سەگە ڕۆمانسییەکان

ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ

ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ/ چیلی

June 12, 2022

ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و شاعیر و وتارنووسێکی ناوداری ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٩٥٣، لە سانتیاگۆی پایتەختی چیلی هاتووەتە دنیاوە. منداڵیی لە شاری لۆس ئانخێلێس، ڤالپاراییسۆ، کیلپێ، ڤینییا دێل مار و کاوکێنێس بەسەر بردووە. یەکەمین کاری لە ١٠ ساڵیدا کردووە، ئەویش فرۆشتنی بلیتی پاس بووە. لە تافی لاویدا، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو شاری مەکسیک کۆچی کردووە؛ هەر زوو وازی لە خوێندن هێناوە و ڕێچکەی ڕۆژنامەنووسیی گرتووە. ساڵی ١٩٧٣، بۆ بەشداری لە شۆڕشی وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە چیلی بەڵام بە تۆمەتی تیرۆریستی خراوەتە زیندانەوە. ٨ ڕۆژ دەستبەسەر بووە و پاشان بە یارمەتیی دوو هاوڕێی بەرەو مەکسیک هەڵهاتووە. ساڵی ١٩٧٧ چووەتە ئیسپانیا، لە  بارسێلۆنا نیشتەجێ بووە و هاوسەرگیریی کردووە، لەوێ وەک قاپشۆر و پاسەوانی کەمپ و خزمەتکاری هۆتێل و کەناس کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠٣، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا، لە شاری بارسێلۆنا دواکۆچی کردووە. گەرچی بۆلانیۆ پتر وەک ڕۆماننووس ناسراوە، بەڵام خاوەنی شیعریشە، لەوانە: داڕشتنەوەی ئەڤین (١٩٧٦)، سەگە ڕۆمانسییەکان (١٩٩٣)، دوادڕندە (١٩٩٥)، سێ (٢٠٠٠).

 

 

سەگە ڕۆمانسییەکان
ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ
لە ئیسپانییەوە ژیار هۆمەر

 

 

 

ئەو کاتە تەمەنم بیست ساڵ بوو،
شێت بووم.
وڵاتێکم دۆڕاندبوو
بەڵام خەونێکم بردبووەوە.
هەر ئەو خەونەم هەبووایە
گوێم بە هیچی تر نەدەدا.
نە کاروبار، نە نزا،
نە خوێندنی بەرەبەیان
لە تەنیشت سەگە ڕۆمانسییەکان.
خەونەکەیش کەلێنی ڕۆحمی تەنیبووەوە.
ژوورێکی دار،
نسرمی،
لە سییەکی هێڵی کەمەرەیی.
جاروباریش دەگەڕامەوە ناو خۆم
و دەبوومە میوانی خەونەکە: نەمرەپەیکەرێک
لە  لرفەی تێڕامانەکاندا،
کرمۆڵەیەکی سپیی گرمۆڵە
لە ئەڤیندا.
ئەڤینێکی هەوسارپساو.
خەونی ناو خەونێکی دیکە.
مۆتەکەیش پێی دەگوتم: گەورە دەبیت.
وێنەی سوێ و تووناوتوون لە پاش خۆت جێ دەهێڵیت،
لە بیریشت دەچێتەوە.
بەڵام ئەو کاتە گەورەبوون تاوان بوو.
گوتم من لێرەم، لای سەگە ڕۆمانسییەکانم،
هەر لێرەیش دەمێنمەوە.