‎ژن کە دەڕۆن، خودا غەزەبیان لێ دەگرێت، باڵ دەگرن

تەرزە جاف/شاعیری کورد

May 30, 2020


تەرزە جاف، شاعیری کورد، ٤ـی ١١ـی ١٩٧٢ لە سلێمانی لە دایک بووە. یەکەمین شیعری لە ١٩٩٣ـدا بڵاو بووەتەوە. دوو کتێبی نووسیوە، یەکیان “من هەبم یاخود نا ئەمەیە مەهزەلەکە” ساڵی ٢٠٠٩ دەزگای ئاراس چاپی کردووە، ئەوی تریان “لە کەوتنەخوارەوەشدا باڵەکانمان ئاسمانیان هەژاند”، چاپ و پەخشی نما لە ٢٠١٣ـدا بڵاوی کردووەتەوە. ئەو لە مێژە شیعری بڵاو نەکردووەتەوە و لەم شیعرەیدا سەرنجی خستووەتە سەر چیرۆکی ژنەکان و دنیاکەیان. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

‎ژن کە دەڕۆن، خودا غەزەبیان لێ دەگرێت، باڵ دەگرن!
تەرزە جاف

 

ژن یەک جار پیاو ‌جێ ده‌هێڵن
هه‌ندێكیان
له‌سه‌ر نووكی پێ
به‌ خشپه‌
ده‌رگا له‌ دوای خۆیان
پێوه ‌ده‌ده‌ن
نه‌وه‌ك ڕۆحی له‌-هه‌زار-لاوه‌-درزبردوویان بەر بێتەوە و
هه‌پروون بە هەپروون بێت.

 

هه‌ندێكیان به ‌ده‌م ژانێكی كوشنده‌وه‌
چمكی كراسه‌ گوڵگوڵییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌كه‌ن
نه‌وه‌ك له‌ فرمێسكدا بخوسێتەوە.

 

هه‌ندێكیان ده‌ست به‌ گوێیانه‌وه‌ ده‌گرن و دڵیان وه‌ك ملوانكه‌ مروارییەکی پچڕاو
ده‌نك ده‌نك ده‌كه‌وێته‌ به‌ر پێیان.

 

هه‌ندێكیان شێت ده‌بن و له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ خه‌ون ده‌گێڕنه‌وه و به ‌ده‌م گریانه‌وه‌ قاقا لێ ده‌ده‌ن.‌

 

هەندێکیان هێندە تەنک دەبنەوە، بە پتێک هەڵدەوەرێن
هه‌ندێكیان قژی خۆیان ده‌ڕننه‌وه‌

 

هه‌ندێكیان ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیان
هەندێکی تر دەستیان لەسەر چاویان و
ئەوانی تر لەسەر برینی تەڕیان

 

ژن له‌ سەرەتای چیرۆکەکاندا، نا
لە ناوەڕاستی چیرۆکەکانیشدا، نا
لە كۆتاییی چیرۆکەکاندا
بوخچەی ئەڤین دەپێچنەوە و ئاوەوئاو ده‌چن

 

ژن ده‌رگایان به‌ ئاستەم بۆ ده‌كرێته‌وه‌
کلیلە‌ ژه‌نگگرتوه‌كان له‌ ده‌ستیاندا عاسی ده‌بن
قوڕگیان به‌ گریان ده‌گیرێت و
لێویان وەک پاژنەی پێیان دەقلیشێت و خوێنی لێ دێت
ده‌میان هێندە‌‌ پیس ده‌بێت
جنێو به‌ پیرۆزییەکانیش ده‌ده‌ن

 

به‌ڵام كه‌ ده‌ڕۆن
ئاوڕ
ئیتر
ناده‌نه‌وه.‌

 

کە دەڕۆن له‌ ده‌ست ده‌چن
خوا غه‌زه‌بیان لێ ده‌گرێت و
باڵیان لێ ده‌ڕوێت.

 

ئاسمان ده‌ورووژێنن‌ و
بە بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كانیان قژی خۆیان دەبڕنەوە
نینۆکیان بە ددان دەجوون تا سەرپەنجەیان خوێنی لێ دێت
نینۆکیشیان کە درێژ دەبنەوە
دڵدارەکانیان
ئیتر
بیر چووەتەوە

 

هه‌ندێكیان یادگارییه‌كان ده‌سووتێنن
هەندێکیان خۆیان،
هه‌ندێكیان هه‌ر ده‌خۆن و هەر تێر نابن
پانتۆڵه‌كانیان ته‌سك ده‌بێته‌وه‌ و پێڵاوه‌ به‌رزه‌كان ئیتر له ‌پێ ناكه‌ن
هه‌ندێكیان قاپی خودا ده‌گرن و
هه‌ندێكیان تەرکی نوێژ ده‌كه‌ن
هه‌ندێكیان گۆرانی ده‌ڵێن و به ‌ده‌م سه‌ماوه‌ ده‌گرین
هه‌ندێكیان گوێ له‌ گۆرانی ناتوانن بگرن
ژنه‌كان
له‌ یه‌ك
ناچن

 

‌لە هیچ شتێکدا له ‌یه‌ك ناچن
لە سووتانی قەقنەسئاسا و زیندووبوونەوە نەبێت
لە خۆڵەمێشی
خۆیاندا.