وێرانەی مرۆڤی وێران

سابیر هاکا/شاعیری ئێرانی

August 9, 2019

سابیر هاکا،(هاکا بە واتای کتوپڕ) زۆر گرنگی بە ساڵی لەدایکبوون و مەرگی نووسەران نادات، زیاتر دەیەوێت بزانێت ئەوان چۆن بوونەتە نووسەر. شاعیرێکی ئێرانییە. بە شاعیری کرێکاران ناسراوە و خۆیشی لەسەر باڵاخانە بەرزەکان کرێکاریی کردووە. هەر بەو شیعرانەیشی ناسراوە کە لەو بوارەدا نووسیونی، بەڵام لێرەدا شیعرێکی لە دوایین کتێبییەوە بڵاو دەکەینەوە، کە ویستوویەتی دنیاکەی پێشووی بەجێ بهێڵێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

وێرانەی مرۆڤی وێران
سابیر هاکا
وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

 

 

 

چۆن دەکرێ متمانە بە دەستگەلێک بکەیت

کە دەزانی

دەستی دیکەیان بەجێ هێشتووە

چۆن دەکرێ ورد بیتەوە

لە شێداریی خەونی لێوانێک

کە دەزانی لێوی دیکەیان ماچ کردووە

لە پاتبوونەوەیەکی بەردەوامدا

بۆچی دەبێت بەم جۆرە دوورەباوەڕ

مرۆڤێکت خۆش گەرەک بێت

کە بەجێماوی ئەڤینێکی دیکەیە

هەر مرۆڤێک بەجێماوی مرۆڤێکی دیکەیە

کە نییە

چەند نامۆن بە یەکتر

لافاوی دەستانێک کە ڕەوەندەی شەقامن و

زەینیان

بەتاڵ لە حەقیقەتی گەرمی هەر لاواندنەوەیەکە

چەند ساردوسڕ بە تەنیشت یەکدا تێدەپەڕن

لەم ساتەدا

پاشماوەی دەستانێک کە لە نێوان ئێمە و زەمەندا تێپەڕیون

بە ڕووخسارگەلی ڕمووزنبووەوە

چەند ترسناکە

ڕووتیی هەمیشەیییان

نائارامی

بێڕەحمی

بێتاوانی و

ترسی نەبڕاوەیان

چەند ترسناکە

دەنگی-بێدەنگیی-دەستەکان-بیستن

ئاخۆ شتێک لە جیهاندا ماوە

دەستەکان

خیانەت و دەستدرێژییان لێ نەکردبێت؟

چەندێک زەمەن خەمگینە

لێرە

لە بەرامبەر مندا

 

 

گشت شتێکی جیهان لەگەڵ تۆدا دابەش دەکەم

چەشنی وێڵگەڕەکان

کە شەو لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن

جێی بەتاڵت

ئاوێتەیەکە لە ئاهەک و ئاو

نیازمەندی تۆم

بە هێندەی پاشماوەی ئەڤینێکی تر

هێندە کە بتوانم بەرگەی خۆم بگرم

کەمتر نا، زیاتر نا

هەروەک ئاوێکی ڕژاو کە خاک

ڕۆی دەچێنێتە خۆیەوە

ڕۆی چواندووم جوانییەکەت

وەها نوقمی تۆم

بەکاوەخۆ بە تەنیشت مەرگدا تێدەپەڕم

مەرگ هەر ئەمەیە

خۆلەبیرکردن

لە فراوانیی دەبێیەکان و نابێیەکاندا

 

 

سەرنج: ناونیشانی شیعرەکە هەڵبژاردە و نزیککاریی وەرگێڕە بۆ (خردەریزهای انسان خردشدە)، کە دەشێ بە جۆری تر و نزیکتریش وەربگێڕدرێت.

 

 

سەرچاوە: خردەریزهای انسان خردشدە (ص ١٨-٢١) کتاب: دلهرەی مدام گریختن. سابیر هاکا. نشر چشمە، ١٣٩٦