هاوینی ئیلاریا

باسم محەمەد

باسم محەمەد

September 13, 2023

باسم محەمەد دەنگێکی دیاری شیعری عێراقییە، نیشتەجێی شارۆچکەی گوڵاڵە (جەلەولا)یە، ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی دیالەیە، خاوەنی کۆمەڵەشیعرێکە بە ناونیشانی «گەر با بۆی بلوێت»

ئەمە بۆ یەکەمین جارە دەقێکی شیعریی لە زمانی یەکەمەوە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدرێت.

 

 

 

 

هاوینی ئیلاریا
باسم محەمەد
وەرگێڕانی ئاشتی کەمال

 (وەک ئەوەی بەردێکبم، بمبە لە سەری حەقیقەتم بدە…)

 

 

 

ئیلاریا بە خانمە دراوسێ گوندییەکەمان دەڵێت:
هیچ بەردێک نامێنێتەوە
با داینەتاشێت، وتی:
جێژوانێکم نییە لە چیاکان؛
خۆر و یادەوەرییەکانم دەرخوارد بدات
ساڵێک بەسەر بڕینی قژمدا تێپەڕی
لێمانگەڕێ با بۆ چاوەکانی، گۆرانی «دۆڵەکان چییان شاردوەتەوە» بچڕین
بۆ ئەوەی ڕۆژێک شار پشتگوێی خستبوو، با نوێژ بکەین.
ساڵێک تێپەڕی…
سڵاوێک بۆ دەرگە دارینەکەی.
نیوەڕۆ، ڕووباری بەسەرهاتەکان تێپەڕ دەبێت
لە نێو گردە دوورەکان دادەنیشێت و
وەرزێکی نوێ دەکێشێت.
دەمەو ئێوارە دەگەڕێتەوە ڕیشی تەڕ دەکات،
لە دوورەوە دەڵێت: سڵاوێک بۆ زەوی و ترسنۆکەکان،
سڵاو لە خۆت…
ئاوا دەبێت، ئاوا دەبێت،
تاوەکو چیمەنی شاخەکان/ کۆ دەکەمەوە
ڕەنگی خۆرئاوابوون/ دڵتەنگی زارۆکان/ تێدەپەڕێت
سەرەڕای وەڕینەکان
هەر دێت!
ئەوە گزنگە ئەی خانمە دراوسێ، کە ناگەڕیتەوە…
لەسەر سنگی ئیلاریا دوو ئەستێرە دەخەوێت و
لەسەر لێوی، مانگێک گەشە دەکات
گۆرانییەکان لە زاریدا گەورە دەبن و
لە گۆناکانیدا دارەکان شین دەبن…
دەڵێت: هاوینێک لەوێ گەورە دەبێت
بارانێک بە، لە لایەکدا هەورێک لە ئامێز بگرە
ڕاستییەکان وەک خوێ سپی دەردەکەون
ببە بە هەرچییەک کە خۆت دەتەوێت چاوانت نەبان
مێروولەکان لەناو لەپمدا هێور نەدەبوونەوە،
دەستەکانت نەبان من بەتەنیا نەدەگەڕامەوە،
بەڵام دراوسێ گوندییەکەی جارێکی تر
کۆتایی هێنا بە ڕێوڕەسمی گەڕانەوەمان و
وتی: زەوی دەیەوێ بمھێنێتە گریان
لێ ھیچ جێژوانێک نییە لە ڕێوە بۆی بگرین
تۆش شێتییەک بەخێو دەکەیت،
دەربارەی بوکۆڤسکی دەخوێنیتەوە،
هەروەها فرۆشیارێک کە نامرێت.
هەوڵ دەدەیت خەمی کێوەکان، قووڵایی کێوەکانت
بیر بکەوێتەوە.
ئەی کوڕی جێژوانەکان،
ڕۆژێکیان هاوینی غەریبان خیانەتی لێکردیت،
چیتر لە باکورەوە لەسەر گوڵێک نانووسیت،
سزایان دا.
هەرچیت دەوێت بیبە،
گەر چاوەکانت نەبان منیان نەدەکوشت
گەر دەستەکانیشت نەبان قسەکردن دەبوو…
سڵاوێک بۆ زەوی و ترسنۆکەکان.
سڵاو لە خۆت…
ئیلاریا دەگەڕێتەوە، هاوین وەک گچکەبۆڵی میوەیەک دەمێنێتەوە
فێرم دەکات کە تاراوگەکان وەک هەر وڵاتێک چییان
بەسەردێت بەڵام باوەشی شار زۆر تەسکترە
لەوەی وەک پۆلێک کۆتر بگەڕێینەوە،
لە دوورەوە بە دراوسێکەمان دەڵێم:
سڵاو لە تۆ
تا وەکو من دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
خەمناکە هاوین
هیچ گوندێک گەشە ناكات و
مانگێک نییە لە پاڵێکەوە، تاکو بمێنینەوە.
درێژە شەو
شەکەتەکان شاریان ڕۆشن کردەوە،
گەڕانەوە هەر وەک خەمی ئیلاریا، بۆ تونێلێک لە تاریکی.
ئیلاریا گۆرانی دەچڕێت:
سڵاو لە تۆ/ لە ترسنۆکەکان/
سڵاو لە خۆم..