زاموا محەمەد، یەکێکە لە شاعیرە نوێیەکانی کورد، کە لە ساڵی ١٩٩٦ـدا لە دایک بووە و ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت. بۆ خوێندنەوەی شیعری قەلەڕەشەکەی ئەو، خراپ نییە ئەگەر جارێکی دی تەماشای قەلەڕەشەکەی ئێدگەر ئالان پۆ بکەینەوە؛ شیعرکەی پۆ هێند ناودارە، کە هەر بە گوتنی قەلەڕەش، ئەهلی ئەدەب دوور نییە خەیاڵیان بۆ لای ئەو شیعرە بچێت. لە هەردوو شیعرەکەدا قەلەڕەشێکمان هەیە، لەوەی پۆدا وەک ئاگەدارکەرەوە/شوومی/نیشاندەری وێرانبوونی مرۆڤ خۆی- هەڵبەت پەیوەست بە ئەڤینەوە- دەردەکەوێت، لەمەی زاموادا، کە ئەویش دوورونزیک دەچێتەوە سەر باسی هەمان ئەڤین- ئاگەدارکەرەوەیە لە وێرانبوونی سەردەمەکە و جیهانیش. هەروەتر: پەیوەندیی شیعرەکە بە باڵندە شینەکەی چارلس بوکۆوسکییەوە، ڕەنگە پەیوەندییەکی پێچەوانە بێت، کە لەوەی زاموادا بوونی باڵندەیەک لە ناخدا، شیعر و بیرکردنەوەی شیعرەکەی تاریک کردووە، دیارە ئەم شوومییە لە مێژە لە ئەدەبیاتدا شیعر و قەلەڕەشی پێکەوە گرێ داوە، بەڵام لەوەی بوکۆوسکیدا، باڵندەیەک لە ناخدا پتر شیعرییەت و دەقێکی شاعیرانەی خوڵقاندووە. سەرلەبەری شیعرەکەی زاموا، بەو زمانە تژی لە نێوەڕۆکەوە کە هەیەتی، تێکستێکی بیرکەرەوەیە، کە بەم جۆرە تێڕوانینەکان لە مەڕ خۆیەوە فراوانتر دەکات (چونکە واتاخوڵقێن و لێدەرە) و دڕدۆنگە بەرامبەر هەموو شتێک. باڵندە بە خۆشحاڵییەوە شیعرەکەی زاموا بڵاو دەکاتەوە، کە لە داهاتوودا شیعری زیاتری ئەو بخوێنینەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
قەلەڕەشێک لە ناخمدا
زاموا محەمەد
“چاوانی وەک چاوانی شەیتانێک بوون کە خەون دەبینێت،
ڕووناکیی لەمپاکەی ژوورووشی، سێبەری ئەوی دەخستە سەر زەوییەکە،
ڕۆحی منیش لەو سێبەرەی سەر زەوییەکە، ئیدی هەرگیز جیا نابێتەوە.”
-ئێدگەر ئالان پۆ
“باڵندەیەکی شین لە دڵمدایە کە
دەیەوێت بێتە دەرەوە.”
-چارلس بوکۆوسکی
وەک شەوێک دەستبەرداری بیرۆکەکانی خۆی نەبێت، کە ئەستێرەکانین
وەک مانگێک دەستبەرداری وەهمەکانی چواردەوری نەبێت، کە هەورەکانین
وەک تابووتێک دەستبەرداری ڕۆژ و سەعاتەکانی خۆی نەبێت، کە بزمارەکانین
وەک گۆڕێک دەستبەرداری یادەوەریی خۆی نەبێت، کە مردووەکەیەتی
قەلەڕەشێک لە ناخمدایە و هەرگیز دەستبەردارم نابێت.
وەک کوردێک لە حەقیقەتی خۆی هەڵبێت، کە ئاگرە
وەک هەسارەیەک لە زیپکەکانی ڕووخساری خۆی هەڵبێت، کە مرۆڤن
وەک دۆلارێک لە باوکی خۆی هەڵبێت، کە خودایە
وەک ئەقڵێک لە جەللادەکەی خۆی هەڵبێت، کە خۆیەتی
من هەمیشە لە قەلەڕەشەکەی خۆم هەڵدێم.
من نزیکی چوار ساڵە قەلەڕەشێکم هەیە و
شەوانە کە بە تەنیاین
باسی زۆر شتم بۆ دەکات؛
پێی گوتووم کە مێژوو غەدرێکی گەورەیە لە مرۆڤ
پێی گوتووم کە مێژوو هەمیشە کورتمان دەکاتەوە لە خۆیدا
پێی گوتووم کە مێژوو دەیەوێت بمکاتە کوڕێکی باش و
پیاوێکی باش و دواجاریش گۆڕێکی باش.
پێی گوتووم کە ڕۆحی ئەم سەردەمە کۆمەڵان دەخوات و
تاک دەکات بە چیلکەی دانپاککردنەوە.
پێی گوتووم کە ئەوانی تر غوبارن بۆ داپۆشینی درەوشانەوەی خود،
درەوشانەوەی خود کە هەمیشە ڕەتکردنەوەی ئەوەی بەردەمیەتی
(هیگڵێک لە پشتمەوە جگەرە دەکێشێت.)
خانمە جوانەکان، کە جێم هێشتن و جێیان هێشتم
کە بووینە شوێنەوار بەسەر هەبوونی یەکترییەوە،
هەندێکیان ئێستا ڕقیان لێمە
چونکە نازانن من قەلەڕەشێکم لە خۆمدا هەڵگرتووە؛
قەلەڕەشێک وا لە ناخمدا و
کورتەژنێک چیدی دەستم دەستۆی ناکات
(حەسەن زیرەکێک لە پشتمەوە جگەرە دەکێشێت.)
هاوڕێ باشەکانم زۆر جار خۆیان دوور ڕادەگرن لێم
بێدەنگییەکەم بێزاریان ناکات
ونبوونە لە پڕەکانم نایانترسێنێت،
چونکە دەزانن من قەلەڕەشێکم لە خۆمدا هەڵگرتووە؛
هاوڕێکانم و ئەوانەش پەڕی قەترانیی قەلەڕەشەکەم
لە هەموو دێڕێکمدا دەبینن
دەبێت کاری هونەری بن لە خۆداهێنانێکی ئەبەدیدا
(فۆکۆیەک لە پشتمەوە جگەرە دەکێشێت.)
قەلەڕەشێک لە ناخمدایە
جیاوازیی بۆ کردوومەتە شووناس،
لەگەڵ ئەودا
من واتا کۆی ئەو فەرسەخانەی دووریین لەوانی دییەوە
(فەیلەسووفانی جیاوازیی لە پشتمەوە جگەرە دەکێشن.)
|| لەگەڵ وشەکانمدا بەسەر شتەکانەوە دەنیشێتەوە، لەگەڵ ئاگاییمدا جیهان دادەڕێژێت:
بەسەر سپیاییی کپی چیا بەفرینەکەوە، قەلەڕەشەکەم تاکە خاڵی مانایە
یەکەم شەوی بەهار کە ئاسمان دەکوژێتەوە، مانگ بە دەنووکی قەلەڕەشەکەمەوەیە؛
بەژێر هەتاوی هاویندا دەفڕێت، سێبەر یەکێکە لە تەئویلەکانی؛
لەسەر لقی دارێکەوە هەڵدەفڕێت، باڵەکانی گەمە زەردەکانی گەڵا دەشێوێنن
(واڵاس ستیڤنس لە پشتمەوە جگەرە دەکێشێت.) ||
بۆ خانمی پێ-شەبەنگی خۆر، لینۆر و پاڵەوانی نادیاری ئەم دەقە:
من ئێستا یادەوەریم دێشێت
من خۆمم دێشێت
من تۆم دێشێت
من خۆمانم دێشێت،
من کاپیتاڵیزمم دێشێت
من تۆتالیتاریانیزمم دێشێت
من بیرۆکراسیم دێشێت،
من مارکسم دێشێت بەسەر خاچە سوورەکەیەوە
من ڤیبەرم دێشێت لە قەفەسە ئاسنینەکەیدا،
من خودام دێشێت
من مێژووم دێشێت،
من دیالێکتیکی پاتە و بۆینباخ، شاخ و شارم دێشێت؛
هاوڕێ مەستەکانمم دێشێت کە لە سووچە گسکنەدراوەکانی ئەم بازاڕی ئازادەدا
بە گریانەوە سەیری بریقانەوەی سیاسی و کاپیتاڵیست و خوا و نووسەر و کەنیزەکەکانی ئەوانیان دەکرد،
جوانییە پەراوێزخراوەکانم دێشێت کە- بە ناچاری دەبێت لە گینسبێرگی وەربگرم و بڵێم:
تاکسییەکانی واقیع بەژێریانەوە کردن و سەردەمەکە ئەقڵیانی وێران کرد؛
من بریقانەوە درۆیینەکانی ئەم سەردەمەم دێشێت،
من دال و مەدلوولم دێشێت
من چەقەکانم دێشێت
من ئەفسانەی تێگەیشتنم دێشێت،
من لیبۆکەکانی ڕۆشنبیریی کوردیم دێشێت
من پیشەسازییەکانی کولتوورم دێشێت،
من کوردم دێشێت،
من قەلەڕەشەکەمم دێشێت.
یەکەمجار کە دەستت لە قەلەڕەشەکەم دا
بە ڕاڕاییی پەنجەکانتدا هەستم کرد تۆش قەلەڕەشێکت هەیە،
یان لانیکەم بولبولێک؛
قەلەڕەشەکەم پێی ناخۆش بوو کەسێک هێندە لێی نزیک بووەتەوە،
ئێستا سووتاوی و پەڕی هەڵپڕووکاون، شوێنپەنجەکانت بەسەر قەلەڕەشەکەمەوە.
|| لە نێوان خۆم و قەلەڕەشەکەم و گوتنەکانم و زماندا
شتێک هەیە بەردەوام لە دەست دەچێت؛ وەک ژیانێک کە بەردەوام لە مندا بە فیڕۆ دەڕوات،
لە نێوان دۆستەکانی ڕابردووم و دۆستەکانی ئێستام و دۆستەکانی داهاتوومدا
ژنێک هەیە قەت پێی ناگەم؛ وەک ئەو دەقەی تا ئەبەد لە نەنووسینیدام،
لە نێوان خۆت و وێنەی سەر دیوارەکەت و وێنەکەت لە سەرمدا
تۆیەک هەیە بیری دەکەم، بەڵام قەلەڕەشەکەم حاشای لێ دەکات
(لەم کەوانەیەیاندا زۆر بێتاقەتم،
گەر نا زمانم دەکردە جگەرەیەک تەنها بە خۆم و قەلەڕەشەکەم بکێشرێت). ||
من بە سەرێکدا قەلەڕەشەکەم لەوانی تر دەشارمەوە
بە سەرێکیشدا قەلەڕەشەکەم من لەوانی تر دەشارێتەوە،
سلێمانی بووەتە دەفرێک پڕ لە ڕشانەوەی خۆم و قەلەڕەشەکەم
کە سەیری دەفرەکە دەکەین زیاتر دەڕشێینەوە
کە ڕوو وەردەگێڕین دەفری تر نییە بۆ ڕشانەوە.
پیاوێک وا لە پشتمەوە، هەرجارێک بە دەموچاوێک و ناوێکەوە
جگەرە دەکێشێت،
قەلەڕەشێکیش وا لە ناخمدا، بێچار دەبێت بۆ هەردووکیان بژیم،
لەو سایەوە کە ئەمانم هەیە دڵم لە مێژوو شکاوە
لەو سایەوە خودام لەناو وشەیەکدا هەڵگرتووە
لەو سایەوە زمانم هەناسە دەدات
لەو سایەوە ژیان لە نیشانەیەک زیاتر نییە
کە بەردەوام ئاماژەکانی بۆ خۆین؛
ئێمە پێکەوە خەون بەو ساتەوە دەبینین
کە ئەم پەراوێزانە هاواری خۆیان دەدۆزنەوە،
ئێمە پێکەوە خەون بەو ساتەوە دەبینین
کە ئەم ئازارە دەیباتەوە؛
دڵنیاین ڕۆژێک میحنەت تەواو دەبێت و
هەموومان لە گۆڕێکدا دەنووین،
تا ئەوسا من قەلەڕەشەکەم دەرناخەمەوە
تا ئەوسا من هیچی تر ناڵێم،
تا ئەوسا:
عەدەمێکی شاد بۆ هەمووتان.