بەوێدا کە جارێکیان پۆ ڕۆیی

هاوارد فیلیپس لۆڤکرافت

هاوارد فیلیپس لۆڤکرافت / ئەمریکا

May 7, 2020

هاوارد فیلیپس لۆڤکرافت نووسەرێکی ئەمریکی بوو. نووسەری چیرۆکە سەیرەسەمەرە و ترسانەکەکانە. بە گشتی ژیانێکی ناخۆش و تاڵی هەبووە و کەمیش ژیاوە. سەرچاوە و بیرۆکەی بەشێک چیرۆکەکانی کابووسەکانی شەوانی خۆی بووە، کاریگەریش بووە بە ئێدگار ئالان پۆو. ژیانی خۆی و کاریگەربوونی بە ئەدەبیاتی پۆو وای کرد ببێتە ناوێکی دیاری ناو ئەدەبیاتی گۆتیک.
هـ. ف. لۆڤکرافت ساڵی ١٨٩٠ لە ئەمریکا لە دایک بووە و ساڵی ١٩٣٧یش هەر لە ئەمریکا مردووە.

 

 

بەوێدا کە جارێکیان پۆ ڕۆیی
(لە گۆڕەپانی دەستبەسەرداگیراوی کڵێسایەکدا* کە جارێکیان پۆ پیاسەی تێدا کرد)

هاوارد فیلیپس لۆڤکرافت
لە ئینگلیزییەوە زاموا محەمەد

 

 

 

 

لەسەر ئەم زەمینە هەتاهەتایە سێبەرەکان کڕ دەکەون
خەون دەبینن بەو سەدانەوە کە پێشتر تێپەڕیون،
بەسەر کەڵەک و لەوحەوە ڕەشەچناری مەزن بە شکۆوە بەرز دەبنەوە
دەچەمنەوە بەسەر جیهانێکی شاراوەدا لە تاسەی ڕابوردوو،
بە دەوری هەموو دیمەنەکەدا تیشکێکی یادەوەری پرتەپرتێتی
لەبارەی ڕۆژگاری کۆچکردووەوە گەڵا مردووەکانیش دەچرپێنن؛
بیری ئەو دەنگانە و ئەو ڕەنگانە دەکەن کە چیتر نین.

بەو ڕاڕەوانەدا کە جاران شوێنپێ زیندووەکانی دەکەوتنە سەر
تەنیا و غەمبار تارماییەک دەخزێت،
هیچ نیگایەکی ئاسایی نایناسێتەوە، گەرچی گۆرانییەکەی
بە جادوویەکی پەنهانەوە بەناو کاتدا زرینگەی دێت؛
تەنیا ئەوانەی ڕازی جادووگەریی دەزانن
بەدیی دەکەن لەنێوان ئەم گۆڕانەدا سێبەری پۆ**.

 

 

 

 


* بە گشتی لە ئەدەبی گۆتیکییدا، بەتایبەت لە ترادسیۆنی پۆ و لۆڤکرافتیشدا، گۆڕەپانی کڵێسا هەمیشە گۆڕستانیشە. گۆڕستانێک کە یان بە چواردەوری کڵێساکەدا کشاوە، یانیش لە پێشەوە یان دواوەیەتی.

**ئێدگەر ئالان پۆ