گفتوگۆی تەلەفۆنیی خەڵاتی نوبێل لەگەڵ لوییز گلووک

لوییز گلووک وەک شاعیرێک نوبێلی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا

October 8, 2020

وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

لوییز گلووک، شاعیری براوەی ٢٠٢٠ـی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات، بەرەبەیان لە کاتێکدا خۆی بۆ قاوەی بەیانی حازر دەکرد، بەم جۆرە بۆ ڕۆژنامەنووسەکە دەدوێت.

 

 

*دەتوانم بپرسم خەڵاتی نوبێل بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟

لوییز گلووک: نازانم. لە سەرەتا وا بیرم دەکردەوە “من هیچ هاوڕێیەکم نابێت”، چونکە زۆرینەی هاوڕێکانم نووسەرن. بەڵام پاشان بیرم کردەوە “نا ئەمە ڕوو نادات.” ئەمە زۆر تازەیە… بەڕاستی نازانم چی دەگەیەنێت… شانازییەکی مەزنە. براوەگەلێک هەن مایەی پەسەندی من نین، بەڵام هێندێک جێی ڕەزامەندیی منن و بەم ئەخیرانە خەڵاتەکەیان وەرگرتووە.

پێم وایە دەمویست خانوویەکی تازە بکڕم، خانوویەک لە وێرمۆنت. من ئەپارتمانێکم لە کەمبریج هەیە و پێم وایە “ئێستا دەتوانم خانوویەک بکڕم. بەڵام بەر لە هەر شتێک نیگەرانی پاراستنی ژیانی ڕۆژانەمم لەگەڵ کەسانێکدا کە خۆشیانم دەوێت.

 

*تێکڕای ئەم سەرنجانە دەکرێ ناپەسەند بن.

لوییز گلووک: تەلەفۆن بەردەوام زەنگ لێ دەدات و ئەمە پەرێشانکەرە. تەلەفۆنەکە ئێستایش وا زەنگ لێ دەدات.

 

*من بە تەواوی تێ دەگەم. بەڵێ. بۆ زۆرێک کە لەگەڵ بەرهەمەکانی ئێوەدا ئاشنا نین…

لوییز گلووک: زۆرێک!

 

*دەکرێت وەکوو دەستپێک کتێبێکیان بۆ پێشنیار بکەیت؟ بەرهەمێک کە بەرچاوتر بێت لە چاو ئەوانی تر؟

لوییز گلووک: شتێکی وا بوونی نییە، چونکە هەر یەک لە کتێبەکانم جیاوازن لەوی تر. پێشنیار دەکەم کتێبی یەکەمم نەخوێننەوە، مەگەر ئەوەی بیانەوێت هەستی شەرمەزارییان بۆ درووست ببێت. بەڵام پێم وایە هەر کتێبێک بەدەر لەوە گونجاوە. من بەرهەمەکانی دوایینمم خۆش دەوێن. پێم وایە “ئاڤێرنۆ” یان کتێبی ئاخرم “شەوی پاکداوێن و وەفادار” بۆ دەستپێک بەرهەمێکی باش بێت.

 

*بە بۆچوونی ئێوە ئەزموونی ژیان تا چەندێک لە شەرحی پێشهاتەکاندا بایەخی هەیە؟

لوییز گلووک: خوایە گیان. ئەمە مەسەلەیەکی گرنگە و لێرە بەیانیی زووە. هێشتا ماویەتی بۆ حەوتی بەیانی. دڵنیام بابەتگەلێک هەن کە بکرێ لە بارەیانەوە قسە بکرێ و من بۆچوونی خۆمم دەبێت. بەڵام…

 

*بەڵام زیاتر دەمویست دەربارەی داهاتووی ئەدەبیاتی ئێوە گفتوگۆ بکەین، کە لە دەرفەتێکی دیکەدا دەتوانین دەربارەی قسە بکەین.

لوییز گلووک: ئایا دوو خولەکەکەی کاتی چاوپێکەوتنەکە تەواو نەبوو؟

 

*بەڵێ. بە پێی پێویست ناڕاحەتم کردن. ببوورن. سوپاس بۆ ئێوە و پیرۆزباییتان لێ دەکەم.

لوییز گلووک: سوپاس.