شەوانی عێراقی

دونیا میخائیل/شاعیری عێراقی

April 5, 2018

دونیا میخائیل، شاعیر و نووسەری ئاشووریی عێراقی، لە ساڵی ١٩٦٥ـدا لە بەغداد لە دایک بووە. کۆلێژی ئاداب- بەشی ئینگلیزیی لە بەغداد تەواو کردووە و ماجیستێریشی لە ئەدەبی ڕۆژھەڵاتی لە زانکۆی (وێن سیت) بە دەست ھێناوە. خەڵاتی مافی مرۆڤی بۆ ئازادی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێ بەخشراوە. لە ویلایەتی میشگان لە ئەمەریکا دەژی. لە نێوان زیاتر لە حەوتسەد شاعیر و ھونەرمەندیشدا، دونیا خەڵاتی کریسکی بۆ ئەدەب و ھونەر لە دیترویت وەرگرتووە، کە بە یەکێک لە خەڵاتە گرنگەکانی ئەمەریکا دادەنرێت. یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانیشی (شەوانی عێراقی)یە، کە لە ساڵی ۲۰۱۳ـدا بڵاوی کردووەتەوە و لە ساڵی ۲۰۱٤ـدا (کەریم جەیمس ئەبوو زەید) وەری گێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. دونیا لە بارەی شیعرەوە دەڵێ: «ئەستەمە بۆم بە تەواوی بزانم شیعر چییە، بەڵام نزیک وەک گیانم لێمەوە دەیناسم، ھاوڕێیەکە ھەمیشە بیری دەکەم، خانوویەکە پەنای بۆ دەبەم و گرنگی بە ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوەی دەدەم. فۆڕمەکەیشی، وەک ئەمیبا وایە، فۆڕمێکی دیاریکراوی نییە. ھەموو شتێک دەشێت ببێتە کەرەستەی شیعری، بە ھەبوونی لێهاتوویی. شیعرەکانم جاڕی گۆڕینی دونیا نادەن، خەون بە وەفاوە نابینن، ناوی گرووپێک گۆ ناکەن، کار لەسەر داھێنانی ڕستەی نامۆ و ئەو وشانەی ئەستەمن بۆ تێگەیشتن، ناکەن. قەسیدەکانم بە لێبووردەیییەکی ئاگامەندانەوە کار دەکەن، بە پشتبەستن بە بیرۆکە نەک ئایدیۆلۆژیا... لە ھەموو دۆخێکدا قەسیدەکانم دەیانەوێت لە گەرمترین دۆخی ناوەکی و شڵەژاندا “سارد” بن وەک ھەناوی ماسییەک؛ چەند چرکەیەک بەر لە ڕاوکردنی. دواجار ھەموو قەسیدەیەک ڕۆحێکی نوێیە، بۆ یەکەمین و دواھەمین جار ژیانی پێ دەبەخشین.»  ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شەوانی عێراقی
دونیا میخائیل
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەشید مەحموود

 

 

جێناوە سەربەخۆکان

وی یاریی شەمەندەفەر دەکات
وێ یاریی فیکەلێدان
ئەوان دەڕۆن
وی یاریی پەتپەتێن دەکات
وێ یاریی درەختەکان
ئەوان جۆلانێ دەکەن
وی یاریی خەون دەکات
وێ یاریی پەڕ
ئەوان دەفڕن
وی یاریی سەرکردەکان دەکات
وێ یاریی گەل
ئەوان جەنگ هەڵدەگیرسێنن

 

سەرنج: لە دەقە عەرەبییەکەدا (هی، هو) بەکار هاتووە، لێرەدا (وی)مان لە بری ئەو-بۆ-کوڕ بە کار هێناوە و (وێ)مان لە بری ئەو-بۆ-کچ داناوە.

 

بابا نوئێل

بە ڕیشە درێژە جەنگئاساکەیەوە
بە جلی سووری وەک مێژوو
بابا نوئێل بە پێکەنینەوە وەستا
گوتی داوای شتێک بکە
تۆ کچێکی باشیت، گوتی
بۆیە شایەنی دیارییەکیت
دواتر شتێکی پێ دام لە شیعر دەچوو
… لەبەر ئەوەی ڕەتم کردەوە
دڵنەوایی کردم: مەترسە بچکۆڵانەکەم
من بابا نوئێلم
جوانییەکان بەسەر منداڵەکاندا دابەش دەکەم
نەتبینیوم پێشووتر؟
گوتم: بەڵام ئەو بابا نوئێلەی دەیناسم
جلێکی سەربازی دەپۆشێت
هەموو ساڵێکیش بەسەرماندا دابەشی دەکات
شمشێری سوور
بووکەڵە بۆ یەتیمەکان
پەل و دەست و قاچی دەستکرد
وێنەی ونبووەکانیش
بۆ هەڵواسین بە دیوارەکانمانەوە.

 

فڕۆکەکە
دوای کاتژمێرێک دواخستن
فڕۆکەکە بە سەرنشینە سەرقاڵەکانییەوە نیشتەوە
پێشوازیکەرەکە پێناکەنێت
قوتابییەکە نامەکە ناخوێنێتەوە
ئەکتەرەکە ڕۆڵی شازادە ناگێڕێت
بازرگانەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت
مێردەکە ژنەکەی نابینێتەوە
مامۆستاکە چاویلکەکانی لە چاو ناکات
دەرچووی کۆلێژێک کارە نوێیەکەی وەرناگرێت
عاشقەکە ئاهەنگی لەدایکبوونی ناگێڕێت
‌پارێزەرەکە بەرگری لە بریکارەکەی ناکات
خانەنشینبووەکە لەوێ ئامادە نابێت
منداڵەکە پرسیاری زیاتر ناکات
فڕۆکەکە نانیشێتەوە

 

چاودێری شتە بێگیانەکان

ئێستا لە کاتژمێری مردنتدا
بهێڵە بێمە لات
من چاودێری شتە بێگیانەکانم
بهێڵە بێمە لات
ئێستا
ئەوەتام
ئەو دەرهەمانەی کارم بۆیان کردووە
بڕوانامەکان
چاویلکە پزیشکییەکانت
بەردە ئەرخەوانییەکانی ماڵەکەت
کتێبەکان
کاخەزەکانی دڵنیایی
ناسنامەکان
قیبلەنما
جانتا چەرمەکەت
شتوومەکی چێکراو لە دار
کۆمپیوتەر
تێنووسی یادگاری
مۆمە کوژاوەکە
لە گۆشە دوورەکە
سەیوانە
دەرزییەکان و
هەموو شتە بێگیانەکان
دێمە لات ئێستا
لە کاتژمێری مردنتدا

 

جەنگ بە دروستی کاری خۆی دەکات

چەندە بە شکۆیە جەنگ
چالاک و
لێزانیش
لە بەرەبەیانەوە
بە دوای ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری کەوتم
بۆ چەندین شوێنی جیا
لاشەکان بە هەوادا هەڵدەگەڕێن
گوێزەرەوەکان بە خلیسکانەوە دەگەنە لای بریندارەکان
بانگی باران دەکات لە چاوی دایکەکان
چاڵ هەڵدەکەنێت لە خۆڵ
شتگەلێکی زۆر دێنە دەر
لەژێر وردەبەردەکان
شتگەلێکی بێگیانی بریسکەدار
ئەوانی تریش بێهۆش و هێشتان لە لێدان نەکەوتوون
بە پرسیاری زیاترەوە دێت
بۆ گوێچکەی منداڵەکان
خودا ئاسوودە دەکات بە هاویشتنی مووشەکەکان
یارییە ئاگرینەکانیش لە ئاسمان
مینەکان لە کێڵگەکاندا دەچێنێت
بڵق و چاڵەکان دروێنە دەکات
هانی خێزانەکان دەدات بەرەو کۆچ
لەگەڵ پیاوانی ئایینیدا دەوەستێت
کاتێک ئەوان شەیتان بە نەفرەت دەکەن
(هەژارەکە دەستی هێشتان لەنێو ئاگرەکەدا ئازاری دەدات)
جەنگ بەردەوامە لە کارەکەی بەیانی و ئێواران
ئیلهام دەداتە ستەمکاران بۆ دانی گوتاری درێژ
مەدالیا دەبەخشێتە جەنەڕاڵەکان
بۆ شاعیرەکانیش بابەتێک بۆ نووسین
یارمەتیی دروستکردنی دەست و قاچی دەستکرد دەدات
خۆراکی مێشومەگەز دابین دەکات
لاپەڕە بۆ کتێبی مێژوو زیاد دەکات
یەکسانی بەرپا دەکات لە نێوان بکوژ و کوژراودا
عاشقەکان فێری نووسینی نامه دەکات
مەشقی چاوەڕوانی بە کچەکان دەکات
ڕۆژنامەکان پڕ دەکات لە بابەت و وێنە
ڕۆڵێکی نوێ دەداتە هەتیوەکان
دارەمەیتدروستکەرەکان چالاک دەکات
لەسەر شانی گۆڕهەڵکەنەکان گەورە دەبێت
زەردەخەنە لەسەر ڕووخساری سەرکردەکە دروست دەکات
بە دروستی کاری خۆی دەکات بە باشترین شێوە
سەرەڕای ئەمەش هیچ کەس بە وشەیەکیش پێیدا هەڵناڵێت.