خۆشاردنەوەی شیعر

ڕەوا هەژار/نووسەر و وەرگێڕ

May 21, 2020

ڕەوا هەژار ساڵی ١٩٨٨ لە سلێمانی لە دایک بووە. لە مێردمنداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان ڕوو دەکاتە بەریتانیا و لەوێ دەژی. فیزیای خوێندووە. بە سەرنجدان و خوێندنەوەی کتێبەکانی هەژار و شوکور مستەفا کوردییەکەی باش کردووە. جارجار شیعر وەردەگێڕێت و زیاتر حەزی لە زانستە. ئەمە یەکەم جارە شیعر بڵاو دەکاتەوە. شیعرەکەی دەربارەی شیعر خۆیەتی. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

خۆشاردنەوەی شیعر
ڕەوا هەژار

 

شیعرێک بۆ شاڵاو حەبیبە

 

 

 

شیعر کە ئێمە خۆشمان دەوێت

پێشبڕکێیەکی نەبڕاوەی هەریەکەمانە لەناو زماندا 

کەچی شیعر لەولای وشەوەیە

وەکوو خۆدووبارەکردنەوە نا، بەڵکە وەکوو ڕاستییەک پێت دەڵێم کە

شیعر خۆشاردنەوەی زمانە لەناو زماندا لەناو زماندا

 

زمان کە ئێمە خۆشمان دەوێت

لەو ڕووبارە پیرە دەچێت کە ناوبەناوێک لافاوێک ئاراستەکەی دەگۆڕێت

شیعر ئاراستەکەی دەگۆڕێت

کەچی شیعر لەولای زمانەوەیە

وەکو خۆدووبارەکردنەوە نا، بەڵکە وەکوو ڕاستییەک پێت دەڵێم کە

شیعر خۆشاردنەوەی زمانە لەناو زماندا لەناو زماندا

 

ژیان کە ئێمە خۆشمان دەوێت

لە لەرزینی ئاگری مۆمێکی بەر شنەبا دەچێت کە ناوبەناوێک سروەیەک هێمنی دەکاتەوە

پەیڤەکان سروەی زمانن

کەچی شیعر لەولای پەیڤەکانەوەیە

وەکوو ڕاستییەک پێت دەڵێم کە

شیعر خۆشاردنەوەی زمانە لەناو زماندا لەناو زماندا

 

خودا کە ئێمە خۆشمان دەوێت

لەو سێوە دەچێت کە بە داری زمانەوە پێگەییوە و ناوبەناوێک زمانناسێک بە قەپاڵ دەیخوات و ناوکەکەی تف دەکاتەوە

زمان دارێکی هەمیشەسەوزە

کەچی شیعر لەولای هەمیشەیییەوەیە

شیعر خۆشاردنەوەی زمانە لەناو زماندا لەناو زماندا

 

عەقڵ کە ئێمە خۆشمان دەوێت

لەو دادوەرە دەچێت کە دڵنیاییی لێ سەنراوەتەوە و هیچی بۆ ناسەلمێنرێت

عەقڵ جوانترین نادڵنیایییە

کەچی شیعر لەولای نادڵنیایییەکانەوەیە

داخۆ شیعر خۆشاردنەوەی زمانە لەناو زماندا لەناو زماندا؟

 

 

 

(شاڵاو حەبیبە(دەستەڕاست)/ڕەوا هەژار(دەستەچەپ