کلاکێت

ئایە مەنسوور/شاعیری عێراقی

April 20, 2018

ئایە مەنسوور، شاعیر و ڕۆژنامەنووسێکی عێراقییە، کە چەند دیوانێکی شیعریی هەیە و لە شاعیرە نوێیەکانی شیعری عێراقییە. شیعرەکانی بە ئاگاداریی خۆی کراون بە کوردی. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

کلاکێت
ئایە مەنسوور
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئارام ئیسماعیل

 

١
پێکەنینەکانی سەر زەمین
هیچ شتێكی بۆ ئێمە نییە
بوومەلەرزەکانی نەبێت.

 

٢
کەی دەگەم بە دڵم
دەستەکانم ئەو توانایەیان نییە
ئەو کەرسەك و خۆڵەی لەسەر لا ببات.

 

٣
ئێوە ناتوانن لێرە سەرخەوێک بشکێنن
ئەی زیندەگی …
هەموو تارمایییەکان
لە شەودا بەرەو ڕۆشناییی تۆ دێن.

 

٤
بەسەر ئەو پیاوەدا دەگری
کە خۆی کوشتوویەتی
چاوەکانی بۆ بەجێ نەهێشتووە
تاکو بگەڕێتەوە.

 

٥
ئەگەر سێبەرەکەم بدزیت
چیم بۆ دەمێنێتەوە؟

 

٦
پەلە بکە و دەرباز ببە
نەکا گوللـەیەکی دوێنێ بتپێکێت.

 

٧
نە قاچت هەیە و
نە کۆڵانێک
دەبێت ئەوە بزانیت
بازدان لە هەوادا
شڵەژانە؟

 

٨
پێبکەنە
خۆ ددان لەنێو دەمتدا نەماوە
تاکو یەکێک بیدزێت
کۆتایی بە ژیانت هاتووە
ئەوەم بە سەربازەکە گوت و
گریام.

 

٩
نە پێکەنین دەزانم و
نە ڕۆژێکیش هاتوۆیتە لام
جگە لەوەی پێی هەڵنووتاوم،
کاتێک لە دوورەوە بە تیلەی چاو
لێت دەڕوانم
تۆ دەڕۆیت بۆ ئاسمان.

 

١٠
ژیانی من، چەندین ساڵی پەشیمانییە.

 

١١
ڕێگاکە ئێستا دەتوانێت
هەقیقەتی ئەوەمان پێ بڵێت
کە بە ڕێکەوت بینیمان.
پێیەکانمان هێندە چکۆڵە نین.

 

١٢
گەرووت بگرە
لەبەر دەرگاکەدا ڕێک بوەستە
تابووتێک لێرەوە تێدەپەرێت
بۆ هەتاهەتایە دێتە دڵتەوە.

 

١٣
بوونی من چ پێویستییەکە؟
ئاوێنەکەم لە من باشتر لاوانەوە دەزانێت.

 

١٤
فرمێسکەکانت بە تەواوەتی بەرەڵڵا بکە
گەلێک شیاوترە لەوەی،
لە ژوورە تاریکەکانی چاودا بمێنێتەوە.

 

١٥
مردن لەنێو ژوورەکاندا زۆرە
بەڵام کەس بیری لەوە نەکردووەتەوە
جگە لەوانەی لە گۆڕ نراون.

 

١٦
ئایا کاتێکی وامان بە دەستەوە ماوە
بۆ ئەوەی پێبکەنین؟
لە مردن بپرسە
لای دەرگاکەوە ڕاوەستاوە هەناسە دەداتەوە.

 

١٧
تارمایییەکانن پێکەنینەکانمان بۆ ڕێک دەخەن
هەرکاتێک لە باوڵی ڕۆحمان
جلێکی خەمباری تازە دەردەهێنین.

 

١٨
ئەو پۆلیسەی لەو جێیەدا مردبوو
بۆ چەندین سەعات
کەس هەڵی نەگرتەوە
ئێستا سێبەرەکەی هەوڵی ئەوە دەدات
بیباتەوە بۆ خانەوادەکەی.