لە باوەشم بگرە کیژەگوڵ

وریا مەزهەر/شاعیری کوردفارس- فۆتۆئاڕت: ئاریان ئەبووبەکر، (تایبەت بۆ ڕەخنەی چاودێر)

April 28, 2018

لە باوەشم بگرە کیژەگوڵ
وریا مەزهەر
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

 

لە باوەشم بگرە
کیژەگوڵ؛
ماندووم
ڕێیەکی درێژ
بە تراکتۆرێکی خامۆشەوە
هاتووم

 

یەکەمین کەس من بووم
کە پێم وا بوو لە سەری داوە… بێچارە!
دایەگەورەی دایەگەورەی بڕوای وا بوو
جنۆکەکان دەورەیان داوە،
نەوەی نەوەی نەوەکەی دەیگوت:
«پشێویی سیستمی مێشکی!» و
خۆی پێی وا بوو
شەوی ڕابردوو، خەونێکی زۆر خراپی
بە کوالیتییەکی زۆر زۆر خراپەوە دیوە و
ئێستا خەریکە لە بێداریدا
نمایشی دەکات.

 

ڕاوێژکارە خێزانییەکەیان یەکەمین کەس بوو
کە پێی وا بوو «من» لە سەری داوم… بێچارە!

 

پیکنیک
دوێشەو لەناو شار پیاسەم کرد
شوێنێکی کپوبێدەنگم هەر لەو ناو شارە پەیدا کرد
دڵم بۆت گیرابوو
دانیشتم
ڕستەیەکم بۆت نووسی و خەتم لێی دا
ڕستەیەکی ترم نووسی و
دیسان خەتم لێی دا
ڕستەی تر و هەروەها ڕستەگەلی تر
کە هەر نووسیمن و هەر خەتم لێیان دا
ئەم کارەم هێندە درێژە پێ دا
کە هەستم کرد:

 

ڕووبەڕووی تۆ لە شوێنێک لە دەرەوەی سنووری شیعرییەوە دانیشتووم