ڕۆبێرت هەیدن | (١٩١٣ - ١٩٨٠)
March 16, 2025
ڕۆبێرت هەیدن لە ساڵی ١٩١٣ لە شاری دترۆیتی ویلایەتی میشیگان لەدایکبووە. ماوەیەک بەهۆی کەمدەرامەتی بنەماڵەکەیەوە لەلایەن ژن و مێردێکی پارەدارەوە بەخێوکراوە. لە ١٩٣٢ لە کۆلیژی دترۆیت ستی وەردەگیرێت و دواتریش بڕاوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی میشیگن لە ئەدەبی ئینگلیزیدا وەردەگرێت و وەک مامۆستا لەو زانکۆیە دادەمەزرێت. بەمەش دەبێتە یەکەم ڕەش پێست کە وەک مامۆستا لەو زانکۆیە کار بکات. هەروەها، ڕۆبێرت یەکەم ئەفریکی-ئەمریکاییە کە وەک ڕاوێژکاری بواری شیعر لە کتێبخانەی کۆنگرێسدا دادەمەزرێت. هەرچەندە، مێژووی چەوساندنەوەی ئەفریکییە-ئەمریکاییەکان کاریگەری زۆری لەسەر شیعری ڕۆبێرت هەبووە، ئاینی بەهایش کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر شاعیر داناوە. ئاینی بەهایی وای لە ڕۆبێرت کردووە کە لە ڕوانگەیەکی گەردوونیانەوە لە دونیا بڕوانێت و هەموو جۆرە پۆلینبەندییەکی نەژادی ڕەت بکاتەوە. ئەو شاعیرە لە ٢٥ی شوباتی ١٩٨٠ کۆچی دوایی کردووە.
ڕۆبێرت هەیدن
کوردییەکەی: داستان گەڵاڵەیی
یەکشەممانی زستانیش باوکم زوو لە خەو ڕادەبێت و
لەو سەرما و سۆڵەی بەیانیشدا جلی کار لەبەر دەکات،
دواتریش بە دەستی لەرزۆرک و قەڵەشیوەوە
ئەو دەستانەی کە لە ڕۆژانی پشوو و سەڕسەڕەی زستانیشدا
لە ئیشکردن ناوەستن
سۆپای ژوورەکەمان گەرم دادەگیرسێنێت.
کەسیش سوپاسی ناکات.
منیش ڕادەبم و گوێم لە وردوخاشبوونی سەرمای زستانە.
کاتێکیش ژوورەکان گەرم دادێن، گوێم لە دەنگییەتی
بانگمان دەکات،
منیش زۆر بە هێواشی و لە ترسی تووڕەیی بەردەوامی ئەو
ڕادەبم و خۆم دەگۆڕم،
بە لالووتەوە دەیدوێنم،
ئەو کەسەی کە سەرمای تووشیی زستانی بڕیوم و
پێڵاوەکانمیشی بۆیاخ کردووە.
وای چەندە بێ ئاگابووم من، وای چەندە بێ ئاگابووم من
لە خۆشەویستی بە زیبک و زاکوونی ئەو!