ئاگرەکەت لەگەڵمدا هات

لازۆ ئازاد

لازۆ ئازاد (١٩٨٥ - ....)

April 10, 2023

لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت.  لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە  لازۆ  ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

ئاگرەکەت لەگەڵمدا هات
لازۆ ئازاد

 

 

ڕەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ کوێ؟
‎خەونەکانی من کە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ کوێ؟
‎تامی گەرمی دوو زمانی لێکئاڵاو دوای دابران، دەچێت بۆ کوێ؟
‎هەڵمی هەناسەی دوو دڵدار لە ناو تۆفانی خەوتوودا، دەچێت بۆ کوێ؟
‎من کە ساڵانێکی زۆر، دووری تۆ نەخۆشی خستبووم،
‎نزیکیمان دوای ئەو هەموو بریندارییە باری کرد بۆ کوێ؟
‎ئەو هەموو هیوایە کە لە سنگدا دانە دانە دەترووکان و باڵەکانیان دەکردنەوە،
‎دوای هەوری تاریک و تەم، چوون بۆ کوێ؟

‎خەونمان هەبوو،
‎چیرۆکمان هەبوو،
‎برینمان هەبوو،
‎ئەو هەموو شتەی دەکرا بیبەخشین و نەمانبەخشی، بوون بە چی؟

‎تۆ هەرگیز خەونی خۆتت ناشتووە چونکە نەتزانیوە دەچێت بۆ کوێ؟
‎برینی خۆتت بە گوڵە ئەرخەوان پێچاوە و پێت وابووە چاک دەبێتەوە؟
‎دانت بە خۆتدا گرتووە بۆ ئەوەی نەگریت و کەس بە چاوی بەزەیی ساختە سەیرت نەکات؟
‎بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز نەڵێیت، ئێوە خاشاکن!
‎بەدەم دوژمنەکانتەوە بە تامی دۆست پێکەنیویت بۆ ئەوەی چەقۆیەک کەمترت لێ بدەن؟
‎لە دوای ئەڤینی شکستخواردوو، بزمارت لە تابوتی خۆت داوە بە ئومێدی مردن؟

‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شکاومەوە گرتبوو و ڕام دەکرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەک منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەهات،
‎وەک توتکە سەگی لاکۆڵان دەنوزامەوە.
‎چونکە تۆ نەتزانی کە رۆیشتم، ئاگرەکەت لەگەڵمدا هات،
‎کە بەجێم هێشتی تۆفانەکەت بە دوامەوە بوو،
‎بێ ئاوڕدانەوەش
‎تارماییت لە پێشمەوە ڕێی دەکرد.

‎بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎ڕەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….