غوربەت

سامان حەسەن

سامان حەسەن | (٢٠٠٠ - )

February 13, 2024

سامان حەسەن،  دانیشتووی قەڵادزێیە،  لە ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە و ئێستا خوێندکاری بەشی بایۆلۆجییە لە زانکۆی شەقڵاوە. ئەمە سێیەمین شیعری سامانە لەماڵپەڕی باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە. خوێنەری بن

 

 

 

غوربەت
سامان حەسەن

 

 

“کیژە قەرەجەکەی ڕۆخی دیجلە”
بەشێکی داستانەکە

 

لە بازاڕی ماسیگران دەنگێک دەهات
غەیبی شەپۆلەکانی ڕووباری پێبوو،
دەنگی پشکووتنی نیلۆفەرەکان بوو،
دەنگی هەنگەکان بوو کە شیلەی گوڵەکان غوباری دەکردن.
خەیاڵی شانەیەک بەسەر ڕووی گوڵاڵە سورەیەکەوە.
کۆچێک لەو دەنگەوە چرۆ دەکا.
ماسیگرەکان وەک ناوهێنانی ئەهریمەن لە ناوهێنانی دەترسان.
کێ دەڵێ ناوهێنان لە ئارامییەکەی بەسەر خەڵوەتدا کەم ناکاتەوە،
کێ دەڵێ ڕووباری چاوەکانی وشک ناکات و زەمینی ڕووی نابێتە قەرەبرووت.

کەوشەکانی هەڵدەدایە دیجلەوە.
ئاو وایدەزانی بەلەمێکە بەسەر پشتیەوە،
ئاو نەیدەگووت بارێکە بە کۆڵمەوە.
شەپۆل پێکەنینی دەدا
دەیگوت بەلەمێکە منداڵەکان لەناویدا ڕادەکشێن،
بەلەمێکە ناهێڵێ منداڵەکان بێنە باوەشی توڕەیی ئاوەوە،
ئارامترین ڕووبەرە بەسەر پشتیەوە تا تەماشای ئاسمان بکەن،
منداڵەکان ئیدی ملیان قەد ناگرێ هێندە بەڕووی ئاسماندا بڕوانن.

زریابی نەدەناسی،
نەیدەزانی لێزانی لە شەپۆلەکانەوە فێربووبوو،
لە هەنسکی باوە فێربووبوو،
نەیدەزانی زریاب ڕۆژێک عودی بۆ بەژنی ڕووبار ژەنیوە و گۆرانی بۆ مانگ و ئەستێرەکان گووتووە.
زریابی نەدەناسی
نەیدەزانی هەڵهاتن ڕێگایەکە تا مرۆڤ بمرێنێ.
لە منگە منگەکانی زریاب تێنەدەگەیشت کە هێشتاش لەناو گوێچکە ماسییەکاندا قەتیس ماون،
هێشتاش ماسییەکان دەیڵێنەوه.
کێ باوەڕ دەکات ماسییەکان لە ئەندەلوسەوە تا قوستەنتەنیە، بەناو دیجلە تا نەینەوا گۆرانی زریاب دەڵێنەوە.
نەیدەزانی بەڵام هێشتاش ئەوینی بۆ ماسییەکان هەبوو.

هەورەکان دەیانگرماند، دەیانگوت لەبەر کێ
باران ببارێنین؟
منداڵەکان هاواریان دەکرد غوربەت.
خاک دەیگوت کێ میهرەبانترین قاچی سەر پشتمە؟
منداڵەکان هاواریان دەکرد غوربەت.
ماسیگرەکان تۆڕیان دادەنا و دەیانگووت کێ بەقەد ئێمە ماسییەکان دەناسێ؟
منداڵەکان هاواریان دەکرد غوربەت.
شەماڵ دەیپرسی کێ کۆلارەکان ئازاد دەکات؟
منداڵەکان هاواریان دەکرد غوربەت.

ئۆڕفیۆس بەناوی ئیرۆسەوە گۆرانیی دەگوت
غوربەت بە بێدەنگی گوێی دەگرت
ئەستێرەیەک دەکشێ
غوربەت هێندە نابا ئاواتێک دەخوازێ
لەبەر گڕی ئاواتەکەی سەما دەکات
بانگ ڕادێڵێ
لە غوربەتەوە بۆ غوربەت
بۆ کۆنترین ئەستێرە
گوێم لێیە
فیلەکان لە زەوییە گەرمەکانەوە هاوار دەکەن
کاتی بارانێکی دیکەیە
خوسانێکی ئەویندارانە

پیرێژنێک
کە فێربووبوو بێهیوا بێت
زەوی وەک هەنگاو تەفسیر کات، گوێ بە خڕییەکەی نەدات.
پیرێژنێک
پێستی وەک بێستانێکی پشتئاو، هێندەی چاکنەبوونەوە دڵی پڕ بووبوو لە قڵیش.
بە دیار خەفەبوونی ڕووبارەوە لە شەوە زیوینەکانی هاوین بۆی گێڕابووەوە
قەرەجەکان وەک مێرووەکان لە غافڵییەتی گەردووندا کۆچ دەکەن.
“دەزانی ئەگەر وەک ماسییە بچووکەکان سەما بکەی
هەر زوو ماسییە گەورەکان قووتت دەدەن
کەوایە هێندەی چاوت لە تاریکیدا هەڵهێنا سەما بکە.”

تەکبیری لە سەوڵەکان دەگرتەوە.
گەلێک جار کە ماسیگرەکان خەو دەیبردنەوە
وەک ئەوەی پرسیار لە منداڵێکی ونبوو بکات لە سەوڵەکانی دەپرسی لە کوێوە هاتوون.
سەری دادەخست و بە دیار بێدەنگییانەوە دەپاڕایەوە،
دڵی دەگوشراو دەیگووت کاشکی سەوڵەکانیش زیندوو دەبوون
تا فڕسەتی گێڕانەوەی داستانەکانیان بۆ هەڵدەکەوت،
خۆزگە سانا خۆیان کەچ نەدەکرد و دژایەتی ئاویان نەدەکرد،
دەگەڕانەوە پێش چاخی داتاشین و فزوڵی دایدەگرتن و گوێیان لە حیکایەتی چۆلەکەکان ڕادەگرت،
دەگەڕانەوە و چرۆیان دەردەکرد و منداڵەکان خۆیان تێدا دەشاردنەوە.

کە شەڕانگێزی تێکەڵ بە خەونەکانی دەبوو، قیڕەی بۆقەکانی گوێ لێدەبوو، قەپیلکی کیسەڵەکانی لێدەبوو بە سەیوان.
ئارەقی سەر پێستی زیوین دەبوو،
بەسەر میهرەبانییەکەیدا دەنوزایەوە،
دەیگوت
دیسان لەبیرم چوو بۆقەکان ئیرەیی بە ماسییەکان دەبەن
کیسەڵەکان دێنە خەونم و غەمگینن.

ئەوی نەدەناسی
نەیدەگوت
من پەیکەرێکی سادەکراوی ئەوم
ئەو تۆڕێکی ئاڵۆزی منە
ئەو منی دروست کرد
من ئەوم دروست کرد
وێنەکانی لە ڕووی ڕووبارەکەدا دەدی
ماسییەکان بەناو ئاودا دەفڕن
وەختێک شەپۆلەکانی هێشتا نەبوونەتە هەور
گەڕیدەیش نەگەیوەتە مەنزڵ

بسکی درێژ بوون هێندەی ماسییەکان زاریان دەگەیشتێ
خەونەکان بە چرۆ هێندەی باڵندەکانی یۆتۆپیا هێلانەی لەسەر چێکەن
چاوانی پڕبوون لە ڕۆندک
بەیانییەک ماڵئاوایی دەکا و ماسییەکان جێدێڵێ
بەیانییەک ماڵئاوایی دەکا و ماسیگرەکان جێدێڵێ
بەیانییەک ماڵئاوایی دەکا و منداڵەکان جێدێڵێ
ئێوارەیەک ئاوڕ دەداتەوە و نەینەوا جێدێڵێ
ئێوارەیەک ئاوڕ دەداتەوە و ئێوارە جێدێڵێ
ئێوارەیەک ئاوڕ دەداتەوە و دیجلە جێدێڵێ
شەوێک دەنوێت و قولابەکان فڕێدەداتە ئاگردانەکەوە
شەوێک بێداردەبێتەوە و دیجلە فڕێدەداتە ئاگردانەکەوە
شەوێک دەنوێت و سێوێک فڕێدەداتە ئاگردانەکەوە

منداڵەکان دەوەستان لە کایەکردن
سێرەیان ورد دەکردەوە
زمانیان ڕەق دەکرد
زمانیان ورد دەکردەوە.
خەریکی هەڵبەستنی وێنەکانی یادەوەری دەبوون،
داڕشتنی ئەو ڕستانەی دەبێ بیانڵێن،
لەو ڕۆژگارەی غوربەت ون دەبێ و خەڵوەت دەگێڕن
بەسەر دیجلەدا دەگرین و فرمێسکەکانیان وندەبن.

لەگەڵ کووندەپەپوەکان فرمێسکی یەکتریان دەسڕی.
قەلەڕەشەکانی خۆشدەویست.
دڵی وەک بورکانێکی ئێست گرتوو دەتەقیەوە،
ڕوبارێک لە زووخاوی خوێن دەڕژایەوە،
پڕ بوو لە حەرف، خاڵ و بۆر
لاری، خواری،
پڕ لە ڕستە.
ڕۆژگارت لە ڕێگاکاندا تەواو نابێ،
ماسیگرەکان بە وەفان هەرکە سورە ماسییەک دەگرن دەڵێن تاڵییە غوربەتی.
منداڵەکانی نەینەوام لە بیر ناچی کە بە شەرمەوە تێکەڵی ئاو دەبوون.
شەوێک ماوە بسوتێ،
دوای ئەو سوتانەش دەبینم.