سێ سروود لەگەڵ مەرگدا

زاموا محەمەد/شاعیری کورد

August 21, 2019

 

سێ سروود لەگەڵ مەرگدا، شیعرێکی مەرگدوێنی زاموا محەمەدە. تێڕامانێکە لەو چەمکە و ئەڤین. شیعرەکە گەڕانەوەیەکیشە بۆ  شار کە سلێمانییە و هەندێک ڕووداو و کەسایەتی. زمانی شیعرەکە ئاوێتە بە سووریالییەت و واتایەکی تەمومژاوی دەبێت؛ دەیەوێت واتایەک بۆ ئەو شتانە بخولقێنێت کە لێیان دەدوێت.ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

سێ سروود لەگەڵ مەرگدا
یان دەربارەی من و ئەو بەرزەخانەی دیکەش کە لەگەڵ مەرگدا دەڕۆین و ژیانمان لێ بەردەبێتەوە
زاموا محەمەد

 

 

 

شەوێکیان لە هۆدەکەمدا دەمخوێندەوە، لیلا لە تابووتەکەیدا وەک هەمیشە نوستبوو. مەرگیش لەولای منەوە نوستبوو، بەڵام لە پڕ ڕاچڵەکی و ڕایکردە دەرەوە، دوای کەوتم. لە کۆڵان، بە لێوی لەرزۆکەوە زووزوو دەیگوت کە فەقێ ئەحمەد ئەمشەو دەگات… فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە گەیشت، پریاسکەی چایەکەی دایە دەستم و گوتی بە سلێمانی بڵێ کەمێک خۆی بشوات… منیش گوتم حەمامەکان نەدەبوا لە شاخ خۆیان ون بکەن، ئەو پاشنیوەڕۆیەی لە سەیتەرەکەی دوکان باپیرم لە مازدا سپییەکە دابەزی و لە پاڵتۆ خاکییەکەیدا گوتی گوروون لە پیرەمەگروون کەوتووەتە چاڵێکی قووڵەوە و دەچم دەری دەهێنمەوە… من تا ئێستاش هیچ تێنەگەیشتووم، بەڵام شەوێکیان لە نەریتی ئەدەبی سۆرانی دابەزیم و گوتم گوروون لە پیرەمەگروون کەوتووەتە چاڵێکی تاریکەوە و دەچم چاڵەکەی بەسەردا دادەپۆشم… تا ئێستاش کەس تێم نەگەیشتووە، چونکە مەرگ دەمێکە دەستی لە زمانم داوە… بەهەرحاڵ، لەو شەوەی گەیشتنی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە تەرمەکانم دەستیان کرد بە دابارین، هەموو ڕۆژێکیش سۆفی ئەحمەد دەبێت بە گالیسکە شینەکەیەوە کووچە و کۆڵانەکانی ئەم شارە لە تەرمەکانی من پاک بکاتەوە، تا ئەو ڕۆژەی پریاسکەی چایەکە دەدەمەوە دەست فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە.

  • خەونێک

 

 

 

 

یەک: بەیانییەک، وەک هەر بەیانییەک

 

ژینێک دێت، ژینی تریش بە ڕێوەن

کازیوەیەک دێت، کازیوەی تریش بە ڕێوەن

ئەزەلیش

دیسانەوە نینۆکە خۆڵەمێشییەکانی لە برینی ئەم غەفڵەتی پێکەنینەمان وەردەدات

برینێک کە خوێنەکەی دادەچۆڕێت تا ئەو پەراسوانەی دەبێت تۆ ڕۆژێک گۆڕ بۆ ئێسکەکانیان پەیدا بکەیت، ئەی مەرگ؛

ئەمە شتێکە هەم من و هەم تۆیش پڕ دەکات لە چۆلەکەی ترساو

ئەی مەرگی ترساو،

وەک من بێباک بە دەمێک زیندەووەکان بە دەستە زیندووەکانیان خۆر بە ئاسۆدا هەڵدەواسنەوە، دیسانەوە؛

وەک من ئارام بە دەمێک شمشێرەوانە ئاوییەکانی هەتاو

بەیانان لە پەنجەرەکەمانەوە دێنە ژوور و نوستنمان دەئەنجنن؛

دەمێک هەتاویش ڕەقیبێکی خێوە لە نێوان ژوانەکانی من و خوشکە چکۆلەکەتدا.

 

ئارام بە وەک من

لەم بەیانییەدا کە هێشتا زیکە و جیڕەی چەرخەکانی گالیسکەکەی سۆفی ئەحمەدی نەبیستووە،

لەم بەیانییەدا کە شەبەنگەکانی خۆرەکەی، بە توورەکەی غەیبیی پڕ لە پێشهاتەکانی ڕۆژەوە، لە هۆدەکەمدا چواردەوری من و تۆ و تابووتەکەی لیلایان گرتووە؛

ئارام بە، مەرگی من

گەرچی هێشتا دەستت بەو سەربەستییەت ناگات کە لە زیندوویەتیمدا دیلم کردووە

وەک من، کە ئارامم

گەرچی هێشتا دەستم بە عەرشەکان و باغەکان نەگەیشتووە، تا بیانلەرزێنم.

 

هەستە سەر پێیە ئەبەدییەکانت، کە من هەڵدەستمە سەر پێیە ماندووەکانم لە باری زیندەوەر، ئەی مەرگ؛

بەدووم بکەوە، کاتێک چواردەور لە چوار دیواری هۆدەکە ڕزگار دەکەم

بەرابەرم دابنیشە، لەسەر ئەو خوانەی هەموو بەیانییەک لاشەی بێداریی خەواڵوومانی لەسەر کەوڵ دەکەین

لە گەدەتدا، وەک من، بنێژە زادی بەر لە دابەشکرانی خێر و شەڕ، ئەی مەرگ؛

لە یادەوەریی فراوینەوە، یان لە خەیاڵدانی بەرچایییەوە

بیانهێنە ئێستای تامتەوە، یان بیانهێنە کەتواری تامتەوە: زەیتوونەکانی بێزاری، هێلکەوڕۆنی هێلکەی عەبەس، نۆکی سوورەوەکراو بە دووگی مەرگەسات و مرەبای دووبارەبوونەوەی پوخت.

چای دووەمت، وەک من، تاڵ لە ئاسمانەکانی تامدا دابڕێژە

ئەی مەرگ،

دواتریش

کە ڕۆژنامەکەی ئەو ڕۆژەم بە دەستی ڕاستم نا بە بنکی ئاسمانی بینینی هەردووکمانەوە، با چاوپۆشینت هێندەی چاوپۆشینی من توند بێت لەو تەوریانەی شاعیرانی زیندوو لە ڕەحمە کوێرەوەبووەکانی زمانیاندا لەباریان دەبەن، لەو تافانەی چیرۆکنووسانی زیندوو لە پاشکۆدا بە ڕشانەوە زەمەنییەکانیان دەیانهێننەوە، لەو برینانەی وەرگێڕانی زیندوو لە پشت شاناوی مردووە شکۆدارەکانەوە دەیانشارنەوە، لەو گوتارنووسانەش کە لە گۆشە تەسکەکانیاندا بنێشتی گوزەران دەجوون؛

چونکە

دوایین جگەرە، شاعیران دەبێت لە تووتنی بنباخەڵی تۆ بیپێچنەوە

دوایین قاوە، چیرۆکنووسان دەبێت لە بەسەرهاتی تۆدا بیخۆنەوە

دوایین ئاماژەی برین کە وەرگێڕەکان نەتوانن بیشارنەوە، لە درەوشانەوەی خەنجەرە زیوینەکەی تۆوە دێت

دوایین گوتاریش، گوتارنووسەکان دەبێت لە گۆشەیەکی تۆدا دایبڕێژن

ئەی مەرگ،

لە بەردەم ئەم دیمەنەدا، لەگەڵ لیلا و تابووتەکەی و سۆفی ‌ئەحمەددا، منیش بەرزەخێکم لە نێوان شەهادەتی تۆ و ژیاندا کە ناچمەوە سەر هیچ. لەگەڵ ئێوارەدا شتێک لە سنگمدا تۆپەڵ دەبێت، ڕەنگە بێزاری بێت. لەگەڵ نیوەڕۆدا خەڵکانی زۆر لە مندا دەمرن، ڕەنگیشە ببنە تەرمەکانم؛ ئەو تەرمانەی کە سۆفی‌ ئەحمەد ڕۆژانە دەبێت لە بەرچاوی من و تۆدا لە گۆڕستانەکەی شێخ محێدین بیاننێژێتەوە،

ئەی مەرگ.

   

 

 

دوو: سۆفی ئەحمەد و گالیسکەکەی

 

مردنێک دێت، مردنی تریش بە ڕێوەن

تەرمێک دێت، تەرمی تریش بە ڕێوەن

لاشە بێشومارەکانی منیش

لە گۆڕەکانیان هەڵدێن و باڵەکانیان لە هەوا گیر دەکەن

هەڵدەفڕن و لە ئاسمانی یەکەمدا خۆیان بە شوورا هەتاهەتایییەکانی نەمریدا دەماڵن

تا لە فەلەکی شکستیانەوە، بە باڵی شکاو و کونی ڕەشی سەر سنگیانەوە، دانەدانە بەر ببنەوە؛

ئەو لاشانەی سوفی‌ ئەحمەد دەبێت ڕۆژانە بە سینەی گالیسکەکەی

بۆ گۆڕەکانیان بگێڕێتەوە؛

ئەمە بەشێکە لەو دیمەنەی

لە چارەنووسی من و هەموو بەرزەخەکانی تریشدا هەڵکۆڵدراوە،

ئەی مەرگ.

 

بە زیندوویی، لە چاوی چەپی کۆڵانەکەوە دەردەکەوت و گالیسکەکە جەستەی ڕادەکێشا، ئەو جەستەیەی لاشەیەکی تێدا نوستبوو؛ وەک ژیانی، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ تەمەن توندتر ڕایدەکێشا، ئەو ژیانەی کە مەرگی سۆفی‌ ئەحمەدی دیل کردبوو.

سێچەرخە سەیر ژیانیان هەڵگرتبوو،

برنج و ڕۆن و شەکری بایەع ئەوسا سەیر ژیانیان هەڵگرتبوو؛

سۆفیش بەو قول و باڵە باریکەیەوە لە داڵێک دەچوو ئادەمی هاتبێتە خەون

شەرواڵە بۆرەکەی شەڕی بە سەوزیی کراسە تەڵخەکەی دەفرۆشت

لە ڕۆژگارێکدا کە خۆی تەڵخ بوو،

ئەی مەرگ.

 

بە مردوویی، لە چاوی چەپی کۆڵانەکەوە دەردەکەوێت و گالیسکەکە لاشەی ڕادەکێشێت، ئەو لاشەیەی کە ئیتر ئەستۆی ڕەهایە لە باری زیندەوەر؛ وەک مەرگی، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ نەمریی زیاتر ڕەهای دەکات، ئەو مەرگەی کە ئیتر ئازادە لە سەپێنراوەکانی ژین، ئەی مەرگ.

سێچەرخە سەیر چارەنووسیان هەڵگرتووە

تەرمەکانی من کە لەسەر سینەی گالیسکەکەی کەڵەکەن، سەیر چارەنووسیان هەڵگرتووە؛

سۆفییش بەو قول و باڵە باریکەیەوە لە داڵێکی مردارەوەبوو دەچێت خودای هاتبێتە خەون

شەرواڵە بۆرەکەی شەڕ بە سەوزیی کراسە تەڵخەکەی دەفرۆشێت

لە تەڵخیی ئەم ڕۆژگارە تەڵخەدا، کە تۆ هێدی هێدی پەردەی قەدەر لەسەر قاقا پەنهانەکانی لا دەدەیت،

ئەی مەرگ.

 

بە مردوویی، ڕۆژانە لە چاوی چەپەوە داخڵی کۆڵانەکە دەبێت

سوپایەک دێوی بیستراوی ناو قولـلەکانی دەنگ کە بە شاباڵە کانزایییەکانیانەوە خۆیان بە بنکی ئاسمانی بیستنی من و تۆدا دەماڵن، جیڕەی هەرسێ چەرخەی سێچەرخەکەین و پێش خۆی و پێش سێچەرخەکەی دەکەون؛ سوپایەک دێوی بینراوی ناو قولـلەکانی ڕەنگ کە بە شاباڵە پەلکەزێڕینەیییەکانیانەوە خۆیان بە بنکی ئاسمانی بینینی من و تۆدا دەماڵن، هەڵاون و لە بوونەوەر هەڵدەستن دەمێک بەژێر ئەو شەهوەتی ئاشکراکردنەوە دەبێت کە وا لە هەناوی تیشکدا… هەڵاوێکی ڕەنگ، هەڵاوێکی زەق، کە لە سۆفی‌ ئەحمەد و گالیسکە شینەکەی و هەموو بوونەوەرێکی ژێر شەهوەتی بێکۆتای ئاشکراکردنەوە هەڵدەستێت، شەهوەتی بێکۆتای ئاشکراکردن کە تەنیا لە هەناوی تیشکدا هەیە،

ئەی مەرگ.

 

بە مردوویی، لە بەردەرکی ماڵەکەیدا لە چوارباخ، ڕوو لەو گۆڕستانەی هەموو ڕۆژێک تەرمەکانی منی بۆ دەگێڕێتەوە تا بیاننێژێتەوە، جارجار لەسەر کورسییەکەی دادەنیشێت؛ زەمەنیش بەرامبەری لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت.

سۆفی نە ئاگای لە حەڤدەی شووباتە و نە لە شازدەی ئۆکتۆبەریش،

کرمی ئەزەل دانەدانە لە شەقارەکانی کەلـلەیەوە بەر دەبنەوە سەر ڕادیۆکەی باوەشی

تێدەپەڕم و سڵاو دەکەم، زەمەن لەوە تێپەڕترە وەڵامم بداتەوە

سۆفییش لەوە مردووتر،

وەک سیاق، کە لەوە شلترە ئیدی لە تۆدا بە من بگیرێت

یان کۆتایی، کە لەوە ئەستەمترە لە ئێستادا بە من ڕابگەیەنرێت

ئەی مەرگ.

 

 

سێ: لیلا و تابووتەکەی

ئەوینێک دێت، ئەوینی تریش بە ڕێوەن

دابڕانیک دێت، دابڕانی تریش بە ڕێوەن

بە تۆ و بە شیوەنی ئەم شیوەنانەش کە دەکرا بریقەی غەزەل بن

دەبێت من لە بێهوودەییی پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەی پەراسووی چەپدا بم هەتا هەم

ئەی مەرگ.

 

دوایین دانەی ئەو پەرییانەی بەرزەخن لە نێوان عەرشەکان و باخەکاندا، کە خۆرێک لە سەرشانی ڕاستییەوە هەڵدەهات، بۆ هەتاوی ئەو خۆرەی نەدەکردە بۆیەی نینۆکەکانی؟ کە مانگێک مەست دوای کەوتبوو، بۆ غوباری هەیڤیی ئەو مانگەی نەدەتەکاندە سەر پێڵووەکانی؟ کە خودا هەرجارێک لە گوڵێکی سەرسنگیدا چاوی دەکردەوە، بۆ وەک هەموو خوداداران گوڵاوەکەی لێ نەدەتکاند؟ کە من هەنگاوێک بەرەو باخەکان دەڕۆیشتم، ئەو بۆ بیستویەک هەنگاو بەرەو عەرشەکان نەدەڕۆیشت؟ کە من هەنگاوێک بەرەو عەرشەکان دەڕۆیشتم، ئەو بۆ بە داوێکی قژی بیستویەک گوڵی لە باخەکاندا نەدەخنکاند؟ کە بەسەر ئەم تەپۆڵکەی زیندووانەوە ئێمە جووتێک بەرزەخی شاردراوە بووین، بۆ تابووتەکەی نێو ئەم مێتافیزیکیای نائامادەگییەی هەڵبژارد؟ بۆ وەک ئەوانی تر پڕ بە پێستی خۆی گەمەی بە ئەخلاقیاتی ئاشنایەتیی نەکرد؟

 

ئەی مەرگ،

کە من گەیشتم ئەوینیش وەک دەربڕین دەمێک بوو بەکار برابوو، لیلاش دارخورمایەک بوو جیهانی هێشتا بە شیرینیی بەرەکانی خۆی دەپێوا؛ بێ ئەوەی بزانێت، قەدی دەدایە بەر ئەو خەندانەی تیری نووک‌بەژەهری کینە بوون، چڵەکانی دەدایە بەر ئەو هەوا فێنکەی ژەهرەبادی بێبۆنی زیندووەکان بوو؛

شەنگ بوو لیلا

ئەی مەرگ،

پڕ بوو لە من و نوور و ڕاڕایی.

*

 

بە ڕووی ئەو ئاسمانەدا کە لەژێر پێستە شینەکەیدا شامارێک و تارماییی هەزار خودای ماندوو دەهاتن و دەچوون، لەو چاڵایییەدا کە غەیبی قلیاسان لە هێڵنجێکی کۆنکریتییەوە تفیبوویەوە، زانکۆی سلێمانی جەستەی پڕ لە هێلانەجاڵجاڵۆکە و مەنیی ڕژاو و سانتیی بەکارهاتووی دەکردەوە؛ بە درێژاییی هەموو ئەو دەمارە قیرییانەی کە ڕێبوارانی ئەو جەستەیەیان دەهێنا و دەبرد، لێکۆڵەر و لێتوێژەر و زانا، میرزاکانی نوێگەری و شامانەکانی زانین، یەک لە دوای یەک لە ڕیزی ڕێکدا ڕادەوەستان و لە قاپی فافۆندا، بە کەوچکی فافۆن شۆربای مەمک و زێی خوێندکارە هەرە درەوشاوەکانیانیان دەخوارد.

لە کەناری یەک لەو دەمارە قیرییانەدا، لە ناوگەڵی خێوێکی بەردینی هەزارچاودا بەشی کۆمەڵناسی کەوتبوو؛ لەو بەشەدا مامۆستاکان تا پاشنیوەڕۆ بە هەناسەبڕکێوە، بە گسک و بە تێڵا، تارمایییەکانی دۆرکهایم و مارکس و ڤیبەریان ڕاو دەنا تاکوو لە سووچێکدا بیانگرن و پاشان بە شڵەژاوی، دەست بە بنباخەڵی ئارەقاوییاندا بکەن و دەرزییەک دەربهێنن و لە نوکەکەیدا تارمایییەکان بەند بکەن؛

هەر لەم بەشە و لەناو ئەم هەرای زانستەدا، بە درێژاییی چوار ساڵ، لە سەرمای ڕەقی ڕاڕەوەکاندا، لە سووچێکی تەریک، یان لە ژێرقادرمەیەکدا، ڕۆژانە لیلا وەک دارخورمایەکی شەرمن دەڕوا و هەر دەنکێک لە خورماکانی پڕ بوون لە من

ئەی مەرگ،

بەڵام

ئیدی

ئەوە ڕووی دا

کە هەمیشە ڕوو دەدات

و

بەسەر چووین، ئێمە. بەسەر چوون بەیانییە پڕ لە دڵگەرمییەکانی نێو هەناوی ساردی خێوە بەردینە هەزارچاوەکە. بەسەر چوون خەونە خورمایییەکان، وەک بسکە خورمایییەکان، وەک پێستە خورمایییەکە. بەسەر چوون ئەو ماچانەی خەیاڵ بە نازەوە هەڵی دەدان و بەر لەوەی بگەنە سەر گۆنا سفتەکانی کەتوار من دەمگرتن و دەمدان لە خورماکانی لیلا. بەسەر چوون پیاسە بەپەلەکانی ئەو داڵانانەی بە دزیی زیندووەکانەوە خۆیان دەکرد بە گۆڕەپانی گەمەی کڵاوسوور و سایرنەچکۆلە و شازادەی بەفرین و هەموو وەچەکانی تری خەیاڵدانی کریستیەن ئەندرسن و برایانی گریم و ئەربابەکانیان. بەسەر چوون دەستە سەهۆڵینەکان بەسەر دڵمەوە. بەسەر چوو ئەو بەرچایییەی گەڵاچاکانیمان لە پریاسکەکەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە نەدەدزی، بەسەر چوو سەردەمی پێش تابووت و پیش تەرمبارین؛ بەسەر چوو دزینی ژوانێک لەم شارەی مستیلە بێکۆتاکاندا. بەسەر چوو شاردنەوەی پانتایییەک لە ئاشنایەتی تاکوو تێیدا یەک ببینین: لەم شارەدا کە لەبەر هاوڕێیەتی جێیەک بۆ عیشق نەمایەوە. بەسەر چوو ئەو مەودا ئەبەدییەی نێوان ئێمە و زیندووەکان کە تۆ بە دەم پێکەنینەوە بە توێکڵی ڕەشی پرتەقاڵەکانی زوڵمەت پڕت دەکردەوە

ئەی مەرگ،

ئەگەرچی

پێیان گوتم

کە لیلا ڕەنگە لە سەربانەوە بێتەوە، وەک چۆن ئەوینیش هەر لە سەربانەوە دێتەوە

وەک چۆن شەولەبان ڕەنگە لە سەربانەوە بێتەوە، وەک چۆن باگردێنیش هەر لە سەربانەوە دێتەوە

بەڵام من نامۆم بە هەموو ئەم حەقیقەتانە

وەک نامۆییم بەو کەشتییانەی پڕن لە فریشتەی ئەحمەق، وەک نامۆییم بەو باخانەی لە پیریدا خەیاڵیان ون کرد

وەک نامۆییم بەو شاعیرە گەمژانەی دەیانەوێت دەست لە مەحاڵ نەدەن، یان بەلاغەت لە دیوانەکانیاندا بنێژن

وەک حەزم کە نامۆیە بەو ژنانەی کتێب لە جێی سووراو و سپیاو دەدەن لە خۆیان

وەک حەزم کە نامۆیە بەو وشانەی خاوەنەکانیان دەناسن، من کە هەردەم بە وشەکانی خۆم و بە لیلا و بە تۆش نامۆ بووم

ئەی مەرگ،

وەک خۆم کە بە سلێمانی و بایەکانیشی نامۆ بووم، بە ئاڵا و بە ڕەنگەکانیشی نامۆ بووم، بەڵام ناچارم ئەم پریاسکە پڕ لە چایە هەڵبگرم تا فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە دێتەوە

و

ئەوسا

سوێند بێت

بە شەهامەتی ڕاگەیەندراوی تۆ

ئەی مەرگ

لەو ڕۆژە درەوشاوەیەی داهاتوومدا، بەڵێن بێت

پریاسکەکە بدەمەوە دەست فەقێ ئەحمەد و دابارینی تەرمەکانم بوەستێنم

و

ئەگەر

لیلا،

ئەگەر

پەرجووی خورمایی لە ئەبەدییەتی تابووتەکەیەوە کە وا لە هۆدەکەمدا، چڵە خورماکان لەسەر ڕووی لا بدات، ئەوا ڕەنگە دوو خۆرەکەی بەشی ڕۆشنکردنەوەی ڕۆژەکە شەبەنگیان مابێت،

ئەوسا

بەڵێن بێت

تابووتەکەی لە سینەی گالیسکەکەی سۆفی ئەحمەد باربکەم

خۆم و تۆیش، ئەی مەرگ، بەڵێن بێت پێش تابووتەکە و گالیسکەکەی سۆفی بکەوین،

بەڵێن بێت من برینی هیچ ڕۆحێک لەوانەی ناسیمن و ناسیانم بە فیڕۆ نەدەم

بەڵێن بێت بە تابووتەکەی لیلاوە تا حەوتەم بازنەی ئەبەدییەت نەوەستین

ئەی مەرگ،

تا

هاتنی

ئەو ڕۆژەش

دڵنیا بە

کە

بەشی هەزار نامۆبوونی تریش من بەلاغەتی مەحاڵ شک دەبەم

بەشی هەزار برینی تریش من دەتوانم هەرای هەزار فەرهەنگ بنێمەوە

بەشی هەزار عەرش و هەزار باخی تریش من لەرزم هەیە

بەشی بارینی هەزار ئاسمان لە تەرمی تریش دەقم پێ دەچنرێت

ئەی مەرگ،

بەڵام

 

بۆچی قاژە توورەکەت نەدایە باپیرم؟

 

 

فەرهەنگۆک:

سروود: چڕینی گوتنە لە سەروەختی کەوتنی ئامانج، یان ئاسۆدا.

مەرگ: تاکەشاهیدی من و بەرزەخەکانی ترە.

زیندووەکان: هەموو ئەوانی ترن کە وەک من و لیلا و فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە و سۆفی‌ ئەحمەد و تەرمەکانم بەرزەخ نین؛ مەرگ، لەوەی کە خۆیان دەیبینن زیاتریان نیشان نادات.

سۆفی ئەحمەد: بەرزەخێکە، ڕۆژانە بە گالیسکە شینەکەی، تەرمەکانی من کۆ دەکاتەوە و لە گۆڕستانەکەی شێخ محێدین دەیاننێژێتەوە، ئەو تەرمانەی کە لە گۆڕەکانیان هەڵاتوون و خۆیان بە ئاسمانی یەکەمدا کێشاوە و بەر بوونەتەوە، کەوتوونە خوارەوە و هەموو سووچ و کۆڵانێکی سلێمانییان تەنیوە. سەردەمێک من منداڵ بووم، سۆفییش هێشتا زیندوو بوو، نەک بەرزەخ؛ بە گالیسکە شینەکەی مانگانە بایەعیی بۆ دەهێناین… هەموو جارێک کە منی دەبینی، دەیگوت: “زامۆ، چۆلەکە دزە، دار دزە، دیوار دزە!”. لە کۆڵانێکی یەکەم ڕۆمانمدا عەسرێکیان بینیمەوە، باوەشم پێدا کرد و بە دڵی پڕەوە گوتم: “سۆفی، گوتن دزە، زمان دزە، یادەوەریی دزە و ئەوین دزە، واقیع دزە و خوداش دزە!”.

مەدلوول: مەرج نییە لەم دەقەدا دەربکەوێت.

دیمەنەکە: یەکگرتنی تاقانەی شوێن و کاتی بەرزەخەکان لە یەک ڕێکەوتدا، بەرزەخەکان کە ڕاڕایییەکی تاقانەن لە نێوان ژیان و مردندا.

تەرمەکانم: ئەو بەرزەخانەن کە تا ڕادەیەک ڕەهان لە مانا، یان تێگەیشتن.

 

 

 

 

جولای ٢٠١٩
سلێمانی؛ ئەمبەر گۆڕستانی شێخ محێدین