زێڵدا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد لە نەوەی نوێ. لە هەولێر لە دایک بووە. تەمەنی بیستوسێ ساڵە و ماوەی چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە نووسین. زمانی ئینگلیزی خوێندووە. بە کوردی و جارجار بە ئینگیلیزییش دەنووسێت. لێرەدا سێ شیعری کورتی دەخوێننەوە؛ شیعری یەکەم جیهانی بە دارستانێک چواندووە، کە تۆ، وەک مرۆڤێک، دەبێت ڕێگەکەی خۆت بدۆزیتەوە، ئەمەیش هەڵبەت مەتەڵەکەیە. شیعری دووەم و سێیەم، سەر بە دنیای ونبوون و بیرەوەرین. – ماڵپەڕی باڵندە
بەرەو دارستانە تاریکەکان
زێڵدا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاڵا موحسین
ئەو جیهانە وەكوو دارستانێكی قەبەی تاریكی، تەمومژاوی، شێدار وایە
ناتوانم هەنگاوێك بەرەو پێشەوە باوێم
لەسەر ڕێگەكەم قاچەكانم لە قوڕ گیریان خواردووە؛ ئاژەڵەكانی نێو دارستانەكە دەمتۆقێنن: كوندەپەپووەكان، گورگەكان، تەنانەت جڕوجانەوەرەكانیش.
لەو كاتەوەی دەستم بە دۆزینەوەی ڕێگەیەكی نوێ كردووە ون بوومە، كە ڕێگەیەكی قوڕاوی، ترسناك و
تاریك نەبێت.
بەڵام بە داخەوە! وەك مەتەڵێك وایە.
■
نامە خەمگینەکەمم تەواو نەکردبوو کە پێی دەگوتی: من دەترسم.
هەتا جگەرەکەشمم تەواو نەکردبوو، کۆتاقوومی قاوەکەشم.
ون بوویت.
وەک خەونێکی کاڵەوەبوو، وەک بیرەوەرییەکی لەیادچوو.
■
دەڵێم تۆ لێرەیت
کە سەیری وێنەکەت دەکەم
هەست بە گەرمیی
لێوەکانت دەکەم لەسەر شانی ڕووتم
دواتر لەرزێک جەستەم دەتەنێت
بیرم دەکەوێتەوە ئەوە
تەنیا خەیاڵی بەردەم وێنەکەتە