بە درێژاییی شەو هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نییە

لوییز گلووک/شاعیری ئەمەریکی

October 8, 2020

ئەکادیمیای سوێدی بۆ خەڵاتی نوبێل “لوییز گلووک“ـی ئەمەریکیی وەک براوەی ٢٠٢٠ـی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات ناساند، لەبەر “دەنگێکی شاعیرانە، کە بێترس بە جوانییە سەختکۆشەکەی دەنگی تاکی، جیهانی کرد”. گلووک ٢٢ـی ئەپڕیڵی ١٩٤٣ لە نیو یۆرک لە دایک بووە. “سەرکەوتنی ئاشیل”، “زەنبەقی کێوی”، “شەوی داوێنپاک و وەفادار” لە کتێبەشیعرەکانی ئەون. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

بە درێژاییی شەو هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نییە
لوییز گلووک
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

(کلووەبەفر)

دەزانی من چی بووم؟ چۆن دەژیام؟
دەزانی نائومێدی چییە؟
ئێستا زستان دەبێ واتایەکی بۆت هەبێ.
چاوەڕێم نەدەکرد زیندوو بمێنمەوە
زەوی سەرکوتم دەکات.
چاوەڕێم نەدەکرد دیسان هەستمەوە
هەست دەکەم جەستەم جارێکی تر دەتوانێت
لە شێداریی زەویدا لە دایک ببێتەوە
چۆن پاش کاتێکی دوورودرێژ
لە ڕووناکاییی فێنکی بەهارێکی زوودا
دووبارە دەست پێ بکاتەوە
هەراسان، بەڵێ، بەڵام لە نێوان ئێوە
لە بەرامبەر گریاندا
چێژی خۆخستنە نێو مەترسییەوە
لە شێوەی بایەکی بێئەزموون
لە دنیایەکی تازەوە
*

 

 

(کۆچی شەوانە)

ئێستایە کە دیسان دەتوانی بیبینی
شاتووە سوورەکان لە خۆڵەمێشیی کۆساردا و
کۆچی شەوانەی باڵندەکان
لە ڕەشاییی ئاسماندا.
خەمگینم دەکات ئەم خەیاڵە
ئەوانەی مردوون، نایبینن
ئەم شتە بچووکانەی
ئێمە بەستراوین بە یەکاویەکیانەوە.
ئەوان لێرە نین.
چۆن ئەهوەن ببێتەوە ڕۆح؟
بە خۆم دەڵێم
لەوانەیە ئیتر پێویست بەم خۆشییانە نەبێت
لەوانەیە تەنێ نەبوون، بە سادەیی بەس بێت
هەرچەند سەختە وێناکردنەکەی!
*

 

(پەپوولە)

بڕوانە، پەپوولەیەک!
ئارەزووت کرد؟
تا ئێستا بە پەپوولەکان ئارەزووت نەکردووە؟
ئەمە بکە!
ئارەزووت کرد؟
بەڵێ!
دنیایەک ئارەزووم کرد!
*

 

(باوەش)

ئەستێرەکان بە نەرمیی گوڵەکان و
نزیکیی گردەکان
کڵافەگەلێکی تێکچنراو لە سێبەر
لە گەڕاندا بە ئارامی
لێرە هیچ گەڵایەکی جیاکەوتوو نییە
یان دڕکێکی تەنیا.
هەموو شتێک تێک چڕژاوە تا ببێتە یەک
مانگەشەو هەوا شەق ناکات
تیشکی کەوەڕەنگ، بە خاوی دەخولێتەوە
تا دیسان ئەهوەن ببێتەوە.
بە درێژاییی شەو هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نییە
مەگەر لە باوەشی مندا!
*

 

(شیعری ئاشقانە)

هەمیشە وایە
کە شتێک خەم دەچنێت:
وەک چنراوەکانی دایکت
کە تێکڕای شاڵە سوورەکانی سێبەر هەڵدەگرێت
شاڵەکانی کریسمس کە تۆیان گەرم دەکردەوە.
هەرجارێ کە شووی کردبوو
تۆیشی لەگەڵ خۆی بردبوو.
کەواتە چۆن توانی
گشت ئەو ساڵانە دڵە بێوەکەی هەڵبگرێت
وەک بڵێی مردوویەک بژێتەوە
کە وا بوو سەیر نییە: تۆ هەر ئەوەی کە دەبێ بووبی
خانمەکەت بە خوێن هەراسان
چەشنی دیوارەخشتێک
لە پشت دیوارێکەوە.
*

 

یەکەمین یادەوەری

زۆر پێش ئێستا، بریندار كرام. ژیام
بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خۆم
له‌ باوكم بكه‌مه‌وه‌،
بۆ ئه‌وه‌ نا كه‌ ئه‌و چۆن بوو —
بۆ ئه‌وه‌ كه‌ من چۆن بووم: له‌ سه‌ره‌تای زه‌مه‌نه‌وه‌،
له‌ منداڵیمدا، بیرم كرده‌وه‌
ئه‌و ئازاره‌ هیی ئه‌وه‌یه‌
خۆش نه‌ویستراوم.

هیی ئه‌وه‌ بوو خۆشه‌ویستیم كرد.