ئێستا دەبێت لە بیری بکەم کە لە بیرم کردووە

عەلیڕەزا زەڕڕین/شاعیری کورد-ئێرانی

August 24, 2018

عەلیڕەزا زەڕڕین لە ساڵی ١٩٥٢ـدا لە کرماشان لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٩ـوە لە ئەمەریکا دەژی. لە ١٩٧١ـدا یەکەمین شیعری ئینگلیزیی ئەو بڵاو بووەوە. چەندین دەفتەرشیعری بە ئینگلیزی و فارسی هەن. هاوڕێی ئالن گینزبێرگ بووە و چەندین نامەیشیان ئێستا ماوە. لە ١٩٩٦ـدا کتێبی «کرمانشانامە»ـی بڵاو کردەوە، کە کەمتارزۆ تێکستێکی شیعریی واڵایە و بەم جۆرە دەست پێ دەکات: «لە قوژبنێک/ لە نێوان دوو ژووردا، سەفەر دەستی پێ کرد.» کتێبەکە کەوتە بەر سەرنجی چەند کەسێک، لەوانە یەدوڵڵا ڕوئیایی. هێندێک پارچەکانی ئەو کتێبەی بە کرماشانی نووسیوە. بە ئاگەداریی خۆی شیعرەکانی دەکرێن بە کوردی.  – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

خەونی ئاوێنە
عەلیڕەزا زەڕڕین
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

ئێمە خەونێک پێکەوەمان دەبەستێتەوە:

کۆترێک کە لە خەونی تۆدا دەفرێت و

پشیلەیەک کە لە خەونی مندا کەمینی داناوە.

 

 

کاتێک کە چەندین جار

یەکترمان گرتبووە باوەش

ئایا بیرمان لێی کردەوە؟

 

 

ئێستا دەبێت لە بیری بکەم کە لە بیرم کردووە.

دەبێت بیر بکەمەوە کە لە بیرم کردووە.

کە دەتوانی لە بیر بکەیت.

 

 

سەروەختی لەئاوێنەڕامان

کەسێک بە ئاماژەوە دەرکەوت:

«زۆر دوا کەوتوویت!»

«درێژە بە خۆشەویستی دەدەیت» و

ئەوسا ون دەبیت.

 

 

من هێشتا بڕوام وایە ئاوێنەیەک هەیە

کە من و تۆ دەتوانین لێیەوە بگەڕێینەوە و

تا هەتایە پێکەوە بین.