قەسیدەی مەرگ

دلۆڤان فەرەیدوون

دلۆڤان فەرەیدوون/ کوردستان

August 6, 2021

دلۆڤان فەرەیدوون نووسەرێکی گەنجە. تەمەنی ٢٢ ساڵە. لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و هەر لەوێش دەژی.  دلۆڤان هەم شیعر دەنووسێت و هەم چیرۆکیش. خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێکیشە بە ناونیشانی ڕاچڵەکین

 

 

 

قەسیدەی مەرگ
دلۆڤان فەرەیدوون

بۆ پێشەنگ شیرزاد

 

 

 

شەوێک سەرم لەنێو مەنهۆڵێکی شاردا جێدەهێڵم و دەچمەوە بۆ ماڵەوە؛
یادی ئەو کاتانە دەکەمەوە خودایەک نەبوو لەسەرمدا.
گشت شەوێک وێنەکەت دەگرم بە دەستەوە و
بە ترسەوە دەڕوانم و دەڵێم؛
ئیدی جارێکی دی بەر پێستە سپیەکەی ناکەویتەوە.
مردم ئەو کاتەی ڕۆشت و مێژوومی سڕیەوە.

 

زیندوێتی لە مێژوودایە،
ناخەوم و بەرەبەیانە
خۆمم دێتەوە یاد لە  باوەشە ژەهراوییەکەتدا.

 

دەچمە دەرەوە و بەدزی خوداوە
ئەو بتڵەی کە بەتاڵم کردووە و
کەلـلە سەری پڕ گومانم فڕێ دەدەمە باخچەیەکی شارەوە،
دەڕشێمەوە بەسەر ئەو شۆستانەدا کە گەنجییم تێیدا کوژرا.
ئەی بۆچی نەمردووم؟
مەرگ هەر ئەوەیە خۆت ببینی بە مردووی لە ڕۆژەکانیدا.

 

ئەی ئەو کچەی ئێستا لە شەقامەکاندا وێنەکانت هەڵواسراوە و
دەنگت دەچێتە ناو مێشکی هەموو ئەوانەی بە لایدا تێدەپەڕن.
هەرچییەک بیت، هەرچییەک هەیت،
شەوێک یادی من دەتخاتە سەر چۆک.
سوژدە دەبەیت بۆ ئەو بتانەی پێکەوە تفمان تێکرد؛
تاوەکو منت پێ ببەخشنەوە.
دەگەڕێیتەوە بۆ ئەو شارانەی لێی هەڵهاتین؛
تا بزانیت لەوێ خۆم نەشاردۆتەوە.
کڕنووش دەبەیت بۆ هەموو ئەو یادەوەرییانەی دروستمان کرد؛
تاوەکو دەستت لێم گیر ببێت.

 

شیعر گێڕانەوەی برینێکە
کە جەستە توانای هەڵگرتنی نییە.

 

مەرگ بەرۆکم بەرنادات و
منیش گولـلەیەکی چروک دەکەمە نێو دەمانچەکەم و
لە قاوەخانەیەکی شاردا جاڕی خۆکوژی دەدەم.
هاوڕێکانم دەستی خۆشەویستەکانیان دەگرن و ڕادەکەن
-با ئاژاوە بەرۆکیان نەگرێت-.

 

من عاشقم،
عەشقیش بەرهەڵستی خودایە.
لەلای خودا شەیتان خۆی لە عەشقدا نمایش دەکات،
دەهری دەبم دەڵێم؛ خودا چیت لێم دەوێت؟
خودا دەبینم بۆ شکستەکانم دەگری،
ئەو شکستانەی وەک مەرگ لە کۆڵم نابنەوە.
بەچرپەوە بە هاوڕێکەم دەڵێم: من تراژیدیایەکی گەورەم بۆ خودا،
من هەمان ئەو گولـلە چروکەم کە خودا نای بە زەویەوە،
ئەو شەیتانەم کە هەرگیز بۆی دەستەمۆ ناکرێت.
شمشێرێکم لەسەر دڵی، هەرچی دەکات
ناتوانێت لە دڵی دەرمبهێنێت

 

 تۆ برینێکی لەنێو سەرمدا و هەموو شەوێک
وەک پێستێکی سووتاو
وەکو خەونی پێشمەرگەیەکی بەجێماو؛
دەکولێیتەوە.

خەو دواهەمین کاری منە،
نابێت بنووم چونکە لە خەوندا برینەکەی سەرم دەکولێتەوە؛
ئەو برینەی کە پێوەی زیندووم.
دەبێت لە ستایشی ئەو برینەدا بڵێم:
شەرمەزاری بۆ ئەو خودایەی شەوان شیوەنم بۆدەکات؛
کەچی هیچ چارەیەکی پێ نییە.

هەموو ڕۆژێک جاڕی مەرگ دەدەم و دەستم ناچێتە خوێنی خۆم،
بەم زەوییەوە برینێکم کە هەموو ڕۆژێک ژیان دەمکولێنێتەوە.

 

دارەختەکانی سەر چیاکە شەرم دەکەن سەیرم بکەن،
ئاخر ئەوان شاهیدی شکستەکانمن.

 

من هەمیشە تامیسکێکم بەسەر لێوی خوداوە،
چونکە زۆرجار ڕامچڵەکاندووە لە خەو.
خودا بە ژیان قەرزداری منە،
پێی بڵێن مەرگ لە چارەنوسمدا بسڕێتەوە.
مەرگ خۆی لە مندا نمایش دەکات؛
وەک ئەوەی بیەوێت شتێکی دەستبکەوێت.

 

بە هاوڕێکەمم گوت؛ خودا پێویستی بە شیوەن بوو بۆیە منی خوڵقاند
هاوڕێکەم گووتی:
«شاعیرەکان برینێکی زیندوون هەرگیز خۆیان بۆ تیمار ناکرێت