ئەسپێکی برینداری بێخاوەن

عەباس کیاڕۆستەمی/شاعیر و سینەماکاری ئێرانی

April 11, 2018

عەباس کیاڕۆستەمی، شاعیر، وێنەکێش، سینەماکار و فۆتۆگرافەری ئێرانی، لە ٢٢ـی جوونی ١٩٤٠ـدا لە تاران-ئێران لە دایک بووە. ٤ـی جووڵای ٢٠١٦ لە پاریس-فەڕەنسا لە تەمەنی ٧٦ـساڵیدا کۆچی دواییی کرد. ئەو بە فیلمی “تامی گێلاس” لە جیهاندا ناسراوە. فیلمەکانی بە نێوەڕۆکە سادە و مرۆڤانییەکەیانەوە دەناسرێنەوە، شیعرەکانیشی کە لێرەدا دەیانخەینە ڕوو، وەک بڵێی لە قووڵاییی سینەماکەیەوە دەرهاتوون. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ئەسپێکی برینداری بێخاوەن
عەباس کیاڕۆستەمی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەرکەوت جەبار

 

سپێتیی کۆترێک
ون دەبێت لەناو هەورە سپییەکاندا
ڕۆژێکی بەفراوی.

 

ژنێکی سکپڕ
بە بێدەنگی دەگری
لە بەردەم جێخەوی پیاوێکی خەوتوودا

 

دەریا تاریک
کەناردەریاش تاریک
چاوەڕێی خۆر بکەم
یان مانگ؟

 

داسی ماندوو
بە دیواری گەنجینەیەکی تاریکەوە
هەڵدەواسرێت
بۆ ماوەیەکی درێژ

 

لەگەڵ یەکەمین بای پاییزی
گەڵایەکی بچووک هاتە ژوورەکەم
کە نەمدەناسی

 

لە نەبوونی تۆدا
لەگەڵ خۆمم
گوتوبێژ دەکەین و دەگەینە ڕێککەوتن
لەسەر هەموو شتێک
زۆر بە سادەیی

 

ئەسپێکی برینداری
بێخاوەن

 

یەکێک لە ڕاهیبەکان
شتێکی گوت
ئەوانی دی پێکەنین
بە دەنگی بەرز

 

زەمینلەرزە
وێرانی کرد تەنانەت
کۆگای دەغڵی مێروولەکانیش

 

بەرهەمی دوو ڕۆژی
کاری جاڵجاڵۆکە
تێک دەچێت
بە گسکی خزمەتکاری پیر

 

پیاوێکی نابینا
کات دەپرسێت
لە منداڵێکی سەرەتایی

 

بارانێکی بەهاری
هێلانەی کۆترێک
پڕئاو دەکات
کۆترەکە بۆ بینینی بەهار چووە

 

گوڵێکی بچکۆلەی بێناو
ڕواوە بە تەنیایی
لە کەلێنی کێوێکی گەورەدا

 

لە خەیاڵمدا
دۆزەخێک هەیە
گەرمم دەکاتەوە
لە زەمهەریری تەنیایی


 

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە
 عباس کیارستمی، همراه با باد/گرگی در کمین