قەسیدەی درێژ

February 23, 2020

یووسف ئەلخال شاعیری سووری-لوبنانی، ساڵی ١٩١٧ لە خێزانێکی مەسیحیی سووریا لە دایک بووە و لە تەرابلووسی لوبنان گەورە بووە. ساڵی ١٩٨٧ کۆچی دواییی کردووە. وەرگێڕانەکانی لە شیعرەکانی ئەزرا پاوەند، ڕۆبێرت فرۆست، ئەلیۆت و کارڵ ساندبێرگ بەناوبانگن. لێرەدا شیعرێکی ئەو دەخوێننەوە، کە هەر لە ناونیشانەکەیەوە دەیەوێت شتێکی تازە بڵێت.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

قەسیدەی درێژ
یووسف ئەلخال
وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

 

 

I

سەروەرێک نابینم لەنێو کۆمەڵ. پەڵکێک(١) لەنجە دەکا لە دەریاچەکەدا و دیار نییە هیچ هەڵۆیەک لە ئاسۆوە. ئاوەکان مەنگ و کەنارەکان نزیکتر لە سەری لووت. هەوا قورس. ڕووناکی قورس. چوارپێ دەدوێت، بێ هیچ سەرسامییەک. نابینا دەبینێت، بێ هیچ سەرسامییەک. مردوو هەڵدەستێتەوە، بێ هیچ سەرسامییەک. سەرسامی ژمارەیەکە لە ئامێردا، ئاسمانیش لە نادیارییەکاندا مایەوە.

خامۆش بووم و من دەدوام. ژن لە تەنیشتم جبەیەکە بێبەر.

قوم لە جام دەدەم و جامەکە بەتاڵە. بزە دەکەم و زارم بێلێوە. کێڵگەیەک درەو دەکەم لە تاریکیدا تۆوم کردووە.

من شەوم و دزوجەردان چاولەڕێمن.

 

 

II

لەسەر شۆستەکە شووشەیەک دەنێژم و وای دادەنێم ژنێکە. نەختێک، نەختێک گەرمی. جەستەم ساردە وەک نەفرەت.

هەزار ساڵە و من قات(٢) دەجووم. هەزار ساڵە و من سوار ئەسپێکی مردوو دەبم. هەزار ساڵە و من بێڕووخسارم. دەمامکم لەوحێکە لەسەر گۆڕێک.

ئەمڕۆ من گەشتیارێکم بێشووناس. سامانەکەم قەڵبە و سەرم بێموو.

قافڵەم قامیشێک، کە تێیدا با دەفیشکێنێ.

 

 

III

لەسەر کەناراوی لوبنان وەستام و هاوارم کرد: تا کەی دەبێت بمرم و نەمرم؟ تا کەی چاولەڕێی کەسێک بم کە ماڵئاواییی لێ کردم و گوتی: دەگەڕێمەوە؟ تا کەی بڕۆمە پێشوازی داکشان و بە کاتی هەڵکشانی دەریا لە کەناراو دابنیشم و بگریم؟

دەمەوێت بمرم: بمچێنە ئەی با.

گەڕانەوەی دڵدارەکەمم دەوێت: ڕەحمم پێ بکە ئەی شەپۆل.

گیای وشکانی بێ بخور نزا دەکەن. خاچێک نییە لە پەرستگەدا. وێنەیەک نییە لەسەر دیوار. دەرکەکان کراوە و کەسێک نییە بێتە ژوورەوە.

پاداشتم دەوە، ئەی نادیار.

گورگ دەخوا و من برسی دەمێنمەوە. دیوار هەڵدەستێ و من دادەنیشم. بەرد خەروارێکە لە شەهوەت و بڵێسە، منیش پارچەگەلی سەهۆڵ لە پیاڵەیەک مەیدا.

ئەی کەیفسازی ئاماژە بکە. منداڵەکەت پێدەکەنێ لەسەر گیا. پیاوەکەی تۆ سەر دەکەوێ لە با و هەڵدێ. کات دادەنیشێ وەک کەنەفتێک لە خۆرەتاوی پاییزدا.

من شەکەتم، لە چی بترسم؟ من نەمرم، چۆن دەتەوێت پەیڕەویت بکەم؟

ئاخ، ئەوەی دەممرێنێت بۆ ئەوەی زیندوو ببمەوە.

تەوێڵی ئەسپەکەم مشتێک بایە. سمەکانی، ڕووبارگەلێک لە خەوندا.

پەیکەری، ڕووناکییەک لە ئاقاری شار.

 

 

IV

چاوم دەبەستم و شەلوگێڕ ڕێ دەکەم بە زەویدا. بۆ پیاوەهاوسێکەم دیوارێکم لە دووکەڵ. بۆ ژنەهاوسێ مشتێک لە بەرد. بۆ بێگانەکەی نێوانمان باڵایەک لە قامیش. 

بە هاتنی سپێدە، فەرمانەکانی خۆم پشتگوێ ناخەم. سەفەری خۆم ناگەیەنمە کۆتایی بۆ مەلەکووتی مەرگ.
لە ئەستێرکی بۆگەناودا ڕووخساری خۆم هەجوو دەکەم وەک حوتەیئە.(٣) لەنێو کۆمەڵیشدا دەمامکی خۆم لا دەدەم وەک حەججاج.(٤)

من مەتەڵم. وەک ئەستێرە دەکەوم، وەک باڵەکانی باڵندەش بەرز دەبمەوە.

تف لە ڕووخسارم کە، ئەی ئامۆژگار. پێخەفت زارێکە بێددان.

 

 

V
ئەم ڕاکەرەی سەر لم، تەنگەنەفەس لە پەراوێزی کتێباندا، کێیە؟ ئەم شوفێرە نابینایە کێیە؟

سپی گڕ دەگرێت. ڕەش دەبێتە مەمکێک. ئەو درەختەی لە سێبەرەکەیدا پەروەردە بووم، وشک دەبێت. قەوانەکە دەخولێتەوە و بۆ بیستن گوێیەک نییە. تەمەن لە سێبەردا خێمەی هەڵداوە، ڕانی ژنیش بە دوو فلسە.

کێوەکان جێگۆڕکێ دەکەن ڕۆژانە، ئیمانێکیش نییە لە ماڵەکاندا. کۆن بارێکە بەسەر نوێوە، نوێش مەمکێکە نەگەییوە هێشتا.

 

 

VI

چاوانم لە ئاسۆن و نێوچەوانم لە تاریکیدا کڕنووشی بردووە.

ئەوەی خۆشم دەوێت، سەفەری کرد و نەگەڕایەوە. لە دەستپێکی بەهارەوە چاولەڕێم و دەگریم.

هەورە و چارۆگەیەک نییە. ئاوهەڵکشان بەتاڵە، تەنانەت لە لم. ئاوداکشان مشتێکی ڕژدە، تۆڕەکانیش لەپی دەستێکن بزمارڕێژکراو بە ڕووی بادا.

لە زارمدا گوژاڵک و لانەی زەردەواڵە.

گوێم بۆ ڕادێرە: دایکم نەزۆکە، باوکیشم کاهینێک لە پەرستگە. شێت منم و سەمەرەخولقێن. خوای من خەبەرم لێ دەدا، جەستەی من خەبەرم لێ دەدا. برینەکانی تەڕوتازەن هێشتا.

سا ئەوەتا دەستفرۆشان کە فەزای پەرستگەیان پڕ کردووە. ژنەکەم، تەنانەت ژنەکەیشم، منی بەجێ هێشت.

 

 

VII

گەردنم دارینە، سەرم گۆیەک وشکەگیا لەسەر باڵایەک لە کاغەزی ڕۆژنامەکان.

لێی دە، من بابلیم. باخەکانم هەڵواسراو بە هاتوهاواری شەقامەوە.

نێوان من و ئاسمان تاڵەموویەکە لە زەمەن. سەگەکانم دەحەپن لە ماڵەوە، ئێسکیش نییە لە گۆڕی مردووەکاندا.

مەگەزەکانیش چاو دەخۆن لە شاری پەروەردگاردا.

لێی دە، دوودڵ مەبە. لەسەر گردەکە دوو جار ماچت کردم، گیرفانیشت پڕ لە زیو.

گۆڕ قووڵە ئەم جارە، هەڵناستمەوە. ماڵباتم سەرتر چوون لە ترۆپکانی فەزا، چۆن بێنە خوارێ بۆ نشێوانی زەمین. بۆنی پێستیان لووت پڕ دەکات و هیچ ڕێبوارێک نییە لە ڕووناکیدا.

لێی دە. لەسەر بەرد دانانیشم. گەردنم بێڕەگە و قامەتم گۆچانێکە وەلاخراو.

 

 

VIII

سەما مەکەن لەسەر گۆڕم. من نەمردووم هێشتا. لە بەربەیانەوە ڕوو وەردەگێڕم، سەروەرێک نابینم لەنێو کۆمەڵ.

مشکان سەربازانن لە وڵاتی پاشادا. چەکەکانیان پێگەلێک نوقمی پێخەفێک لە قوڕولیتە.

هیی کێیە چاوانی فستقی. هیی کێیە تەمبەڵیی سمتەکان. هیی کێیە ورگی پڕجموجۆڵ و مەستی وەک قامیش لەنێو با.

من بێشەی ناسکم، وا دەڵێت ترسنۆک. شەقی ڕێگا منم، وا دەڵێت کەنەفتێک.

پەیڤەکانم وشکهەڵگەڕاو وەک خەڵووز، ڕەشداگەڕاو وەک گالیسکەی مردووان. ماریفەیەک کە بۆ خەڵکیم دزی، لەگەڵ من دەکەو‌ێتە نێو دۆزەخ.

 

 

IX

بۆ زەلیلان ئەم میوە-کەوتووە. بۆ شەکەتان ئەم خاکە-ساختەیە.

لە ئاستانەی کوێراندا پەنجەکانمان دەژمێرین. لە بەرامبەر سوڵتاندا بێدەنگ دەبین وەک فەرشەکان.

هەڵۆکان هێلانەکانیان چێ دەکەن لە لمدا و قەدیسان لە قوڕولیتەدا دوعا دەکەن.

بەرزی کەنەوە کڵاوەکانتان، ئەی بێکاران.

پەیکەر لە ناوەندی ڕێ ڕەق ڕاوەستاوە، پەخشی دەکا برینەکانی بە ڕووی خۆردا. پەیکەر خەڕتوومەکەی درێژ دەکات بۆ نێوانمان، دەیجووڵێنێت زمانی کوشتن، هەڵی گرتووە بۆنی جەنگەڵان و بە بای شووم گۆ دەکا.

پەیکەر لە ماڵەکاندایە، خۆڵەمێش نییە لە ئاگردانەکاندا.

ئەو سیانەیەش(٥) کە ترسی خستە دڵتانەوە بوو بە یەکێ. نانی؛ بەردە و شەرابی؛ دڵۆپانی گەڕیپەڕێن.

فلسی بێوەژن پارەیەکە قەڵب. مەرگیش مشتێکە بەتاڵ.

 

 

X

بۆ عەبدنائیلـی دەگێڕمەوە حەکایەتی خۆم. بۆ کۆیلەکان و کەنیزەکانی، ئەم سروودە، تێپەڕە.

ڕۆژانی دوایی لە ئاستانەدان. سەعاتەکانی لە سەری پەنجەکاندان.

شکست بەیداخێکە هەڵکراو، ژانەکانی زاوزێش دەریاگەلێک گڕ دەگرن.

نیشانەیەکمان پێ بدە، ئەی پەروەردگار.

 

 

پەراوێز:

(١)بجعة: پەڵک، باڵندەیەکی ئاوییە.

(٢)قات/خات: جۆرەگیایەکی هۆشبەرە.

(٣)حطیئە: شاعیری هەجووبێژی دەورەی جاهیلی و ئیسلام.

(٤)حجاج: والیی عێراق و شام لە سەردەمی بەنی ئومەییە. خوێنڕێژ بوو.

(٥)سیانە، سێیەک، سێباوەڕی، سیانەیی پیرۆز (Trinity): بریتییە لەوەی؛ لە باوەڕی مەسیحییەکاندا خودا وەکوو سێ دانە کەسی پیرۆز پێناسە دەکرێت کە بریتین لە خودای باوک، خودای کوڕ (یەسووعی مەسیح) و ڕۆحی پیرۆز. ئەم سیانە لە کەسایەتیدا جیاوازن و بەڵام پێکەوە یەکن و لە یەکێتیدا پێکەوەن و ھەر یەکەشیان وەکوو یەک یەکسان و ھاوجەوھەرن. بە جۆرێکی تر، ھەرسێ کەسایەتییەکەی سیانەیی پیرۆز لە یەک شتن. ئەم باسە یەکێکە لە باسە ئاڵۆزەکانی نێو مەسیحییەت.

 

 

 

بۆ وەرگێڕانی ئەم شیعرە، لە فارسییەوە و پاشان بەراوردکردنی (وشە بە وشە)ـی بە عەرەبی، بە پرسوڕاوێژ لەگەڵ هەریەک لە هاوڕێیانم بڕیار محەمەد تاهیر، ڕەند کوردی، عەباس بۆسکانی و شادان، سوپاسگوزاری هەر یەک لەو ناوانەم کە ئاماژەم پێ کردن. من خۆم بڕوایەکی ئەوتۆم بە وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە نییە و هەمیشەش گوتوومە تا جێیەک بکرێت دەبێ ئەدەبیاتی جیهان لە زمانی یەکەمەوە وەربگێڕین، بەڵام سەبارەت بەم شیعرە، کە ساڵانێک بوو شیعرێک ئاوەها نەیوەستاندبووم، گوناحبار من نەبووم، شیعرەکە خۆی بوو. ئاوهاش داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام شیعرێکە بۆ سەر میراتی شیعریمان، هەتا بڵێی قووڵ و بەهادار و شایەن بە شانازی، کە دەقێکی وەها نووسراوە. – شاڵاو حەبیبە

یووسف ئەلخال/شاعیری لوبنانی