بەسەر ڕووی ڕووبارەوە

ژیار ئەسوەد/شاعیری کورد

December 23, 2018

 

 

ژیار ئەسوەد ساڵی ٢٠٠١ لە دایک بووە. تەمەنی ١٧ ساڵە. لە شاعیرانی نەوەی نوێی کوردە. ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و چیرۆکیش دەنووسێت. لێرەدا سێ شیعری ئەو دەخوێننەوە؛ شیعری یەکەم تێڕامانێکە لە شار، کە شەو تێیدا بووەتە کارەکتەرێک و لێرەولەوێیش لە سووریالییەت نزیک دەبێتەوە. شیعری دووەم سەرنجێکی کورت دەخاتە سەر گەردوون و ئەوەی تێیدا ڕووی دا/یان ڕوو دەدات، کە لە پڕ چڕ دەبێتەوە بۆ کووخێکی بچووک، ڕەنگە ڕوانینێکی وا هەر لە شیعردا بەردەست و بڕواهێن بێت. شیعری سێیەم لە باڕێکدا ڕوو دەدات، پێشتر دەبێت شتێک لە نێوان ژن و پیاوەکەدا هەبووبێت، کە ئێستا بە شێوەیەکی سووریالی ئەوەی تری دەبینین. ئەم سێ شیعرەکە لە شێوە گشتییەکەیاندا: سووریالی، زمانچڕ و نەختێک ناڕاستەوخۆن لە دەربڕیندا.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

بەسەر ڕووی ڕووبارەوە
ژیار ئەسوەد

 

 

 

شاری شین

 

بەفری شینی ڕۆژ، شەوی ماتەمی، دەهێنێتە ئافراندن.

ئەمێستا پیاوێک لەسەر ڕۆخی ڕووباری سێن ڕاوەستاوە و بوتڵێکی بەتاڵی بە دەستەوەیە.

لە شەوێکی ئاوها نووتەکدا، گڵۆپی دوو چاوی مەست هەر بەشی ئەوەندە دەکات کۆمەڵێک سیمای سپیهەڵگەڕاو و مەنگ ببینێ.

جلوبەرگی تەڕیش بەسەر ڕووی ڕووبارەوە مەلە دەکەن.

دەڕوانێ: تابووتێک، بزەیەکی مێیینەی فریودەری لەسەر لێوە.

دەبیستێ: لەگەڵ کرانەوەدا زریکەی لێوە دەردەپەڕێ.

شەو بە پێخاوسی ڕادەکات؛ سپێدەیە و شوێنەواری تابووت بووە بە مێژوو.

ئاوکوژێنەرەوەکان ئاگر بە شەختەبەنددا دەکەن؛ ئامبۆڵانسیش خەریکە تەرمێک و بوتڵێکی بەتاڵ هەڵدەگرێتەوە.

 

 

Hide and Seek

 

غوولێکی زەبەلاح، بە نێزیکەیی: پڕ بە بەرگی گەردوون؛ فووتبۆڵ بە هەسارەکان دەکا. دەنگە گڕەکەی نەیزەک دەبارێنێتە سەر زەوی و هەرچی لە بۆشایی هەیە پێکڕا زاوزێ دەکەن. هەنووکە وەختێک چاو دەکەمەوە، چەشنی چەند پیتێکی پەرشوبڵاوم، کەوتوومەتە ئەفریکا (بەڵام وا بزانم دڵم لە ئەورووپا لێ کەوت)…! شەوانە ژنە هیندەسوورەکەم بە زمانە سەمەرەکەی، وێردی ئاسنینی جەنگەڵەکەیم بۆ دەخوێنێ. بەر لەوەی پێڵووەکانیشم بمرن، دیمەنی کووخێکی چکۆڵەی نێو بەستەڵەکی باکوور (پێم وا بێ دایکوباوکمی تێدان) هێدی هێدی کڕێوە هەڵیدەلووشێ… ئاهـ لە تراژیدیای مێژووی نوێی دونیا!

 

 

شیعری نێو شیعر

 

ناو باڕێکی ژەنگگرتوو

لە مێزەکەی تەنیشتمەوە

ژنێک، سەری خۆی لێ کردەوە و

لە بەردەم خۆی داینا.

میلی کاتژمێر خەوی لێ کەوت،

ئەو بەردەوام بوو لە مشتومڕ لەگەڵی.

کە بە سەرخۆشییەوە هەستا…

“منداڵدانم ماڵێکی فراوان بوو

کێری پیاوێکیش میوانێکی بێوەفا.”

دوو دێڕی سیاناوی*، بەجێ مان.

 


*چڵکاوی