سێ شیعری میسوزو کانیکۆ

میسوزو کانیکۆ

میسوزو کانیکۆ ١٩٠٣ - ١٩٣٠

July 2, 2023

میسوزو کانێکۆ شاعیرێکی ژاپۆنیە، لە ۲۰ی ئایاری ۱۹۰۳ لەدایکبووە و لە ١٩٣٠ گیانی سپاردووە. شیعرەکانی کانێکۆ بەگشتی باس لە بابەتەکانی سروشت، خۆشەویستی، ژیان و ئەو ئەزموون و ئەو قۆناغانە دەکەن کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە.

کانێکۆ کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر ئەدەبیاتی ژاپۆنیییەوە هەیە و شیعرەکانی لەگەڵ خوێنەرانی هەموو تەمەنەکان شوێنپێی جێ هێشتووە. بەهۆی ئەمەشەوە بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.

لە ماوەی ژیانیدا، کانێکۆ لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا ژیاوە و ئەزموونی هاوسەرگیرییەکی پڕ ئاریشەی کردووە، هاوکات شەڕی خەمۆکی کردووە و ڕووبەڕووی چەندین فشاری کۆمەڵایەتی بووەتەوە، کە هەر ئەوەش وەک هۆکاری سەرەکی مەرگی دەخەمڵێنرێت بەخۆکوژی.

 

 

 

سێ شیعری میسوزو کانیکۆ
وەرگێڕانی داستان دلبەر

 

 

 

دەریا و نەورەس

وام بیر دەکردەوە دەریا شینە و
ڕەنگی نەورەسیش سپی
بەڵام ئێستا کە دەڕوانم
هەم نەورەس و هەم دەریاش خۆڵەمێشی دەبینم
وام دەزانی باش لەمە گەیشتووم
بە هەڵەدا چووبووم
هەمووی درۆیەک بوو
وا دەزانیت دەریا شینە و هەورەکانیش سپی؟
هەمووان وا دەزانن
ڕەنگە هەڵەیەک بێت.

 

 

 

ئەستێرە و باویلکە

وەک زیخگەلی بنی دەریا
ئەستێرانێک هەن لە ڕۆژدا دیار نیین
هەتا شەو دێت.
نایانبینیت، بەڵام لەوێن.
شتانێک هەن نایانبینیت.
باویلکە ژاکاو و بێتۆوەکان
شاراوە لە درزەکانی کاشیی ساپتەدا
بێدەنگ چاوەڕێی بەهارن،
ڕەگە بەهێزەکانیان نەدیدەن.
نایانبینیت، بەڵام لەوێن.
شتە نەدیدەکان هێشتا هەن.

 

 

 

 

ڕۆژمێر و سەعات

ڕۆژمێر بۆ ئەوەیە
تا پێت بڵێ چ وەرزێکە،
لێی دەڕوانیت و
دەزانیت بەهارە،
گوڵە ژیرەکان دەپشکوێن،
ڕۆژمێر دەنگی نییە،
بەڵام کاتێک بەهار هات،
بە ژیان دەپشکوێت،
سەعات بۆ ئەوەیە
تا پێت بڵێت چ کاتێکە،
لێی دەڕوانیت و
دەزانیت چواری دوانیوەڕۆیە،
باڵندە ژیرەکان دەفڕن،
سەعات باڵی نییە،
بەڵام کاتێک دەبێتە چواری دوانیوەڕۆ،
ئاوازی خۆی دەچڕێت.