ڤیکتۆر هوگۆ | (١٨٠٢ - ١٨٨٥)
April 23, 2025
ڤیکتۆر هوگۆ، شاعیر و ڕۆمانووس و شانۆنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، ساڵی ١٨٠٢ لە فەرەنسا لە دایکبووە، لە دیارترین نووسەرانی سەردەمی ڕمانسیزمە لە فەرەنسا و تەواوی جیهاندا.
لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاو دەکاتەوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیشدا یەکەمین ڕۆمانی بڵاو دەبێتەوە.
بە درێژایی م٦٠ ساڵ ئەزموونی نووسینی، لە زۆرینەی ژانرا و فۆرمەکانی نووسین و ئەدەبیاتدا، بەرهەمی هەیە وتوانایەکی باشی بەسەر هەموویاندا شکاوە.
ڤیکتۆر هوگۆ لە ساڵی ١٨٨٥ لە پاریس، فەرەنسا کۆچیدوایی دەکات.
ڤیکتۆر هوگۆ
کوردییەکەی: زاموا محەمەد
– ئەوە کتێبخانەکەت سووتاند؟
– بەڵێ. ئاگرم تێ بەر دا.
بەڵام ئەمە تاوانێکە ئەوسەری دیار نییە!
تاوانێکە تۆ، بەرامبەر خۆتت کردووە، هەی بەدناو!
شەبەنگی ڕوحی خۆتت کوشت!
ئەوە مەشخەڵەکەی خۆت بوو، کە ئێستا کوژاندتەوە!
ئەوەی بەلەسەبوونە شێتانە و کافرانەکەت زاتی سووتاندنی دەکات،
موڵکی خۆتە، کەنزی خۆتە، شیربایی و میراتی خۆتە.
کتێب کە دژی ئاغایە، بۆ بەرژەوەندیی تۆیە.
کتێب هەردەم لایەنی تۆی گرتووە.
کتێبخانە، کردەوەیەکی ئیمانییە.
دیسانەوە
نەوەی تاریک،
کە لە شەودا شایەتیی لەسەر بەیان دەدەن.
چی! ئەم کەڵەکە دانیارانەی حەقیقەت،
لەم شاکارانەدا پڕ لە ڕووناکی و ڕوونی،
لەم گۆڕخانەیەی کاتدا کە بوونەتە زەخیرە؛
لە سەدەکاندا، لە مرۆڤی دێریندا، لە مێژوودا
لە ڕابوردوودا، وانەیەک کە لەلایەن داهاتووەوە گوتراوە،
لەوەدا کە دەستی پێ کردووە، تاکو هەرگیز کۆتایی نەیەت؛
لە شاعیراندا! لەم چاڵەی کتێبە ئاسمانییەکاندا،
لە شوێنەواری خوایانەی ئەسخیلیۆسی سامناکدا؛
هۆمێر، ئەیووب، لە ئاسۆدا ڕاوەستاون.
هەی نەگبەت، مەشخەڵی داگیرساو فڕێ دەدەیت!
هەموو ڕوحی مرۆڤ دەکەیت بە دووکەڵ!
ئەی بیرت چوو،
کە فریادڕەسەکەت کتێبە؟ کتێب لەوێیە، لە بەرزاییدا؛
ئەو دەدرەوشیتەوە، چونکە ئەوانە ڕۆشن دەکاتەوە؛
کتێب،
قەنارە و جەنگ و برسێتی لەناو دەبات؛
دەڵێت: کۆیلەیی و وەدەرنراوی با نەمێنن.
کتێبێک بکەرەوە: ئەفڵاتوون، میلتۆن، بەکاریا،
ئەو پێغەمبەرانە بخوێنەرەوە،
دانتی، شێکسپیر یان کۆرنێل؛
ئەو ڕوحە مەزنەی لەواندا هەیە، لە تۆدا خەبەری دەبێتەوە،
بە تاساوی، تۆش هەست دەکەیت کە هەر وەک ئەوانیت.
کە دەخوێنتەوە، جدی و قاڵ و میهرەبان دەبیت؛
هەست بەم هەموو کەسە دەکەیت کە لە زەینتدا گەشە دەکەن،
فێرت دەکەن چۆن بەیان داڵانەکە ڕووناک دەکاتەوە.
دەمێک قووڵتر بەناو دڵتدا ڕۆ دەچێت،
تیشکی گەرمی ئەوان، ئارامت دەکاتەوە و وات لێ دەکات زیندووتر بیت؛
ڕوحت کە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیان؛
خۆت بە باش دەبینیت، پاشان بە باشتر؛
وەک بەفری سەر ئاگر
هەست بە توانەوەی
لووتبەرزیت و تووڕەەییت،
خراپە، دەمارگرژی، پاشاکان و ئیمبراتۆرەکان دەکەیت!
چونکە لە مرۆڤدا، سەرەتا زانست دێت، پاشان ئازادی.
ئەم هەموو ڕووناکییە، ئەرکی تۆیە تێیبگەیت
هەر خۆیشتیت خامۆشی دەکەیت!
ئەو ئامانجانەی خەونت پێوە بینیون، بە کتێب پێیان دەگەیت؛
دەچێتە فیکرتەوە و تێیدا ئەو لکاوییانە دەکاتەوە، کە هەڵە و حەقیقەت تێکەڵ دەکەن:
چونکە هەموو ئاگاییەک، گرێیەکی گۆردیۆمییە.
کتێب پزیشکتە، ڕێبەرتە، پاسەوانتە.
ڕق و کینەت چارەسەر دەکات، تووڕەییت دەڕەوێنێتەوە.
ئەمەیە کە لە دەستی دەدەیت، بە هۆی هەڵەی خۆتەوە.
کتێب سامانتە! زانینە، دروستییە، ڕاستییە، فەزیلەتە
ئەرکە، پێشکەوتنە، ئەقڵە کە هەموو شێتییەک وەلا دەنێت.
تۆش دێیت و ئەمە لەناو دەبەیت؟ تۆ!
– خوێندەواریم نییە.