شەقامەکانی سەرم

شووکا حوسێنی/شاعیری ئێرانی

May 12, 2018

شووکا حوسێنی، لە شاعیرانی نوێی ئەدەبیاتی فارسییە و کتێبێکی شیعریی بە ناوی “زەوی گۆیەکی سیاسی بوو” چاپ و بڵاو کردووەتەوە.– باڵندە

 

 

 

شەقامەکانی سەرم
شووکا حوسێنی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شادی نیکخا

 

 

پیاسە دەکەن شەقامگەلێکی زۆر لە سەرمدا
لەگەڵ کورسیگەلێکی خۆڵەمێشی
لەگەڵ سنەوبەرگەلێکی هاوشێوەی دڵم کە لە کوێیە؟
لەگەڵ باوکێکی بچووک لە یادەوەریمدا
لەگەڵ بووکەڵەیەکی خەمگین لەژێر کراسەکەمدا لە تەک بایەکی خەمبار
پیاسە دەکەن شەقامگەلێکی زۆر لە سەرمدا
ڕێبوارگەلێک دەست ڕادەوەشێنن بە کراسگەلێکی سپییەوە
لە سستیی ئەو شتەی وا لە دوورەوە دەبریسکێتەوە؟
نا، نابریسکێتەوە
لەگەڵ ئەو بەردەپۆشەی جارجار کەوتووەتە سەر بەردەنووسە قوڕاوییەکانی ژێر هەنگاوی ڕێبوارەکانی دێڕی سەرەوە
لەگەڵ ڕیزی هاوتەریبی ئۆتۆمبێلەکان ئۆتۆمبێلەکان ئۆتۆمبێلەکان
ئەو کاتەی کە هێڵی تێپەڕینی ڕێبواران ڕەچاو ناکەم و
لە بیرم دەچێت ئەم هێڵانە تەنیا بۆ-باشتر-مردنن

 

پیاسە دەکەن شەقامگەلێکی زۆر لە سەرمدا
دەست لەناو دەستی شارگەلێکی زۆری دی
شارەکانی خەونم کە تەرمەکانی تۆم هەموو ڕۆژێک لەنێو کەلاوەکانی دەردەهێنا
من مەعشووقی تەرمگەلێکی زۆر بووم لەم کەلاوانەدا
تەرمگەلێکی زۆر عاشقم بوون لە شارگەلێکی زۆردا
کە دەست لەنێو دەستی شەقامگەلێکی زۆری دی لە سەرمدا پیاسەیان دەکرد
تۆ هەموو ڕۆژێک دەکرایتە ئامانج لە سووچی یەکێک لە دیوارەکانی ئەم شارانەدا
من هەموو ڕۆژیک شەهید [دەکرام]
ڕێک شانبەشانی تۆ
جیاوازیی نەبوو لە سووچی دیوارێک بێت لە هەرات
یان غەززە
لە خوڕڕەمشار
یان لاهوور
یان لە باڵای پەریئاسای کچێکی کۆبانێدا
یان لە زاکیرەی سەیری کوڕێکی شەیتانیخەو لە بەغداد
من گەلێک جار شەهید بووم
بمژمێری دەبینی
من تەنانەت جارێک زیاتر لە تۆیش شەهید بووم
جارێکیان تو لەبەر دیوارێکدا لە بەیرووت خەوت لێ کەوت
کەچی من، شەهید بووبووم

 

ئەی شەوانەکانی شەقامەکانی سەرم
ئەی بەربەستی کەسەر لە گەرووی ڕۆژهەڵاتیدا
ئەی ڕۆڕۆکان بۆ کوڕانی سینگم بە گەرووی دایکانێکی زۆر
دەست پێ بکەن
دەست پێ بکەن
لە شیوەنگەلی بێپەڕ بە زمانگەلی بێژوومار
لە برینگەلی ئاوساو لەسەر ئێسکی بێسنووری،
دەست پێ بکەن
ڕێگا ببڕن
ڕێگا ببڕن
مەعشووقی من لە هەموو زمانەکاندا گیری کردووە
لە گەرووی هەموو زاراوەکاندا بووەتە کۆچبەر
مەعشووقی من
ئەی شەقامەکانی سەرم
لە نێوان بێژوومار لاپەڕەدا دووگیان بووە
لە فرە ڕووخساردا باوێشکی داوە
بەڵام خەوی لە چاوی ناڵەکاندا حەرام بووە
بە فانۆسێکەوە لە دەستی چەپ و کەزییەک لە دەستی ڕاستدا
مەعشووقی من سینەبەسینە وەستاوە لە ڕێگایەک لە نێوان بایەکاندا
هەڵدەکەن؟
لە نێوان چراکاندا
دەکوژێنەوە؟
لە نێوان بارانەکاندا
کەسک دەبارێن؟
مەعشووقی من بووەتە دۆڕاوێکی سۆزانی
بۆ بزەیەکی کورت لەسەر کەناری دەریای هێمن
ئەی شەوانەکانی شەقامەکانی سەرم
لەسەر گۆڕی ئیستعارەکاندا پاڵ بکەون
سەدەی چەندەمی کۆچیی مەعشووقەکەی من دێشێت
دەماری ڕەشی جەستە لاوازەکەی دێشێت
شیوەنی درێژی نیگایەکەی
مانی زۆری گرتووە بە قاچگەلی هەڵتۆقیوەوە
مەعشووقی من لە شەقامەکانی سەرمدا
چیی هەینییە هاوپەیمانییەک پێک دێنێت لەگەڵ خۆی،
بۆ مردنێکی بەکۆمەڵی کورت لە مندا
نیوەیەکی من لەودا دەچێنرێت، نیوەکەی ترم پەژموردە [دەبێت]
لە شەممە نابەردەوامەکاندا، بەڵام
ددانی بە کەوتنگەلێکی بەردەوامدا ناوە و
لە یەکشەممە خوێناوییەکانی قەندەهاری لێوەکانیدا
ناڕەزاییی خۆی لە شەقامەکانی سەرم دابەزاندووە
مەعشووقی من کچێکی ١٢ـساڵەیە لە کچێنیی پەژارەی گۆرانییەکی قەرەچئاسادا
مەعشووقی من کوڕەئاغایاکی دوودڵە
لە دووڕێیانی پاشایەتی یان ئەشکەوتەکانی نیگارەیەکی سەدەکانی سەرەتادا
مەعشووقی من جنێوێکی زۆرە لە ناوەکەیدا
لە ناسنامە کۆنەکەی جوگرافیاکەیدا

 

شەقامگەلێکی زۆر لە سەرمدا پیاسە دەکەن
دەستم دەبەمە نێو خۆویستییەکانمەوە
تۆ لە تەنیشت خۆمەوە دادەنیشێنم
وەک بڵێیت مەعشووقی ساڵ و مانگی منی و لە مەعشووقی ساڵ و مانگی هەموو ئەوانی دی
درەوشاوەتر دەتدرەوشێنمەوە بە خۆمدا
وەک بڵێیت دەمارەکانت، دەمارگەلێکی سوورن بۆ لیوەکانی من
لە هاوینی ئاقێق و تێرمەی تامەزرۆییمدا
وەک ئەوەی یادگارییەکانی من لەگەڵ تۆ
تاقانەبوونە تەنیا
هێی مەعشووقی ساڵ و مانگی من!
هەڵتدەگرم لە گشت جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناڤین
لەژێر باڵاپۆشەکانی ژنێکی ئەفغانی
تا دشداشەی عەرەبێک لە نزیکی خۆم و
داڵدەت دەدەم بە ئامێزم
بە خەیاڵی نەزۆکی بێسنووری جەستەم
ئای مەعشووقی ساڵ و مانگی من!
تۆ لە کۆتایییەکی کورت و چڕدا
نەفی دەکەم بۆ سووچێکی غەریب لە زەینمدا
ئەم پاراستنە بۆ من ناچارییە کاتێک دەستم بە تۆ ناگات و
تۆ بە زمانگەلێکی فرە بە زاراوەگەلێکی نامۆ شەهید دەبیت
ئەی مەعشووقی ساڵ و مانگی من!
من بە گەلێک شێوە بوومەتە خۆڵەمێش
تۆ لە بیرت نەماوە
هەندێک جار گەرووم چەقۆی بەر کەوت
هەندێک جار لە خۆکوژییەکی بەکۆمەڵدا پەراشپەراش بووم بەسەر تۆدا
هەندێک جار بە پرچەکان و
هەندێک جار بە نارەکانی سینگم ئاگرم تێ بەر درا
تۆ لە بیرت نەماوە

 

ئەی مەعشووقی شەوانەکانی شەقامەکانی سەرم
من گەلێک گۆڕی بەکۆمەڵ بووم بۆ تۆ
هەی مەعشووقی ساڵ و مانگی من
من گەلێک گۆڕی بەکۆمەڵ بووم بۆ تۆ
ئەی مەعشووقی ساڵ و مانگی من!