لەژێر ئەم ئاسمانەدا

زاموا محەمەد/شاعیری کورد

December 26, 2019

زاموا محەمەد، یەکێکە لە شاعیرە نوێیەکانی کورد، کە ساڵی ١٩٩٦ لە دایک بووە و ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت. ئەو هەوڵی زمانێکی تر دەدات و بۆ ڕووبەرێک لە نێوان هزر و زماندا دەگەڕێت.ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

 

لەژێر ئەم ئاسمانەدا
شکستەکان لە زیندووکردنەوەی ڕۆحی لیریکیدا (یەکەم)
زاموا محەمەد

 

 

 

لە باوەشیەوە چوار خشتەک لە شەوی پوخت بەر دەبنەوە و دەیدەن بە سنگمدا گەر لەژێریدا ڕابکشێم؛ ئەم ئاسمانە کە من هەڵمنەبژاردووە، ئەم ئاسمانە کە ئەستێرەکانی ڕقیانە لێم، ئەم ئاسمانەی کە وا بە کۆڵی منەوە: هەورە گەمژەکانی قاقا پێدەکەنن پێم، دەترسن لەو هەموو مردنەی وا لەژێر نینۆکەکانمدا، پێدەکەنن بەو هەموو پووچییەی من دەیژمێرم لە پێچەکانی مێزەرەکەی سەری خوادا؛ قینیشیان لەو بارانە هەڵساوە کە تەنیا بە من دەبارێندرێت، نەک بەوان.

 

بە برینەوە مرۆڤ ناچار کرا بەژێریدا بڕوات، بە یادەوەرییەوە هەموومان ناچار کراین لەژێریدا بمرین. /ئەم ئاسمانە/

 

وەک تەمی ژێر پێستە شینەکەی خۆڵەمێشی، وەک تەمی ژێر پێستە شینەکەی قورس، /هیی ئەم ئاسمانە/ ڕۆح دێت و دوایین سەروای خۆی بۆ لەشم دەدرکێنێت /کە دەمرم/. وەک کوردێک، /کە تەنها منم/ لەژێر شیناییی پێستەکەیدا، /هیی ئەم ئاسمانە/ چارەنووس عەبەسیترین پێڕی ناو دەستی دادەکاتە سەر ئەو مێزەی من و چیاکان قوماری لەدایکبوونی خۆمانمان لەسەر دەکرد.

 

بەڵام

سەرباری هەمووی

باکم نییە کە سەر بە خەڵکم

باکم نییە کە پێوەندی ئەو پەرییانەم

کە لەوسەری خوانەکەوە دەستیان دەبرد و لە زێیانەوە ڕەحمی خۆیان دەردەهێنا، تا مریەمییانە مڵچ مڵچ بیخۆن /مڵچ مڵچ دەشیانخوارد/

باکم نییە کە ڕەخنەگرانی ئەقڵی یەکەمن کڕێشی نێوان پەڕی نادیاری شاباڵە هەتاوییەکانم

باکم نییە کە شەش جووت مەمکن لەناو سەبەتەی میوەجاتی دەست ژنانی شەو و ژنانی ڕۆژدا کە بە جووتێک کەوشی بنبەرزەوە ڕەدووی باوکەکانیان دەکەون،

باکم نییە کە دەروازەکانی حەقیەت بە ڕوومدا ناکرێنەوە

باکم نییە بەو باغانە و بەو عەرشانەی دەبمە بوومەلەرزەیان

باکم نییە کە کرامە جەللادی مانا

باکم نییە کە فەقێیەکانی تێگەیشتن جامەدانەکانیان کورت دەهێنێت بۆ پێچانی ئەم ئاوەزە،

باکم نییە کە هەر پارچەیەکم لە بیابانێکدا خەون دەبینێت

باکم نییە، لەژێر ئەم ئاسمانەدا، کە هێشتا زاموا محەمەدم.