نەورەسێکی سپی لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا

عیسام ئەلتکرووری/شاعیری سووری

October 28, 2018

عیسام ئەلتەکرووری، لە نەوەی نوێی شاعیرانی سوورییە. ساڵی ١٩٨٦ لە دیمەشق لە دایک بووە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

نەورەسێکی سپی لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا
عیسام ئەلتەکرووری
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

 

 

کە جەنگ تەواو دەبێت

بانگت دەکەمە ژوورەکەم…

لەو ئێوارەیەدا

لەژێر ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا

دەسماڵە حەریرەکەت لەسەر لا دەبەم

بە دڵێکی پڕ لە سۆزەوە

بە دەموچاوی بەرەو-فوارەکان-ڕۆیشتووتدا دەیهێنم

پڕ بە سییەکانم هەڵی دەمژم

دواتر دەتگرمە باوەش و

لەسەر قەنەفەی نزیک پەنجەرەکە

پاڵت دەخەم

بە دزییەوە بە گوێتدا دەچرپێنم:

”سەیرکە… نەورەسێکی سپی لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا!”

 

 

کە جەنگ تەواو دەبێت

کووپێک کاپەچینۆی شیکت پێشکەش دەکەم

دەربارەی قاوەی سەربازە قوڕاوییەکان

کاتێک لە ناوبڕی نێوان بۆردومانە جەهەننەمییەکەدا دەیانخواردەوە

قسەت بۆ دەکەم

دوای ئەوەیش، ناوی عاشقەکانیانت

کە لەودیوی ڕووبارەکانەوەن

پێ دەڵێم

ئەو ساتەیش کە جیڕەی ددانەکانت وڕم دەکات

پێت دەڵێم سێ سەربازی کەتیبەکەمان

نامەیان بۆ هەمان کێژۆڵە دەنارد:

هێلین…

بلیتفرۆشی وێستگەکانی قیتار

 

 

هێلین…

ئێستا تۆ چەند دووریت

دووریت… وەک نەورەسێکی سپی لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا

 

 

کە جەنگ تەواو دەبێت

پێت دەڵێم ”خۆشم دەوێی”

دەیڵێم…

بە دەمێک کە ئیتر پڕی لم نییە

بە چاوانێک کە کەمتر سوورن

بە ڕیشێکی تاشراوەوە…

دەیڵێم…

 

 

بە دوو دەستی خاڵی لە بۆنی بارووت

دەیڵێم…

بە سنگێک کە بۆنی عەتر دەپژێنێت

دەیڵێم…

سنگێک کە تامەزرۆی لێوەکانتە

بەری بکەون

هێواش و

بە حەزەرەوە

ڕێک وەک ئەو کاتەی پەنجەکانی سەربازێک

مینێک پووچەڵ دەکەنەوە

بەڵام… دەترسم دوایی

کات فەرامۆشم بکات

کە نەتوانم ئاگادارت بکەم

لەوێیە…

لە سەرووی سنگ

لای چەپەوە…

کونێک هەیە

تەنیا کونێک

قووڵ، وەک چاوەکانت

قوڕاوی، وەک قاوەی سەربازەکان

خوێن-لێ-چۆڕاوە

خوێن-لێ-چۆڕاوە…

تەنیایە

تەنیایە…

وەک نەورەسێکی سوور لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا