کراسە شینە تەنیاکەت

ماری قوسەیفی/شاعیری لوبنانی

April 21, 2018

ماری  قوسەیفی، شاعیر و نووسەری لوبنانی، لە ساڵی 1960ـدا لە ناوچەی ڕیحانەی بەیرووت لە دایک بووە. زیاتر لە بیستوپێنج ساڵ لە بواری فێرکردندا وەک مامۆستا کاری کردووە. نووسینی لە زوربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە لوبنانی و عەرەبییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. هەشت کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. – باڵندە

 

 

کراسە شینە تەنیاکەت
ماری قوسەیفی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نیگا عەزیز

 

 

تووڕەم
تەنانەت كراسە شینەكەتم
بە تەنیا
لەسەر تەنافەكە
بە بەر بارانەوە جێ هێشتووە

 

 

نهێنییە سامناکەکەت منم
تەنانەت لە خەونیشدا بە چرپە ناوم ناهێنیت،
کاتێ هاوڕێیەکانت پرسیاری منت لێ دەکەن
بڵێ هێشتا لە دایک نەبووە
کاتێ دێمە نێو خەیاڵتەوە دەرم بکە
کە جەستەت بانگم دەکات دارکاری بکە
ڕێگەم مەدە لە دڵتەوە بچمە سەرت
چونکە کە دەگەمە ئەوێ لە خانەکانی مێشکتدا دەمێنمەوە ناڕۆم
بمناسە و دەتناسم
بمناسە ئەوەندەی باوەڕ بهێنم کە ناسیتم ئیتر بێدەنگی ناناسیت
دەتناسم هەر هێندەی کە بڕوا بکەم هەر کاتێک هێشتم بمناسیت
بێدەنگیت لێ حەرام دەکەم
خۆت ڕزگار بکە لە من
نەک لەبەر ئەوەی من
ژنێکی زۆر جوان و زیرەک و ورووژێنەرم
بەڵکو لەبەر ئەوەی بە ڕادەیەک خۆشم دەوێیت
حەز دەکەم وەک ئامرازی ناساندن پێتەوە بلکێم
تا ببیت بە پیاوە عاشقەکە، جوانەکە و شاعیرەکە
ئیتر نەناسراو نابیت
بە پەنهانی نامێنیتەوە
ئیتر هەر ئەو کوڕە نیت کە دایکت تۆی بوو
نهێنییە تەنیاکەت منم
هیچکەس نییە بێ نهێنی