لەتەکانی تاریکی

گەرووس عەبدولمەلەکیان/شاعیری ئێرانی

April 10, 2018

گەرووس عەبدولمەلەکیان، شاعیری ئێرانی، لە ١٠ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٠ـدا لە تاران لە دایک بووە. چەندین خەڵاتی بۆ شیعرەکانی وەرگرتووە و هەروەها کتێبەکانی بۆ زمانی عەرەبی، فەڕەنسی و کوردی وەرگێڕدراون. “باڵندەی شاراوە”، “هیچ شتێک وەک مەرگ تازە نییە” و “قبووڵکردن” لە کتێبەکانی ئەون. – باڵندە

 

 

لەتەکانی تاریکی
گەرووس عەبدولمەلەکیان
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

 

بۆ کۆنەهاوڕێم، خالد الصباح
ئەو شیعرەی لە موصل تەواو بوو

 

لە سێبەری شتێکدا کە نییە
دانیشتووە و
شتێ کە نییە هەڵدەداتەوە

 

ئەو لەت لەت لە خەو هەڵدەستێ و
لەت لەت ملی ڕێ دەگرێ و
لەتە زۆرەکانی ئەو، مەرگیان جاڕز کردووە

 

ئەنگوستی ئاماژەی بە ئاسماندا کە ڕادەبوورێ
ڕوخسەت وەردەگرێ
لێی دەپرسێ:
زەردەپەڕ، جگە لە خەمناککردن
بە کاری چیی دێ؟
-ئادی!
پرسیارێ کە وەڵامە
تا هەمیشە زیندوو دەمێنێ
کەواتە وازی لێ بێنە، بهێڵە بڕوا!

 

شێتە ئەو
کە هەر جارێ کە دەدوێ
دیوار لە لایەکەی تری دەڕوانێ

 

شێتە ئەو
کە هێشتا پەرە بە هەڵکەندنی شەو دەدا و
لەتەکانی تاریکی
لەبن تەختدا دەشارێتەوە

 

شێتە ئەو کە گوتبووی دەڕوا
بەڵام ڕۆیشت
گوتبووی دەمێنێتەوە
بەڵام مایەوە
گوتبووی پێدەکەنێ
بەڵام پێکەنی

 

شێتە ئەو
کە بێخەمە لە ڕۆیشتن و و مانەوە و پێکەنین و
بیر لە هەڵکەندنی مانای “بەڵام” دەکاتەوە

 

دەبێ شێت بێ
کە بە گوریسەوە
لە سپێدەیان بەستووەتەوە

 

شێتە ئەو
کە دوێنێ گولـلەبارانیان کردووە و
هێشتا بیر لە هەڵاتن دەکاتەوە