چەند پەیڤێک بۆ خولیا

خۆسێ و خولیا

December 19, 2020

خۆسێ ئاگوستین گۆیتیسۆلۆ (José Agustín Goytisolo): نووسەر و وەرگێڕ و هۆزانڤانی ئیسپانی. ساڵی ١٩٢٨ لە بارسێلۆنا چاوی بە دنیا پشکوتووە. سەر بە نەوەی پەنجاکان (Generación del 50)ـی ئیسپانیایە. ئەم هۆنراوەیەی بەناوبانگترینە، بۆ خولیای کچی نووسیوە، سترانبێژی وەک پاکۆ ئیبانیێز و مێرسێدێس سۆسا چڕیوویانە. خۆسێ نزیکەی ٣٠ پەڕتووکی نووسیوە، کۆمەڵێک بەرهەمیشی لە کەتەلۆنی و ئیتاڵییەوە بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە. ساڵی ١٩٩٩، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا، خۆی کوشتووە. – وەرگێڕ

 

 

چەند پەیڤێک بۆ خولیا
خۆسێ ئاگوستین گۆیتیسۆلۆ
وەرگێڕانی لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

 

 

تۆ قەت ناتوانیت بگەڕێیتەوە
چونکە ژیان پاڵت پێوە دەنێتەوە
چەشنی لوورەیەکی نەبڕاوە

 

کیژۆڵەکەم، وا باشترە بۆت
بە دڵخۆشییەوە لەگەڵ پیاوێکدا بژییت
نەک لە بەردەم دیواری کەڕولاڵدا بگرییت

 

هەست بە دوورەپەرێزی دەکەیت
هەست بە ونبوون و تەنیایی دەکەیت
ڕەنگە هیوا بخوازیت لە دایک نەبوویتایە

 

سوور دەزانم پێیشت دەڵێن
ژیان پووچە
تفت و تاڵە

 

سا هەمیشە با لە بیرت بێت
ئەوەی ڕۆژێکیان بۆم نووسیت
بیرم لێ دەکردیتەوە
وەک چۆن ئێستا بیرت لێ دەکەمەوە…

 

ژیان جوانە و دەیشیبینیت
سەرەڕای ژان و ناسۆرەکانت
هاوڕێت دەبێت، خۆشەویستت دەبێت

 

ژن و پیاو کاتێک
تاقوتەنیان و لە یەک هەڵبڕاون
هەر وەک تەپوتۆزن، هیچ نین

 

بەڵام کە من بۆت دەدوێم
کە ئەم پەیڤانەت بۆ دەهۆنمەوە
بیر لە خەڵکی تریش دەکەمەوە

 

چارەنووست گرێدراوی ئەوانی ترە
داهاتووت ژینی خۆتە
شکۆت لای هەمووانە

 

ئەوانی دی چاوەڕوانن بەرگە بگریت
بە دڵخۆشییەکەت یارمەتییان بدەیت
سترانەکەیشت ئاوێتەی سترانەکەیان بکەیت
سا هەمیشە با لە بیرت بێت
ئەوەی ڕۆژێکیان بۆم نووسیت
بیرم لێ دەکردیتەوە
وەک چۆن ئێستا بیرت لێ دەکەمەوە…

 

قەت ڕادەست مەبە و خۆت دامەبڕێنە
قەت لە قەراغی ڕێگەدا مەبێژە
چیدی ناتوانم و لێرەدا دەمێنمەوە

 

ژیان جوانە و دەیشیبینیت
سەرەڕای ژان و ناسۆرەکانت
هاوڕێت دەبێت، خۆشەویستت دەبێت

 

لەوە بترازێ بژاردەی دی نییە
و ئەم جیهانە بەو شێوازەی هەیە
تێکڕای دەبێتە میراتییت

 

لێم ببوورە نازانم چیی ترت
پێ بڵێم، بەڵام خۆت تێدەگەیت
کە من هێشتا هەر بە ڕێوەم

 

سا هەمیشە و هەمیشە با لە بیرت بێت
ئەوەی ڕۆژێکیان بۆم نووسیت
بیرم لێ دەکردیتەوە وەک چۆن ئێستا بیرت لێ دەکەمەوە…

 

 

 

سەرچاوە:
Palabras para Julia, Palabras para Julia y otros poemas, José Agustín Goytisolo, Plaza & Janés, 1997 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)