گۆرانییەکانی ئادەم

زاموا محەمەد

February 23, 2019

لێرەدا شیعرەکە- لە هەوڵێکی دڕدۆنگانەدا- لە نێوان بیر و زماندا ڕوو دەدات. لە هەندێک شوێندا شاعیرانە دەبێت سەرنج بدەیت و هێندێک شوێنیش ئەو چاوەی تری دەوێت، کە: بیرکەرەوەیە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

گۆرانییەکانی ئادەم
زاموا محەمەد

 

 

 

 

(وابزانم جارێکیان لە ڕقدا گوترا کە هەموو من خۆهەڵواسینە بە مێرووە زەبەلاحەکەی کافکاوە. بە ڕێکەوت، درکاندنێکی فینۆمینۆلۆجیی جوان بوو، لە زاری ڕوخسارێکی جوانەوە، بە جەستەیەکەوە کە ئەبەد باوەشی بە شەهوەتە لینجەکانی خۆیدا کردووە؛ دەبێت دان بەمەیاندا بنێم. سەبارەت بە کافکاش، پێموایە لە سەدەی بیستدا بەسەرهاتی ئادەم و حەوا دووبارە نووسراوەتەوە. ڕەهام لە خەڵک، وەک ڕەهاییم لە مەئلوفەکانی گوتن، بۆیە دەوێرم و دەتوانم بڵێم کە ڕۆژگاری هاوچەرخی مرۆڤ، ڕۆژگاری بیرنەکردنەوەی قالۆنچەیەکی زەبەلاحە لە لەبیرکراوەکانی خۆی؛ ئێمە بەرهەمی پچڕانی پەیوەندیی ئەو قالۆنچەیەین بە مرۆڤەوە، لە یادەوەریی خۆیدا. ئەمە شتێکە کەسانێکی دیاریکراو ڕەنگە وەریبگێڕنە ناو گوتاری مارکسی، فرۆیدی و نیتشەییەوە … بەڵام وەک خۆم، من تەنها دەمەوێت ئەدەبیات تووشی نەخۆشی بکەم، نەخۆشیی بیرکردنەوە. مەبەستم لەوەشە کە دەبێت بزانین ئێمە لە سەردەمی کۆتایی ڕۆمان، شیعر و چیرۆکدا دەژین. لە سەردەمی کۆتاییهاتنی ئەم سیانەشدا، دەبێت ڕوون بێت کە نووسینیان لە گرتنەبەری سێ ڕێگا بەدەر نییە: ڕیگای یەکەمیان نووسینە بە دوو چاوی داخراوەوە، واتا نووسین بە بێ هەبوونی هۆشیاریەک بەرامبەر بە مێژووی فیکر و مێژووی ئەدەبیات، واتە نووسین بە ئیلهام و ئەزموونی شەخسیی. ڕێگای دووەم نووسینە لەپشت سوڵتە و ئۆتۆرێتیەوە، بەرهەمهێنانی ئەوەیە کە ئۆتۆرێتی و زۆرینە پێی دەڵێن، یان پرۆگرام کراون پێیبڵێن، جوان یان باش، ئەمەش دەکاتە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندیەکان و دۆخی زاڵ. ڕێگای سێیەم، نووسینی ناشیعر و ناچیرۆک و ناڕۆمانە، لە سەردەمی کۆتاییهاتنی ئەدەبیاتدا؛ تا ئێستا، وابزانم تەنها ڕێگای سێیەم سەرنجی منی ڕاکێشاوە، بەڵام لەیادیشمە کە هەموو نافۆڕمێک دواجار دەبێتەوە بە فۆڕم. سەبارەت بە خوێنەریش لەم سەردەمەدا: نابۆکۆڤ پاڵەوانێکی هەیە تووشی نەخۆشیەکی دەروونیبووە، ئەو نەخۆشینەکەی ناوناوە ئاماژەهاریی(referential mania)، ئەوەی تووشبووەکە پێیوابێت هەموو دیاردە و دەرکەوتەکانی چواردەوری، ئاماژە و نیشانەن، زۆربەی ئاماژە و نیشانەکانیش ئاراستەیان ڕووەو خود و هەبوونی ئەوە. ئەوانەی خوێنەرن، دەبێت لە کولتوور و دەق و نێواندەقێتیی(intertextuality)دا ئاماژەهارییان هەبێت؛ لەناو مەئلوفدا کە زمانیان دی هەوڵبدەن مانای لێ بگوشن، گەر لەناو مەئلوفیشدا مانای نەدا، زمان لە دەرەوەی مەئلوف بخەنەکار، واتا بڕۆن بەلای شیعریەتەوە … بەڵام بەداخەوە نەتەوەکەی من بە گشتی زۆر ساغن.)

 

-گۆرانی یەکەم-

سەرەتا وشە بووین و وشەش هەموو شتێک بوو،

هەم زەمین و هەم ئاسمانەکانیش بووین

هەم زوڵمەت و هەم قوڵاییەکانی ژێر زوڵمەتیش بووین

هەم ڕوح و هەم دڕدۆنگییەکانی ڕوحیش بووین

هەم ڕووناکی و هەم تاریکی

هەم ڕۆژ و هەم شەویش بووین،

هەم ئاسمان و هەم زەوی

هەم زیندەوەران و هەم نازیندەوەران و

هەم ئەو مێرووە باڵدارانەش بووین

کە تەنها زمان دەزانێت لە چەندەم ڕۆژی ئێمەدا هاتن.(١)

بۆشاییمان کەوتە نێوان؛ دابەش بووین لەنێوان وشە و شتەکانیدا، دابەش بووین لەنێوان زەمین و ئاسمانەکانیدا، دابەش بووین لەنێوان زوڵمەت و قوڵاییەکانیدا، دابەش بووین لەنێوان ڕوح و دڕدۆنگیەکانیدا، لەنێوان خۆمان و جەستەماندا، لەنێوان خۆمان و ئەواندا، لەنێوان خۆمان و شوێندا، لەنێوان خۆمان و یادەوەریدا، لەنێوان خۆمان و مێژوودا، لەنێوان خۆمان و ماشێندا، لەنێوان خۆمان و دراودا، لەنێوان خۆمان و کاڵادا، لەنێوان خۆمان و بابەتدا، لەنێوان خۆمان و خۆماندا، لەنێوان نێوان و خۆماندا، لەنێوان من و تۆ، من و ئەو، یەکگرتنەوە و جیاوازییدا. ئێستا کۆمەڵێک کرمین بەسەر بەردەڵانێکەوە، لە کێبڕکێی هەڵکەندنی یەکەم کوندا؛ نە کەس هەیە پێیەکمان پێدا بنێت، نە کەس هەیە قاقا پێمان پێبکەنێت … یان ڕەنگە خودا بیریچووبێت بیرمان لێبکاتەوە.

 

-گۆرانی دووەم-

گەڕاومەتەوە و

لە جەستەتدا پارچەکانی هۆشیاریی تێکشکاوم کۆدەکەمەوە،

گەڕاومەتەوە و

لە ئاگاییمدا بێهودە خەریکم پارچەکانی سیمات پێکەوە بلکێنمەوە

ئاگاییم، کە چیدی ئەم جەستەیەی پێ ڕاناکێشرێت

جەستەم، کە داڕزاوە لەژێر باری ئەم ئاگاییەدا و جیهانیش، کە قورسە لەسەر هەردووکیان؛

جەستەم بەردەوام ئەو پرسیارانە ئاڕاستەی ئاگاییم دەکات کە وەڵامیان نییە

ئاگاییم، خوێناویی، دڵنیام رۆژێک دوایین خۆپێداکێشانی خۆی دەژی، لەگەڵ دەرگای ئەم قەفەسەدا.

بە پرچتدا شۆڕدەبوومەوە

وەک شۆڕبوونەوەی بێدەنگیی بە ستوونەکانی ئەم شەوەدا،

بە سەرمدا هەنگاوت دەنا

وەک هەنگاونانی نادیاری ڕۆژ تا خۆی، بەسەر کشاویی ئەم شەوەدا؛

ئێستا سێوێک لەنێوانماندا هەڵواسراوە

بەڵام دڵنیام جارێکی تریش خۆر بەردەبێتەوە ناو دەستم

تا ئەوسا با نێوانمان سێوێک بێت، کۆتایی ئاسۆی ڕۆژ و کۆتایی ئاسۆی شەو با سێوێک بێت،

با دەستوپێی ئەم زوڵمەتە بە فریوەکانی ڕۆشنایی بەسترابێت و دەستباڵا نەبێت

با ئینکوبۆسی ئەم کابووسە پەلبەستی سۆزی گلگامشەکانی ئەم ڕۆژگارە بێت(٢)

با دڵی شەویش برینداری نووک و برینداری تیغەکانی شەبەنگ بێت

با دڕک پەردەپۆشی فۆڕمی بێمانای گوڵ، کەیف لەجێی شووم، فەزیلەت لەسەر تەختی خراپە بێت

کە من خۆرم لەدەستدا نییە و سێویک لە ئاسۆی جیهاندا هەڵهاتووە.

 

-گۆرانی سێیەم-

گەڕاومەتەوە و

وەک جەنگاوەرێکی بەجێماو لە جەنگەکانی

تۆمەت دەدەمە پاڵ ئەم نائەقڵانیەتی ئامێرە، ئەم نائەقڵانیەتی ڕوحە، ئەم نائەقڵانیەتی ئەقڵە

تۆمەت دەدەمە پاڵ ئەم کاهینانەی چیدی ناتوانن عەبا تەنکەکانیان لە ئەستۆ لابەرن،

تۆمەت دەدەمە پاڵ ئەم شارستانیەتی تایبەتمەندە بێڕوحانە، ئەم شارستانیەتی هەستیارە بێدڵانەی قەفەسەکانیان پێ تێناپەڕێندرێت.(٣)

گەڕاومەتەوە و

دەزانم ئەم بێدەنگ‌بەربوونەوە بۆ ناو مەرگەی ئێوە ناوتانناوە ژیان، بە کەڵکی من نایەت؛

گەڕاومەتەوە و

دڵنیام بەرەبەیانێک وەک خوایەکی بیمار دەنووم و هەر بەشێکم لەناو یەکێکتاندا ڕوودەدات.(٤)

ئەوەندەی بیرم بێت خۆم باوکی خۆم بووم و خۆم کوڕی خۆم بووم، خۆم خۆمی خۆم بووم؛

ئەوەی هەمبووبێت بۆ بەخشین تەنها زمان بووە، ئەوەی هەبووبێت تا پێمببەخشرێت تەنها نەبوون بووە

بۆیە بەخشینەکانم دەگێڕمەوە ناو ماڵی خۆیان، بۆیە لە نەوەکانم و لەو شتانەش کە من ناومنەنان حاشا:

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم ڕوح داهێنراوێکی مێژووییە بۆ دەربڕینی مەجهول

بۆ بەرجەستەکردنی نەزانراو لەناو گوتندا، من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم دڵ داهێنراوێکی مێژووییە بۆ بەرگەگرتنی خۆمان، من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم جوانیی هیچ نییە جگە لە دەرەنجامی تێنەگەیشتنی خود لە بابەتەکانی بەردەمی،

من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم مێژوو هیچ نییە جگە لە بەدگۆڕانی کاتی تێپەڕیو،

یان جگە لە بەدگۆڕانی ڕابوردوو دەمێک بەشوێن ئێستادا ڕادەکات، بەدگۆڕانێک کە ئەقڵ لێی بەرپرسیارە

من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم ئەقڵ تەنها داهێنراوێکە بۆ داهێنانی داهێنان، واتا هەڵچنینی سنوور لەنێوان خۆمان و داهێناندا

من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم زمان هیچ نییە جگە لە هەڵەباسکردنی جیهانێک کە ماڵی من نییە، من ناوم نەناوە؛

گەڕاومەتەوە تا پێتانبڵێم ناولێنان کە خود ئاراستەی دەرەوەی دەکات

هیچ نییە جگە لە پاشکۆیەتی زمان بۆ ناسینەوە، بۆ شوناس؛

بۆیە ئەمجارە تەنیا ناوی خۆم دەنێم و هیچم ناوێت، تەنیا لەم سەدەی گەورەی شکستەدا

ناچارم گوتن بە نەعشی گێڕانەوە و بە نەعشی تۆراندنەکانی زمان لە ڕوودان بکەم، کە گوایە شیعرە.

هیچم ناوێت و ئەوانەی شوێنم دەکەون تا تاریکترین خەرەندی دیوار دەبەم

هیچم ناوێت و ئەوانەی شوێنم دەکەون تا تاریکترین خەرەندی عەدەم دەبەم

هیچم ناوێت و ئەوانەی شوێنم دەکەون تا تاریکترین خەرەندی بیرکردنەوە دەبەم،

من کە خۆم شەبەنگێک لە شکستی پوختم {قاپوتێک بێنیامین، قاپوتێک ئارێنت، قاپوتێک ئادۆرنۆ، بەسەر چرپای کافکاوە}

هیچم ناوێت و ئەوانەش کە شوێنم دەکەون نابێت هیچیان بوێت

هیچم ناوێت و تەنها هەست بە قەلەڕەشێک دەکەم لە ناخمدا،

قەلەڕەشێک کە وەک شەو بۆ خۆیم دەبات، قەلەڕەشێک کە وەک ڕۆژ دووردەستە بۆم.

قەلەڕەشێک لە ناخمدایە و هەرگیز دەستبەردارم نابێت

لە ناخمدایە و شەوانە کە بە تەنیاین

باسی زۆر شتم بۆ دەکات:

کە بۆ یەکەمجار باسی بێتاقەتیی بۆ کردم، زانیم کە من زۆر دەمێکە بێتاقەتم

کە بۆ یەکەمجار باسی نامۆبوونی بۆ کردم، زانیم کە من زۆر دەمێکە نامۆم

کە بۆ یەکەمجار باسی جوانیی بۆ کردم، زانیم کە من زۆر دەمێکە دادام

کە بۆ یەکەمجار باسی چەوساندنەوەی بۆ کردم، زانیم کە من زۆر دەمێکە کرێکارم،

کە بۆ یەکەمجار باسی ئازاری بۆ کردم، زانیم کە من زۆر دەمێکە لەناو خەڵکدام؛

هەر ئەو پێشی گوتووم: ئەوان نازانن کە دەیکەن، بەڵام دەیکەن

پێی گوتووم کە بیانبوورم، چونکە نازانن چی دەکەن.(٥)

|قەلەڕەشێک لە ناخمدایە و

دەزانم ئەوەی کە هەیە بوون‌بە‌دەقە نەک دەق، ڕۆیشتنە بەرەو دەق، دەق کە سەیروورەیەکە لە نووسین، یان لە خوێندنەوە؛

قەلەڕەشێک لە ناخمدایە و

کە تووڕە دەبم… دەبێت خوێنەر بمبوورێت، بەڵام کە تووڕەم دەکەن

نووسین فڕێدەدەمە گێژەنی جیاوازی و دووبارەبوونەوەی پوختەوە.| (٦)

 

-گۆرانی چوارەم-

گەڕاومەتەوە و تۆ نەگەڕاویتەوە.

ویستم بۆتباسبکەم کە دنیای نوێ، کە ژیانی نوێ چەندێک ساختە و دەستکردە

کە مرۆڤی نوێ تاچەند خاوەنی خۆی و خاوەنی جەنگەکانێتی،

|جاران شەڕی ئێمە، شەڕی سرووشت، ئەویتر و خودا بوو؛ پاشان چووینە شەڕەوە لەگەڵ کۆمەڵگا، خود و ناخودادا؛ ئێستا وەک دەڵێن، ئەبیستمەکە داوای شتی زیاتر دەکات: شەڕ، شەڕی تەکنەلۆژیا، سنوور، واقیع و نووسەرە.|

ویستم بۆت بنووسم دەربارەی شلێتیی پەیوەندیەکان، شلێتیی واقیع؛

بۆت بگێڕمەوە چیرۆکی کوشتنی خوایەک لە ئێوارەیەکی تردا، چیرۆکی ماڵییکردنی لاشەکانی خوایەک و

چیرۆکی دووبارەکردنەوەی دەستەکانی خوایەک لە خاپوورکردنێکی تردا،

چیرۆکی کوژانەوەی خۆر لە دەرکی ئەشکەوتەکەدا،

چیرۆکی خیانەتکردنی ئەقڵ لە ئامانجەکەی، چیرۆکی هەڵگەڕانەوەی ئەقڵ لە خیانەتەکەی؛

ویستم ئەم مێژووە دابکەنم کە لە ئەستۆی مندا ئازارە، ویستم ئەم خەڵکە وەلانێم کە لە چواردەوری مندا تێنەگەیشتنن،

-من چی لەم هەموو تێنەگەیشتنەی ناو جیهان بکەم؟-

ویستم بە یەکجاریی لە ئەشکەوتەکانی ناو کەللەی سەرم دەربچم،

|بەڵام میوەکانی شەو و میوەکانی ڕۆژ بەربوونەوە، بەربوونەوە و شکان لەبەر پێیەکانی بووندا

زەوی لە هەناسەدان کەوت، لە هەناسەدان کەوت و خنکا، لەژێر پێیەکانی هەبووندا

لە هەناسەدان کەوت و خنکا، لەژێر پێیەکانی ئێوەدا|

ئیدی منیش تەنیا دەتوانم وەک پۆست‌مۆدێرنیستەکان

دێڕی کەسێکی ترت یادبهێنمەوە:

“ئای جەستەم، هەمیشە بمکە بە پیاوێک کە پرسیارکەر بێت!”.(٧)

 

-گۆرانی پێنجەم-

گەڕاومەتەوە و شۆڕشێک لە سنگمدا لێدەدات،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشی خۆیانیان نەکرد

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشێکیان نەبوو بیکەن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشێکی گونجاویان نەکرد،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشێکیان هەڵگیرساند و تەواویان نەکرد

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو شۆرشانەی کە تێپەڕاندنیان شۆڕشێکی تری دەوێت،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشیان بۆ نەوەکانیان جێهێشت

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی شۆڕشێکیان بۆ نەوەکانیان جێنەهێشت؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ژیانانەی بەفیڕۆ چوون

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو تەمەنانەی بەهەدەربران،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو دڵانەی کە خۆشکران

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو دڵانەی کە خۆشنەکران؛

شۆڕشێک بۆ ئەقڵ کە هەمیشە بەندی سنوورەکانی خۆیەتی

شۆڕشێک بۆ نەست کە هەمیشە سوخرەکێشی شارستانیەتە،

شۆڕشێک بۆ ئیرۆس کە چیدی نایەتە دەرێ

شۆڕشێک بۆ ئیرۆس کە دیلی سەرمایەدارییە؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ڕوحانەی پارچەکانی خۆیانیان لە بەرپێی جەستەدا پێ کۆنەکرایەوە

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو جەستانەی بە هەڵم و هاڵاوی ڕوح خنکان،

شۆڕشێک بۆ فۆڕم، شۆڕشێک بۆ ناوەڕۆک، شۆڕشێک بۆ ئەوەی کە هیچیان نییە؛

شۆڕشێک بۆ ئەو خۆرەی فریای هەڵهاتن نەکەوت

شۆڕشێک بۆ ئەو شەوەی بوو بەژێر بەیانەوە،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی وەک خۆیان ژیان

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی وەک خۆیان نەژیان،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی تاوانبارکران بە لەدایکبوون وەک ژنێک

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی تاوانبارکران بە لەدایکنەبوون وەک ژنێک،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو پیاوانەی تاوانبارکران بە لەدایکبوون وەک پیاوێک

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو پیاوانەی تاوانبارکران بە لەدایکنەبوون وەک پیاوێک،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی تاوانبارکران بە ژیان وەک ژنێک

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی تاوانبارکران بە نەژیان وەک ژنێک،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو پیاوانەی تاوانبارکران بە ژیان وەک پیاوێک

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو پیاوانەی تاوانبارکران بە نەژیان وەک پیاوێک.

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی ژیان فێری درۆی نەکردن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی ژیان فێری درۆی کردن؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی لێرە لەدایکبوون و لەوێ لەدایکنەبوون

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی لەوێ لەدایکبوون و لێرە لەدایکنەبوون.

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوەی لە ژیاندا لەدەست دەچێت

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوەی لە زماندا لەدەست دەچێت

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوەی هۆشیاریی لەکیسی دەچێت؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی تەنیا کەمێک دواکەوتن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوانەی تەنیا کەمێک زوو گەیشتن،

شۆڕشێک بۆ مێژوویەک کە خاوە و هەمیشە دوادەکەون ڕووداوەکانی

شۆڕشێک بۆ مێژوویەک کە خێرایە و هەمیشە پێشدەکەون ڕووداوەکانی؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو لاشانەی ژیان ئازاریداون

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو لاشانای ژیان ئازاری نەداون،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو گۆڕانەی شەوان تریفەیان بەردەکەوێت

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو گۆڕانەی شەوان تریفەیان بەرناکەوێت،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کێلانەی نووسینیان لەسەرە

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کێلانەی نووسینیان لەسەر نییە،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو  مردوانەی گۆڕیان هەیە

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو  مردوانەی گۆڕیان نییە،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ئابلەمانەی لە سکی دایکیاندا لەباردەبرێن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو ئابلەمانەی لە سکی دایکیاندا لەبارنابرێن؛

شۆڕشێک بۆ ئەو کەسەی هەست دەکات لە جێی گونجاوی خۆی نییە

شۆڕشێک بۆ ئەو کەسەی پێیوایە لە جێی گونجاوی خۆیەتی،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کرێکارانەی هەست بە نامۆبوون دەکەن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کرێکارانەی هەست بە نامۆبوونی خۆیان ناکەن،

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کوردانەی کە کوردبوونیان دێشێت

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو کوردانەی کە کوردبوونیان ناهێشێت؛

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی بە بازنە و دووبارەبوونەوەکانی ناو سەری من دەخنکێن

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی بە بازنە و دووبارەبوونەوەکانی ناو سەری من ناخنکێنن؛

شۆڕشێک بۆ خۆم کە بەر لە هاتنم ژیان تەواوکرابوو

شۆڕشێک بۆ خۆم کە هاتم و جیهان هیچی بۆ من تێدا نەمابوو،

خۆم کە هاتم و هەرچیم دروستدەکرد بەدڵم نەدەبوو،

خۆم کە هاتم و لەمپەڕەکەی نێوان من و ئێوەم قەت پێ نەشکا

خۆم کە هاتم و قاقاکانم لەگەڵ قاقاکانی هیچتاندا تێکەڵ نەبوو،

خۆم کە هاتم و کاڵای من لە هیچکام لە بازاڕەکانی ئێوەدا نەفرۆشرا

خۆم کە هاتم و بازاڕی من هیچکام لە کاڵاکانی ئێوەی نەفرۆشت.

گەڕاومەتەوە و شۆڕشێک لە سنگمدا لێدەدات

شۆڕشێک بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە شۆڕشێکە

شۆڕشێک بۆ هەر شتێک کە پێویستی بە شۆڕشێکە

شۆڕشێک بۆ ژیان، کە هەمیشە پێویستی بە شۆڕشێکە.

 

-گۆرانی شەشەم-

خەڵکەکە بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆن، ئێوارە بەسەر ڕۆژەکەدا دەڕوات، شەویش دەستەکانی دەنێتە گیرفانیەوە و دەڕوات

لە نێوان ئێوارە و دەست‌لەگیرفان‌نانی شەوەکەدا من دانیشتووم

هیچم نییە بینێمە گیرفانم، ڕێگایەکم نییە بەسەریدا بڕۆم

ڕێگاکانت نایە جانتاکەتەوە و ڕۆیشتیت بەرەو ئەوی تر … پیاوێکی کوردیی دەیگوت:

بە دڵەوە، یان بەبێ دڵ، دواجار ژنانن(٨)

دواجار منیش منم و

هەر من دەمێنمەوە-

دیسان هەست بە قالۆنچەیەکی زەبەلاح دەکەم کە کەسمانی لەیاد نییە

قالۆنچەیەکی زەبەلاح کە بیر لە کەسمان ناکاتەوە

قالۆنچەیەکی زەبەلاح کە لەسەر پشت، لەسەر جیهان پاڵکەوتووە،

باڵە لینجەکانی لە کیشوەرەکان گیردەبن

لاقە باریکەکانی وەردەداتە ئاسمانی مێژوویەک

کە مێژووی سەرگەردانبوونی نەوەکانی منە:

دێن تا ناویان لێبنێم، دەڕۆن تا بیانگێڕمەوە

ئاژەڵن لە ویستنەکانی جەستەدا: کە خۆیان نین خاوەنی

عەدەمن لە کشمیشەکانی ئەخلاقدا: کە ناوکی جیاوازییان تێدا نییە؛

ئەوان شتێکم دەدەنێ بەرەو ئازار، من شتێکیان دەدەمێ ڕوو لە بیرچوونەوە

ئەوان بە ئاگر لەسەر لەوحەکانی ئەم چەرخە هەڵدەکۆڵن، من بە نینۆک لەسەر سەهۆڵەکانی ئەم چرکەیە دەنووسم

ئەوان یاقووت یاقووت لەبەر خۆردا دەدرەوشێنەوە، من باڵەکانم لە مێژووی شەوگار هەڵدەکێشم؛

چەند گەمژە و جوانن کە لە بەردەم بەهاردا سەوز هەڵدەگەڕێن

چەند گەمژە و جوانن کە لە بەردەم پاییزدا زەرد دەبنەوە

چەند نائامادەگییم کە لە بەردەم خۆمدا هەڵدەکوڕمێم.

|دەمەوێت بڵێم ئێمەش چەند کرێکارێکین

گەرچی دوورەپەرێز، گەرچی نامۆ لە زوڵمەتی ئەم سووچانەدا، بەڵام تا کۆتایی مێژوو

پێستی ڕوخسارمان بە هەڵمی یەکەم بزوێنەری شۆڕشەکەی سەدەی هەژدە سووتاوە

کە تێیدا گەورەترین وێرانکردنی داهێنەرانە ڕوویدا.(٩)

ئەوە ئێمەین چیدی هەست بە زەوی ناکەین لەژێر پێماندا هەناسە بدات،

ئێمەبووین دڵمان دۆڕاند و مێژووشمان نەبردەوە

زەمینمان دۆڕاند و ئاسمانیشمان نەبردەوە

خۆمانمان دۆڕاند و عیشقیشمان نەبردەوە

ئێستامان دۆڕاند و ئەبەدیەتیشمان نەبردەوە؛

ئێمەین ئەو گۆڕهەڵکەنە نادیارانەی لەم گۆڕستانە گەورەیەی ئیبراهیم شادا

کە خاکەکەی تەنها بۆ ڕوانی دز و شارلاتان و فیگەرە کارتۆنییەکان بەپیتە

شەوێکیان دوایین گۆڕ هەڵدەکەنین و پێشکەشی خەونەکانی خۆمانی دەکەین،

دوایین گۆڕ بۆ خەونەکانی خۆمان هەڵدەکەنین و دوایین هاڵاوی خەسارناسانە لە گەرومانەوە دەڕژینە دوایین شەوی ئەم گۆڕستانەوە کە لە بوون بەجێماوە

دوایین گۆڕ بۆ خەونەکانی خۆمان هەڵدەکەنین و دوایین شەهیقی شێدار لەم تەمە ئەستوورەی کولتووری گەمژەکان وەردەگرین بۆ سییە هەناسەسوارەکانمان کە مێژوو لە بەربەریەتی خۆیدا جێدەهێڵن،

با هاوڕێ گۆڕهەڵکەنەکانم پەراوێزەکانیان جێبهێڵن و بە هەموو مەستیی خۆیانەوە ڕاوەستن لە چەقی ئەو شەوەدا

با گاڵتەجاڕیی تا تیغ قەڵبەزەبدات ئەو کاتەی تف لە هەموو ئەوە دەکەین کە بەهایە

با بێباکیی تا عەبەس بیربکاتەوە ئەو ساتەی هەموو ئەوە خاپوور دەکەین کە بازرگانیی کولتوورچیەکانە

با دادا تا ئەودیو هاوچەرخیش بەدیبێت ئەو دەمەی بە گریانەوە پێ بە هەموو ئەوەدا دەنێین کە جوانییە.

 

دەمەوێت بڵێم هەموو جۆرێک لە جوانی و هەموو گوتارێکی پشتئەستوور بە جوانی

مێژووییانە ئازارمان دەدات، کۆمەڵایەتیانە دەمانچەوسێنێتەوە:

پرسی جوانی

کە وێرانکارترین داهێنانی جڤاتی بۆرژوازییە،

گوتاری جوانی، دیاریکردنی جوانی و وەسفکردنی جوانی

کە ترسناکترین جۆری فاشیزمن؛

نیگارکێشە جوانکارە مەزنەکان، پەیکەرتاشە جوانکارە مەزنەکان

ڕۆماننوسە جوانکارە مەزنەکان، شاعیرە جوانکارە مەزنەکان

مۆسیقار و گۆرانیبێژە مەزنەکان

کە زینەی کارخانە هەڵمیی و ئاسنینە هاوچەرخەکانن.

هەموومان بە حیکایەتەکانی جوانی دەچەوسێنرێینەوە

هەموومان لەناو یەکێک لە حیکایەتەکانی جوانیدا زیندەبەچاڵ دەکرێین.

دەمەوێت بڵێم جوانی هیچ نییە جگە لە وڕێنەی سەنتەرەکان دژ بە پەراوێز،

جوانی هیچ نییە جگە لە فریوی کولتوور لە جیهانێکی مۆدێرنی تواوەدا

هیچ نییە جگە لە پێکەنینی ترۆپک بە چینەکانی ژێرەوەی خۆی؛

تەنها لە دۆخی چەوسانەوەی مرۆڤێکدا مرۆڤێکی تر ئەزموونی جوانی دەکات.|

 

-دوایین گۆرانی-

سەرەتا وشە بووین و وشەش هەموو شتێک بوو

بۆشاییمان کەوتە نێوان؛

گەڕاومەتەوە و

لە جەستەتدا پارچەکانی ئاگایی تێکشکاوم کۆدەکەمەوە.

بە پرچتدا شۆڕدەبوومەوە

وەک شۆڕبوونەوەی بێدەنگیی بە ستوونەکانی ئەم شەوەدا؛

گەڕاومەتەوە و

وەک جەنگاوەرێکی بەجێماو لە جەنگەکانی

تۆمەت دەدەمە پاڵ ئەم نائەقڵانیەتی ئامێرە، ئەم نائەقڵانیەتی ڕوحە، ئەم نائەقڵانیەتی ئەقڵە.

ئەوەندەی بیرم بێت خۆم باوکی خۆم بووم و خۆم کوڕی خۆم بووم، خۆم خۆمی خۆم بووم؛

قەلەڕەشێکیش لە ناخمدایە و هەرگیز دەستبەردارم نابێت.

گەڕاومەتەوە و تۆ نەگەڕاویتەوە،

گەڕاومەتەوە و شۆڕشێک لە سنگمدا لێدەدات

شۆڕشێک بۆ هەموو ئەوەی لە ژیاندا لەدەست دەچێت.

خەڵکەکە بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆن،

منیش چەند نائامادەگییم کە لە بەردەم خۆمدا هەڵدەکوڕمێم.

|دەمەوێت بڵێم ئێمەش چەند کرێکارێکین

دەمەوێت بڵێم هەموو جۆرێک لە جوانی و هەموو گوتارێکی پشتئەستوور بە جوانی

مێژووییانە ئازارمان دەدات، کۆمەڵایەتیانە دەمانچەوسێنێتەوە؛|

سەرەتا وشە بووین و وشەش هەموو شتێک بوو.

دیسان هەست بە قالۆنچەیەکی زەبەلاح دەکەم کە کەسمانی لەیاد نییە

قالۆنچەیەکی زەبەلاح کە بیر لە کەسمان ناکاتەوە

قالۆنچەیەکی زەبەلاح کە لەسەر پشت، لەسەر جیهان پاڵکەوتووە،

باڵە لینجەکانی لە کیشوەرەکان گیردەبن

لاقە باریکەکانی وەردەداتە ئاسمانی مێژوویەک

کە مێژووی سەرگەردانبوونی نەوەکانی منە.

لە کۆتاییدا دروود بۆ ئەڤین

کە دڕکەکانی لە ئیگۆ گیردەبن،

دروود بۆ حەوا کە ئەو دڕکانەیە

|دروود بۆ ئەڤین، کە تێیدا مانا خۆی لەدەستدەدات|

دروود بۆ سێو

کە جیاوازییە لە نێوان شوناسی ئیگۆ و شوناسی حەوادا

نەک یەکگرتنەوە، نەک گشتگیری.

| بەڵام دواجار پیاوێکی ئێرلەندی هەر دێت و بە پێکەنینەوە دەڵێت:

ئەوەندە قۆشمەن وادەزانن مانامان هەیە! |(١٠)

 

 

____________________________________

(١)”ئیتر خودا بوونه‌وه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ده‌ریای به‌دیهێنا، له‌گه‌ڵ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌ جووڵاوه‌ ئاویەكان کە ناو ئاوه‌كانیان پڕکرد، به‌پێی جۆره‌كانیان؛ له‌گه‌ڵ هه‌موو باڵنده باڵدارەکانیش به‌پێی جۆره‌كانیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باشە.”( Genesis 1:21)

 “خودا ئاژه‌ڵی كێوی به‌پێی جۆری خۆیان دروستكرد، ئاژه‌ڵی ماڵییش به‌پێی جۆری خۆیان و هه‌موو خشۆكەكانیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌پێی جۆری خۆیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باشە.” (Genesis 1:25).

(٢)ئینکوبۆس: خێوی دانیشتوو لەسەر سکی شاجوانی ناو تابلۆکەی هێنری فوسێلی: کابووس. لە مێژوودا کۆنترین تۆماری دەگەڕێتەوە بۆ لیستی پاشایانی سۆمێری؛ بۆچوونێک هەیە کە باوکی گلگامێش لەم مەخلوقانە بووبێت.

(٣)Max Weber; The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism. Asceticism and the Spirit of Capitalism

(٤)”ئەوەی شەڕ لەگەڵ جانەوەراندا دەکات، دەبێت وریابێت خۆشی نەبێتە جانەوەرێک. گەر زۆر لە عەدەمێک بڕوانیت، عەدەمەکەش لێتدەڕوانێتەوە.” (Friedrich Nietzsche; Beyond Good and Evil. Chapter IV: Apophthegms and Interludes. Aphorism 146)

“هەموو دەروونشیکارێک دەبێت ڕێکەوتی ئەو ناساغانەی کردبێت کە فەنتازیا نەستەکییەکانیان ئەوەی تێدایە خۆیان وەک خودایەک بناسێنن … ئەو سەرنجێکی زۆر دەداتە زمانی ڕاستودروست … بە دەگمەن بیرۆکەکانی ڕوون و ڕاستەوخۆ دەخاتە ڕوو …  لەم پەیوەستیەدا، دیارترین گروپ ئەوانەن کە پەیوەندیان بە هەمووشت‌زانییەوە هەیە. ڕەنگە ئەمە وەک جۆرێک لە هەمووشت‌توانایی وەربگیرێت، بەو پێیەی هەرکەسێک بتوانێت هەموو شتێک بکات دەتوانێت هەموو شتێکیش بزانێت … ئەم جۆرە پیاوانە سەرنجێکی زۆر دەدەنە بابەتی زمان … وەک دەسەڵات بەسەر ستایلی ئەدەبیەوە دەوەستن … ئەو ستایلەی وەگەڕیدەخەن زۆربەی جار باشە، دەقیقە بەڵام زیاد لە پێویست نا، گشتگیر و تەنانەت ئاڵۆزیشە … {یەکێکی تر لە خەسڵەتەکان} ئەو ویستە زیادەڕۆیەیانە بۆ ئەوەی خۆشبویسترێن…”(Ernest Jones; Essays in Applied Psycho-Analysis. Chapter V: The God Comlpex)

(٥)”ئەوان نایزانن، بەڵام دەیکەن. لەڕێی گۆڕینی شتە مادییەکەوە بۆ ئابستراکشنەکەی، بۆ بەها.” (karl marx; capital. bk. 1, pt. 1)

 “… بیانبەخشە، ئەوان نازانن چی دەکەن…”( Luke 23:34).

(٦)زاموا محەمەد؛ قەلەڕەشێک لە ناخمدا

(٧)Frantz Fanon; Black Skin, White Masks. Chapter Eight: By Way of Conclusion

(٨)سليم بركات؛ الغزلية الكبرى

(٩)Joseph Schumpeter; Capitalism, Socialism and Democracy. Pt. 1 and Pt. 2

(١٠)Samuel Beckett; Endgame