ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )
July 3, 2025
ئومێد قەرەنی، لەدایکبووی ١٩٩٢ـی شاری هەولێرە. یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە.
ئومێد شیعر دەنووسێت و لە یۆنانییشەوە وەردەگێڕان دەکات.
فەرموون نوێترین دەقی ئومێدە لە باڵندەوە بخوێننەوە.
ئومێد قەرەنی
ئەو ژیوارە* ناتوانێ بگاتە فیلمەکان
فیلمەکان ناتوانن بگەنە دیدگەکانم
نامەوێ
باسی ئەو شارەت بۆ بکەم
هەرگیز هیچ ئەلفوبێیەکی بۆ ناخوێنرێتەوە
هەردەم نیشانەی ئاماژەیەکی بێ وەڵامە!
گەزۆ
لە شوێنێکی وەهادام
هەموو شتەکانی پاڵمدەدەن بۆ بێباکی
بێزاربووم
هێندە بەرخوردی مەیموونە نەسروەتەکان بکەم
هێشتا پێویستم بە هیچ بوونەوەرێ نییە
دەست لە گەنجیەتیم وەربدا
گەزۆ
بۆ ئەوەی وشک هەڵنەگەڕێم سترانان دەچڕم
نامەوێ کەس بیانژنەوێ تەنیا خۆم نەبێ
تا لەو کەسانە بدوێم کە لە سەرمدان
تا جوانییە ونبووەکە
دەربارەی کەمئەندامییە نایابەکەی ژیان
پەیدۆز بکەم.
مرۆڤەکان وەک پارچە گۆشت دەسوڕێنەوە
دەپیتێنرێن.. وەسەرپێ دەخرێن
خەمگینن
گیانی چووکەڵەیان بە پەیوەندییە کاتییەکانیان
دەڵنەوایی دەکەن
ئەمنیش ئەوەندە خراپەکارم
ناتوانم ئەو بێزارییەی پێشکەشم دەکەن
بیپەژرێنم*…