پەنجەمۆر

دونا غالی/شاعیری عێراقی-دانیمارکی

April 4, 2018

دونا غالی، ڕۆماننووس، شاعیر و وەرگێڕی عێراقی، لەدایکبووی بەسڕەیە لە ساڵی ١٩٦٣ و نیشتەجێی وڵاتی دانیمارکە لە ساڵی ١٩٩٢ـوەوە. بەشداریی چەندین کۆڕی ڕۆشنبیری و فێستیڤاڵە دانیمارکی و جیهانییەکانی کردووە. ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی دانیمارک و کۆمەڵەی وەرگێڕکارانی دانیمارکە. بە عەرەبی و دانیمارکی دەنووسێت. هاوکاریی ئەنجوومەنی ئەدەب و هونەری دانیمارکی پێ بەخشراوە بۆ سەفەرکردن، مانەوە و درێژەدان بە کاری نووسین و وەرگێڕان. خاوەنی سێ دەفتەرەشیعر، دوو ڕۆمان و دوو کۆمەڵەچیرۆکە بە زمانی عەرەبی. بە دانیمارکی خاوەنی ڕۆمانێک، یەک کۆمەڵەچیرۆک و یەک دەفتەرەشیعرە. لە وەرگێڕان خاوەنی حەوت کتێبە، کە گرنگترینیان حیکایەتە خورافییەکانی (هانس ئەندەرسن)ـە، کە بە هاوکاریی کتێبخانەی شاهانەی دانیمارک بڵاو کراوەتەوە. – باڵندە

 

پەنجەمۆر
دونا غالی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئارام ئیسماعیل

 

 

خۆشەویستم
لەگەڵ ئەوەی هەردووکمان
لەنێو هەمان گەمێداین
بەڵام کۆتاییی چیرۆکەکان
جیاوازییەکی تریان بۆ خۆیان داڕشتووەتەوە

 

ڕەنگە لە تۆ زووتر بگەم
یان پێکەوە… قسەمان لەسەر ئەوە هەبێت،
جەستە و جەستەی ماندووی تریش،
هەست بە بوونی ئەو ڕێگایە دەکەن
کە پێیدا تێدەپەڕن

 

زەڕەنگەرە ئەرمەنییە پیرەکەی شارەکەمان…
دەڵێی لەنێو مندایە، بیر دەکاتەوە
مەبەستی ئەوەیە دیارییەکی وات بۆ بهێنم
کە پێشتر نەبینرابێت
سەنگەکەشی لە چەند عەیارێک تێپەڕ نەکات
نەخشەکەی بە شێوازێک خۆی بنوێنێت و
ئاماژە بێت بۆ گەڕانەوەی یادەوەرییەکی
گەلێک خۆش…
لە یادی تامەزرۆیییەکی ڕووشاوی ونبووی منداڵی

 

یان کرتاندنێکی بەتامی ژیان.

 

ئەوەی… ئەنگوستیلەی هاوسەرگیرییەکەی
دایکی زاخاو دا
ئەوەی… ڕۆژانە کوڕەزایەکی
هەموو بەیانییەک
بە بەختەوەرییەکی تەمومژاویی ڕابردووەوە
دوو-سێ سەعاتێک

 

لەسەر کورسیی دوکانەکەی دادەنیشێت
پێش ئەوەی بە ڕێیەکی وەفاداردا
وەک سێبەر
لە نێوان ڕەنگەکانی ئاگر و ئاڵتووندا بگەڕێتەوە

پیشەوەرێک، زەڕەنگەرێکی دێرین
بۆڵە و خوتە و بێزارییەکانی ژیانی
لەسەر یەک کەڵەکە کردوون

«مردن ئەهوەنترە»

غالی، بە عەرەبی و دانیمارکییش دەنووسێت

 

هەر بە دەستلێخشانێک کانزای خەڵکەکان دەناسێت
بە کوێری وەک زیرەکترین سەگی پۆلیسی
بۆنمان پێوە دەکات و دەزانێت،
«کێ لە ئێمە لە سەفەردایە»

 

ئێستایش وام لێ هاتووە
لە ونکردنی هێماز و نیشانەکانم دەترسم
کاتێک یەکێکیان گلێنەی چاوم بکڕێنێت و
دیمەنی خاڵە جوانەکەی سەر پشتم ببڕێت
وەک ئەوەی مۆتەکە گرتبمی هاوار دەکەم،
دەنگم کپ دەبێت و دەمم دەبێتە پەڵاسێک و
تەڕاییی لیکم وشک هەڵدێت و
گوێیەکانم لە سەرمان دەتەزن
کە…
کە… پارچەقوماشێکی بچکۆلەی نەرمم دەداتێ،
تا زنجیرەکە ملت نەبڕێتەوە

 

وەک ئەو زنجیرە ڕەونەقدارەی
ملی سەگێک
کە هەموو ساڵانی تەمەنی بڕییەوە

 

خشڵێک-ملوانکەیەک لە کانزایەکی نایاب
شتێک لە منی لە خۆیدا هەڵگرتووە
ڕۆژێک خۆیت پێ دەناسێنێتەوە
ئەو کاتەی بەر پێستی لاملت دەکەوێت

 

ئەگەر هەڵەت کرد
ڕووخسارێکی دی
دەچێتە شوێنی
ئێستا ڕۆژگارێکە هیچ شتێک ڕووخساری نییە
بێجگە لە:

 

«مردنێکی ئەهوەن»

 

دواپرتەوبۆڵەی ئەرمەنییەکە
وەک برووسکەیەکە
بەڵام لە چی؟
لە… گۆچانەکانی درەختی شار
کاتێک بە هێواشی نغرۆ دەبن
لە… باوڵی بەتاڵی ئاڵتوون
لە… مەچەکی کوڕەزایەکی تەنیادا
کە هەر دە پەنجەکەی
بەسەر پێستی پەنجە گەورەکەمدا
دەخشێنێت

 

لە کاتێکی لەدەستچوودا
چاپە قوڕینەکەی دەگەڕێنێتەوە،
دەگەڕێت بۆ کلیلی قفڵەکە و
دەیخاتەوە بنی باوڵەکە
پەنجەمۆری ئەنگوستیلەکانی شار دەدۆزێتەوە
هەموو ئەوانەی زاخاوی دابوون

 

-وێڕای ئەوانەیش
زۆربەی ئەو کەسانە
وا خۆیان دەردەخەن
کە ئەوان لە یەکتری دەچن

 

ئەی نایبینی…
ئەمە بۆ دووەمجارە
لە ئاگەدارکردنەوەیەکی بە پەلە و
«تەوبیخێک» دەچێت
دەڵێت:
لە ئەرکێکی وەها قورسدا
«مردن ئەهوەنترە»