خەونێک لە فڕۆکەدا

یەحیا ئەشێخ

یەحیا ئەشێخ | (١٩٥٤ - )

June 5, 2025

یەحیا ئەشیخ؛ شاعیر و شێوەکاری عێراقی، لەدایکبووی شاری میسانە ساڵی ۱۹٤٥ لە باشووری عێراق. ساڵی ۱۹٦٦ ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە. دواتر ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لوبانیای لە سلوڤینیا خوێندووە. ساڵی ۱۹۸٤ دوکتۆرای لە هونەرەکانی شێوەکارییدا لە پەیمانگای توێژینەوەکان لە مۆسکۆ وەرگرتووە.

 

 

 

خەونێک لە فڕۆکەدا
یەحیا ئەشیخ

کوردییەکەی دلاوەر قەرەداغی

 

 

خواحافیزییم لە هاوڕێکانم لە لەندەن کرد، سوار فڕۆکە بووم تا بۆ ماڵە دوورەکەم بگەڕێمەوە. قورس بووم بە هەستوسۆز و شەکەت بە بیر و خاییلە. هەر کە فڕیم، خەو بردمییەوە و خەونم بینی (سێ شت کە بە دەگمەن پێکەوە کۆدەبنەوە):
خەونم بینی وەک بڵێی دەستێک جلی زرێپۆشم لەبەردایە، دەمامکە ئاسنینەکەم لابردووە، دەموچاوم ئاشکرا کردووە و ڕمێکی درێژم پێیە، شمشێرێک کە لە ئەرزەکەی دەدا، بە پشتوێنەکەمدا شۆڕ بووەتەوە….

هاتبووم تا بۆ جاری دەهەم لە ڕێوڕەسمی ژنهێنانی سەڵاح فایەقی هاوڕێمدا بەشدار بم. (سەڵاح پێشتر دە جاری تر ژنی هێنابوو و هەموو جارێکیش لە شەوی زاوایەتییدا ڕای کردبوو، هەرچی پزیشک و فەقیهـ و جادووگەران هەبوون لە ڕاڤەکردنی ئەو دیاردەیە حەپەسابوون). ژنهێنانەکەی ئەمجارەشی لەگەڵ پیرێژنێکی دەوڵەمەندی نەوەی خێزانێکی مەغۆلیی دەرەبەگدا بوو.

ڕێوڕەسمەکە لە هۆڵێک بە کۆڵەکەی سیرامیک و لە قەڵایەکی بەردینی دێرینی پڕ لە حەشاماتی خەڵک و بوونەوەران لە ڕەگەزی هەمەجۆر، کە هەندێکیان ئاژەڵی وشکانیی و دەریایی بوون، بەڕێوە دەچوو. تیمساحێکی میسری بە نێوان قاچ و قوولی ئامادەبوواندا دەسووڕایەوە، کەنگەرێک سێ جمکی لە هەگبەکەیدا پێ بوو، خەڵکەکە وەک ئەوەی لە تابلۆکانی عەلی جەباردا بینیومە، دەمامکی ڕەنگاوڕەنگیان پۆشی بوو. لەگەڵ حەشاماتەکەدا، هاوڕێکانم ئەنباء جاوی، مەهدی نیفەری و عەدنان موحسین ڕاوەستابوون، ڕۆبی سپیی پزیشکییان لەبەردا و وەک ئەوەی لە ژووری نەشتەرگەرییدا بن، دەستکێشی لاستیکیان لە دەست و دەمامکی خۆپارێزییان کردبوو. مەهدی نیفەری بە دەنگێکی نزم بالۆرەی دەخوێند و دەگریا، لەسەر تاقی پەنجەرەکە لە سەری سەرەوەی ساپیتەکەدا، “شەهد” دانیشتبوو مۆمێکی بە دەستەوە بوو. من وەک (برازاوا) وا بووم. لە دەروازە زەبەلاحەکەوە خۆمان بە ژووردا کرد. سەڵاح ئارەقەی دەردابوو، چاکەت و پانتۆڵێکی ڕەشی یەک لاقی بە کلکەیەکی درێژ و قۆپچەی ئاڵتوونییەوە، وەک ئەوانەی مایسترۆی تیپەکانی مۆسیقا دەیپۆشن، لەبەردابوو، تاکی پانتۆڵی لاقە بڕدراوەکەی بە قردێلەیەک وەک چۆن ملی پەپوولەیەک دەبەسترێ، بەسترابوو.

سەڵاح لە تەنیشتمەوە دەڕۆیشت و دەشەلی. بە زەحمەتێکی زۆر هۆڵە درێژەکەمان تا بەردەم بڕی.
بە ڕێگەوە لێم پرسی: “سەڵاح، ئەوە لاقت کوا؟
ـ بە هاوڕێیەکی چەتەی زەریام بەخشی، کە لاقی بەهۆی شەڕێک لەگەڵ سەگەماسییەکی شیندا بڕدراوەتەوە.

دوای چەند وچانێک هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیاندە پێشی هۆڵەکە. ڕێکەوتی پیرەمێردێکمان کرد، درێژ، لاواز، جبەیەکی سپی لەبەردا و کڵاوێکی سپی گچکەی لەسەردا بوو.
بە چپە بە سەڵاحم وت:
ـ ئەم پیاوە کێیە؟
ـ پاپای ڤاتیکان.

دوای چەند ساتێک، دەنگی مۆسیقا و تەپڵ و چەقەنە و پاقوڵاخ و حیلەی ئەسپ هاتە گوێ. بووکێ بەسوار وشترێکی دوو کۆپارەوە کە کاوێژی دەکرد و کەفی دەچڕاند، هاتە ژوورەوە. حەشاماتەکە زارەترەک کشانە دواوە، پاشان بووکێ وەک پەڕێک هێور بە جلێکی تەنکەوە بەربووەوە سەر زەوی و بە تەنیشت سەڵاحەوە خۆی گرتەوە. بووکێ لە سەڵاح درێژتر بوو، باڵای دوو هێندەی باڵای سەڵاح بوو، زۆر باریک و بنێس و ، وەک بێچووە پشیلەیەکی تازەکی لەدایکبوو، بەحاڵ چاوی دەترووکا. دوو گێسوو، وەک قۆچی بەرانەکێوی لە سەرییەوە دەرپەڕی بوون. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام (ئەوە لەکاتێکدا کە لە خەوێکی قووڵدا بووم)، بووکێ بنێشتێکی گەورەی شینی دەجوو، فووی پێدا دەکرد و میزەڵدانێکی زەبەلاحی لە دەمییەوە دەردەکرد و بەڕووی سەڵاحدا دەیتەقاند. سەڵاحیش مڕەی لێ دەکرد و بەدەست ئاماژەی دەدا کە هەر ئێستا پەلاماری دەدا و هەڵیدەلووشێ.

پاپا دەستی بە ڕێوڕەسمی ژنهێنانەکە و خوێندنەوەی سوێندی پیرۆز کرد…مەهدیی نیفەرییش هێشتا هەر بالۆرەی دەگوت و دەگریا. بووکێش هێشتا هەر بنێشتەکەی دەگڵۆپاند و هەوڵی دروستکردنی گەورەترین گڵۆپ و تەقاندنی دەدا.
سەڵاحیش هەر مڕەی دەهات و دەمەداچەقێی بوو بۆ هەوا.

پاپا بڕستی نەما و، کتێبەکەی داخست و بە پێکەنینەوە هۆڵەکەی جێهێشت، تەنانەت وەختەبوو لەبەر پێکەنین بەجبەکەیەوە سەرسم بدا و بە ئەرزدا بکەوێ.
لای دەروازەکەوە ئاوڕی بۆ داینەوە و هاواری کرد:
“ئەی هاوڕێی دوور، لە جێی خۆت مەجووڵێ!”
زانیم شیعری ژاک پریڤێر دەخوێنێتەوە.

لام بۆ سەڵاح کردەوە، نەمبینی. لام بۆ بووکەخانی مەغۆلیی کردەوە تا دەستی ماچ بکەم و پیرۆزبایی لێ بکەم، قۆڵ و باسکیم نەبینی، بڵکو دوو کرمیی شلی قەیتنانیی پێوە بوو.
بە زمانێکی درێژی لینج کە لیکێکی سەوزی لێوە دەچۆڕا، تەوقەی لەگەڵ کردم.
لێم پرسی:”ئەوە کوا سەڵاح؟”
وەڵامی دامەوە: “ناپاکیی لێ کردم… لەگەڵ ژنێکی تردا هەڵات!”