جەنگ

نیلس هاو

نیلس هاو/ دانمارک

May 17, 2022

 

نیلس هاو، شاعیر و کورتەچیرۆکنووسی دانیمارکی لە 7ـی نۆڤەمبەری 1949 لە دایک بووە. یەکەمین دەفتەرەشیعری بە ناوی ”ئەو خۆشییەی جەستە پێک دەهێنێت” ساڵی 1982 بڵاو کردووەتەوە. زیاتر وەک موسافیرێک دەژی و چەندین گەشتی ئەدەبیی کردووە، کە دیارترینیان گەشتەکانی ئەورووپا و ئاسیا و باکوور و باشووری ئەمەریکا و ئافریکا بوون. لە شیعرەکانی ئەودا دیدێکی تەنزئامێزانە دەبینین بۆ ژیانی مرۆڤی مۆدێرن و دەوروبەرەکەی. کارەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون. تا ئێستا 6 دەفتەرەشیعر و 3 کۆمەڵەچیرۆکی بە چاپ گەیاندوون. خاوەنی چەندین خەڵاتی وێژەیییە. ئێستا لە کۆپنهاگن- پایتەختی دانیمارک، لەگەڵ هاوسەرە پیانۆژەنەکەیدا “کرسیتینا بیورکی” ژیان بەسەر دەبات. کتێبی ”شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە” بەرهەمی وەرگێڕاوی کوردیی ئەم شاعیرەیە، کە ئالان پەری کردوویە بە کوردی ساڵی 2016 چاپ بووە

 

 

جەنگ
نیلس هاو
وەرگێڕانی ئالان پەری

 

 

وشەی جەنگ لە ڕووسیا قەدەغەکراوە، خۆشبەختانە.
هەروەها دەبێت وشەکانی وەک دڵەراوکێ و هاوار و بۆمب قەدەغە بکرێن.
گێلانەترین شت ئەوەیە کە بیر بکەیتەوە.
وشەی داگیرکردن قەدەغەکراوە.
ژماردنی کوژراوانی سوپا قەدەغەیە.
نابێت ئاماژە بە گریانی سەربازەکان بکرێت.
دەستبەسەرکردنی تەرمی سەر شەقامەکان و منداڵە تێکشکێنراوەکان،
ترس لە ژێرزەمینەکان و وێستگەکانی میترۆدا
وشەی مردن خۆشبەختانە قەدەغەیە –
مردن لە ڕووسیا نایاساییە.