وەشانخانەی ئاڤێستا کتێبی گولـلەکانی شاڵاو حەبیبە بە کورمانجی بڵاو دەکاتەوە

شاڵاو حەبیبە/شاعیر و وەرگێڕی کورد

May 5, 2020

کتێبێکی شاڵاو حەبیبە شاعیری کورد لە لایەن عوسمان مەهمەدەوە دەکرێت بە کورمانجی و لە ماوەی داهاتوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

 

 

شیعری گولـلەکانی شاڵاو حەبیبە لەژێر ناونیشانی “کتێبێک لە بارەی ئەو گولـلەوە کە هەزار ساڵە تەقێنراوە و چەند هەزار ساڵە لێم دەگەڕێت” لە ساڵی ٢٠١٥ـدا لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. شیعرەکان وەک نووسەر ئاماژەی پێ کردووە، ساڵی ٢٠١١ نووسراون. ئەم کتێبە بە ڕێککەوتنی نێوان وەرگێڕ و وەشانخانە و بە ئاگەداریی نووسەر، لە کورمانجیدا ناوەکەی بووە بە “گولـلەپەیڤ”، کە هاوکات وشەیەکە لەنێو کتێبەکەدا.

 

وەشخانەی کتێبەکە ئاڤێستایە، کە وەشانخانەیەکی کورمانجییە و لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە بە سەرپەرەشتیی عەبدوڵڵا کەسکین لە ئیستانبووڵ دەستی بە کارەکانی کردووە. یەکەمین کتێبی وەشانخانەکە شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو بووە.

 

عوسمان مەهمەد، وەرگێڕی کتێبی “گوللەپەیڤ” خۆیشی شاعیرە و دوو کتێبی شیعری بە کورمانجی بڵاو کردووەتەوە. هاوکات پێشتر شیعرەکانی هێمن موکریانی و محەمەد عومەر عوسمانی کردوون بە کورمانجی، هەر لە ئاڤێستا چاپ بوون.

 

کتێبی “گولـلەپەیڤ” ئێستا کاری وەرگێڕانی تەواو بووە و لە قۆناغی دیزایندایە. بڕیارە مانگی هەشتی ئەمساڵ لە لایەن وەشانخانەی ئاڤێستاوە چاپ و بڵاو ببێتەوە.

 

شاڵاو حەبیبە، شاعیر و وەرگێڕ، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا شەش کتێبی شیعری بە یەک جار و لەژێر ناونیشانی “مۆسیقا فەرامۆشی کردم”ـدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە. هەروەها ساڵی ٢٠١١ بۆ چیرۆکی “تابووتە تازەکان” خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە وەک شاعیری ساڵ هەڵبژێرداوە. وەرگێڕی شیعرەکانی ڕومییە بۆ کوردی و کۆمەڵەشیعرێکی مەولانا جەلالەددینی ڕومیی بە ناوی “سوڵتانی من” چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

 

هەندێک لە شیعرەکانی شاڵاو حەبیبە بۆ زمانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی، دانیمارکی، ئەڵمانی و پۆڵەندی وەرگێڕدراون.