تێکشکان

چارلز بۆکۆوسکی

چارلز بۆکۆوسکی/ ئەمریکا

July 30, 2022

چارلس بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

تێکشکان

چارلز بۆکۆوسکی
وەرگێڕانی شانۆ بەکر

 

 

 

 

زۆر زۆرە

زۆر کەمە

زۆر قەڵەوە

زۆر لاوازە

یان کەس نییە

پێکەنین یان
فرمێسک!

قینلەدڵان
ئەڤینداران

بێگانەکان
بە ڕووخساری
وەک سەری دەمبووسیانەوە.

سوپاکان بە نێو شەقامی خوێندا ڕادەکەن
بوتڵی شەرابەکانیان ڕا دەوەشێنن و
کچۆڵە پاکیزەکان دەگییەن و خەنجەریان لێ دەدەن!

یان پیرەپیاوێک لە ژوورێکی هەرزاندا
لەگەڵ وێنەیەکی مارلین مۆنرۆ.

تەنیاییەکی هێندە گەورە لەم جیهانەدا هەیە،
کە دەتوانیت
لەگەڵ جوڵەی هێواشی میلەکانی کاتژمێردا، بیبینیت

خەڵک هێندە ماندوون،
کپ بوون!
جا لەپێناو ئەڤینداری بووبێت
یان بێئەڤینی.

خەڵک هیچ باش نین لەگەڵ یەکتر
دەوڵەمەندان بۆ دەوڵەمەندان باش نیین.
هەژاران بۆ هەژاران باش نیین.

ئێمە ترساوین

سیستەمی پەروەردەییمان پێمان دەڵێت
کە هەموومان دەتوانین
گەمژەیەکی گەورەی براوە بین!

هیچمان پێ ناڵێ دەربارەی
زێرابەکان و خۆکوژییەکان

یان دەربارەی
کەسێکی تۆقیو کە لە شوێنێک بە تەنیا ئازار دەچێژێت.

نە دەستی کەسی دەگاتێ.
نە دەنگی کەس

بە تەنیا ڕووەکێک ئاودەدات.

خەڵکی لەگەڵ یەکتری باش نیین.
خەڵکی لەگەڵ یەکتری باش نیین.
خەڵکی لەگەڵ یەکتری باش نیین.

پێموایە هەرگیزیش باش نابن
داوایشیان لێ ناکەم ببن

بەڵام هەندێ جار بیر لەمە دەکەمەوە.

موورووەکان بە پەتەکەیانەوە دەخولێنەوە
هەورەکان تەم و سێبەر هەڵدەکەن.
بکوژەکە سەری منداڵەکە لێ دەکاتەوە،
وەک ئەوەی،
بە قەپێک تۆپێک ئایسکرێم لێ بکاتەوە!

زۆر زۆرە
  زۆر کەمە

زۆر قەڵەوە
زۆر لاوازە
یان کەس نییە

قینلەدڵان زۆرترن بە لە ئەڤینداران!

خەڵکی لەگەڵ یەکتری باش نیین،
خۆ گەر باش بوونایە،
مەرگمان هێندە غەمگین نەدەبوو.

لەهەمان کاتیشدا
سەیری کیژۆڵە ناسکەکان دەکەم؛
لاسک
گوڵی دەرفەت.

دەبێت ڕێگەیەک هەبێت.
بێگومان، دەبێ دەرچەیەک هەبێت کە هێشتا پەیمان پێی نەبردووە .
کێ ئەم مێشکەی لە کەلەسەرم ئاخنی؟
هاوار دەکات
داوا دەکات
دەڵێت دەرفەتێک هەیە.

هیچ کات ناڵێت “نەخێر”.