مانگاکانی وانەی هونەر

چارلس بوکۆوسکی

چارلس بوکۆوسکی | (١٩٢٠ - ١٩٩٤)

May 4, 2024

چارلس بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە.

 

 

مانگاکانی وانەی هونەر
 چارڵس بوکۆوسکی
کوردییەکەی موحەممەد دێڤ

 

 

 

کەشوهەوای باش وەک ژنی باشە وایە
هەموو کات ڕوونادات
کاتێکیش ڕوو دەدات
هەموو کات بۆ هەمیشە نامێنێتەوە
پیاو دامەزراوترە:
ئەگەر خراپ بێت
بە ئەگەرێکی زۆرەوە
هەر بەم سرووشتەی دەمێنێتەوە،
یانیش ئەگەر باش بێت
ڕەنگە هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە
بەڵام ژن دەگۆڕێت
بە
منداڵ
تەمەن
خۆراک
دەمەتەقێ
سێکس
مانگ
بزرێتی یان
دەرکەوتنی خۆر
یان کاتە باشەکان
ژن پێویستە بەردەوام گرینگیی پێ بدرێت
لە  ڕێی خۆشەویستییەوە
لەکاتێکدا پیاو دەتوانێت
بەهێزتر بێت
لە ڕێی ڕقلێبوونەوە.
ئەمشەو لە مەیخانەی سپانگلەر دەخۆمەوە و
مانگاکانم دەکەونەوە یاد
جارێکیان لە وانەی هونەردا وێنەیانم کێشا و
زۆر جوان دەردەکەوتن
لە هەمووشتێك جوانتر دەردەکەوتن
لێرە لە مەیخانەی سپانگلەر دەخۆمەوە.
هەڵوەدای ئەوە دەکەم کامیانم خۆشبوێت و کامیانم
ڕق لێ ببێتەوە، بەڵام یاساکان نەماون:
خۆشەویستی و ڕقم تەنها
بەرامبەر خۆمە-
لە دوورمەوەن
وەک پرتەقالێک کە بەربووبێتەوە سەر مێزەکە
و خلۆر بێتەوە؛ ئەمە ئەوەیە کە پێویستە
بڕیاری لەسەر بدەم:
خۆم بکوژم یان
خۆم خۆش بوێت؟
کامیان خیانەتەکەیە؟
ئەو زانیاریانە لە کوێوە
دێن؟
کتێبەکان… وەک شووشەی شکاو:
تەنانەت قوونمیان پێ
پاک ناکەمەوە، وا دنیا
تاریکتر دادێ، دەبینی؟
(لێرە دەخۆینەوە و یەکتر
دەدوێنین و
وەک زانا دەردەکەوین.)
ئەو مانگایانە بکڕە کە
گەورەترین گوانیان هەیە
ئەو مانگایانە بکڕە کە
گەورەترین پاشەڵیان هەیە.
ئامادە بە.
ساقییەکە بیرەیەکم بۆ دەنێرێت
لەسەر مێزی مەیخانەکە دەخشێ
هەروەک یاریزانێکی ڕاکردن لە ئۆڵۆمپیات
دوو مقاشەکە کە دەستمن
دەیوەستێنێت، بەرزی دەکاتەوە،
میزی زێڕینی تەفرەدانی مات و لێڵ
دەخۆمەوە و
لەوێ دەوەستم
کەشوهەواکە بۆ مانگاکان لەبار نییە
بەڵام فڵچەکانی دەستم ئامادەن
بۆ کێشانی چاو هەڵیز سەوزی بژوێنی
خەم و پەژارە باڵی کێشاوە بەسەرمدا و
منیش بیرە هەڵدەقووڕێنم
بەخێرایی داوای پێکێکی تر دەکەم
بۆ ئەوەی بوێری و خۆشەویستیم پێ بدەن تا بەردەوام بم.