سێ ڕەوش لە نائومێدیی

یانگ مو

یانگ مو/ تایوان

July 28, 2020

   یانگ مو شاعیرو پەخشاننووس و ڕەخنەگری تایوانی، ساڵی ١٩٤٠ لە تایوان لەدایکبووە، بە زمانی چینی دەنووسێت و بە یەکێک لەو نووسەرانە دیاری دەکرێت کە جێدەستیان بە ئەدەبیاتی هاورچەخی تایوانییەوە دیار بووە. یانگ مو لە تەمەنی ١٦ ساڵێیەوە دەنووسێت و شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.  دوای ئەوەی لە زانکۆ مێژوو دەخوێنێت، بەشێکی زۆری ژیانی تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی رۆمانتیکی ئینگلیزی و بە شاعیرانی وەک ویلیەم وۆردسوۆرس و لۆرد بایرۆن و شێلی و جۆن کیتس کاریگەر دەبێت.
یانگ مو چەند مانگێک پێش ئێستا و لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد-باڵندە

 

 

 

 

سێ ڕەوش لە نائومێدیی
یانگ مو
لە سویدییەوە دلاوەر قەرەداغی

 

 

 

 

                ۱

لە نامەکەدا  دەنووسیت دڵت لاوازە
بەڵام هێشتا هەر لێ دەدا
ئاوهایە، بەهەرحاڵ
جۆرێک ژیان،  ژیان خواستنی ئومێدە

وەرزە باران هەرچۆنێ بێ دادەکا
زووبەزوو خۆش دەکاتەوە
دەبێ تۆ خەون ببینی، بڕێکی زۆر خەون
(لە ئەدەبیاتی نوێدا خەونەکان شەرمهاوەرن
بەڵام لە گوزارشتە کلاسیکییەکانی خۆشەویستییدا، بە ڕاستەقینە هەژمار دەکرێن)

چی زیاتر هەیە کە بگوترێ؟ ڕەنگبێ دەبوایە ئامۆژگاریم بکردیتایە سەفەر  بکەی
سەفەر بکەی تا مراوییەکان ببینی کە دەفڕن،
سەفەر بکەی تا لە دەڤەرێکی بێگانە بژیت.
من بەشبەحاڵی خۆم سبەی دەڕۆم
تا دەڤەرێکی بێگانە بدۆزمەوە کە بتوانم لێی بژیم.

 

 

                  ۲

ئەو ڕۆژەی کە هاتیت تا بڵێی خواحافیز
زۆر بە غەمباری لەبەر پەنجەرەکەدا دانیشتبووی
چونکە خەریک بوو تاریک دادەهات.
من بیرم کردەوە چەند وشەیەکی جیددی
لەبارەی وەرزی چرۆکردنی داربەڵاڵووکەکان،
لەبارەی سەوزیی گەشی دارمۆزەکانەوە بڵێم
وردەکاریی لەم چەشنە کە هەڵبەت پەسەندی دەدەیت گوێی بۆ ڕادێری
بەڵام بەرلەوەی من دوولێوە بکەم
تۆ پرچت ڕاوەشاند
بە جۆرێک کە تاریکی داهات.
“من ئێستا دەڕۆم”، تۆ گوتت
“بەهەرحاڵ تازە بێ سوودە.”
لە بێدەنگییدا گوێم لە ژنی هاوسێ بوو
بانگی سەگەکەی دەکرد
مێردەکەی سەرسەختانە توند توند بزمارێکی دادەکوتی
ئەوان خۆیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بژین.
“من خۆم تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بژیم”،
من گوتم.
“بەڵام بۆچی نازانم.”

 

 

           ۳

هاسان نییە هەڵبهێنرێ لە نامەکەتدا مەبەستت چی بوو
ـ ڕەسمی شاخێکی سەوز و
قەبرێک، ڕەسمی بڕێکی زۆر پەپوولەی زەرد،
ڕەسمی دارسنەوبەرێک دەکێشم
لێدەگەڕێم پەپوولەکان بفڕنە سەر پۆپی دارسنەوبەرەکە
گومان وا دەکا کەسێک پیر ببێ
(بەس بە هەمان ئەو ڕادەیە نا کە بنیادەم بە نیگەرانیی وڵاتەکەیەوە پیر دەبێ)
وردە وردە لاشەکەم شی دەبێتەوە، بەڵام بڕستی ئەو خایلەیەم نییە کە لاشەکەم بپووکێتەوە
تۆ حەز دەکەی من قەترە قەترە لەبەرم بڕوا  و
جۆگەیەکی زۆر بچووک … زۆر بچووک دروست بکەم

ڕۆژێک لەڕۆژان ڕەنگە تۆ بتوانیت بەو جۆگایەدا بێیت
تا سەردانی گۆڕەکەم بکەی لە چیا
تۆ دەبێ لەبیرت بێ کە من ڕەسمی ژمارەیەکی زۆر پەپوولەم کێشاوە
ڕەنگە بۆ لای دارسنەوبەرێک ڕێنوێنییت بکەن، مەترێک سەرووتر لەوەی وێنەیم کێشاوە.
من لەوێم.