وەک خوشک و برایەتی
دەڕوانمە هەموو شتێ
زەمەنیش هەر وەک کەڵکەڵەیەک دەبینم،
ئەبەدیەتیش وەک ئەگەرێکی دیکە دادەنێم،
ژیان لای من گوڵزارێکە
هەر گوڵێکیش بۆنێکی هەیە
هەموو ناوێکیش لەسەر زارم مۆسیقایەکی نەرمە،
هاوشێوەی هەموو مۆسیقایەکیش مەیلی بۆ لای بێدەنگییە
هەر جەستەیەکیش شێری دلێرە، بەنرخە لەم دنیایە.
کاتێ کۆتایی دێ، دەمەوێ بڵێم بە درێژاییی ژینم،
دەمێ بووک بووم، هیی سەرسووڕمان بووم.
دەمێ زاوا بووم، دنیام خزاندبووە ئامێزم.
کاتێ کۆتایی دێ، نامەوێ لە خۆم بپرسم
داخۆ لە ژیانمدا هیچی تایبەت و ڕاستم کردبێ.
نامەوێ مشتومڕ لەگەڵ خۆمدا بکەم
یاخود ئاخ هەڵبکێشم و ترس دامبگرێ.
نامەوێ هەر وەک ڕاگوزەرێ
چاوم بەم دنیایە کەوتبێ.