ژیان لەگەڵ جرجەکاندا

فازل عەززاوی

June 17, 2018

فازل عەززاوی شاعیر و ڕۆماننووس و وەرگێڕی عێراقی، لە ساڵی ١٩٤٠ لە کەرکووک لە دایک بووە. بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە. لەگەل سەرگۆن پوڵس و سەڵاح فایەق و جان دەمۆ لە دامەزرێنەرانی گروپی کەرکووک بوون. لە ساڵی ١٩٦٦ دەچێتە ئەڵمانیا و لەوێ دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.  تا ئێستا ٧ کتێبی شیعر و ٦ ڕۆمان و ٣ کتێبی ڕەخنەیی هەیە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٦ ژیانی لە زینداندا بەسەر دەبات. ئەم شیعرەی دەیبینن بەرهەمێکی واقعی ئەزموونی ئەو سێ ساڵەیە-باڵندە

 

 

 

 

 

ژیان لەگەڵ جرجەکاندا
فازل عەززاوی
وەرگێڕانی بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

 

 

 

هەڵکوڕماو لە تاریکییەکەدا
لە قاپێکدا لەسەر ڕۆژنامە ڕاخراوەکەی سەر زەوییەکە، نانمان دەخوارد.
جرجەکان بازیان دەدا و لە نێوان پەنجەکانماندا خواردنیان دەبرد
دواتر لەبەردەم کونەکانیان دەوەستان
خۆیان ئامادە دەکردەوە بۆ هێرشێکی دی،
لە شەوە ساردەکانیشدا
لە نێوان ڕانەکانماندا خۆیان دەشاردەوە
تا لە دارستاندا جرجێکی زەبەلاحمان دی
کچێکی گریاوی بە دوای خۆیدا ڕادەکێشا
کە گوریسێک لەملی ئاڵابوو.

لە بەیانیانیشدا کە بولبولەکان لەسەر درەختەکان دەیان خوێند
بوتڵی میزەکانمان هەڵدەگرت و
دەمانخستنە جۆگەلەی بەردەم وێستگەی پۆلیسەکەوە
بەو بەرچاییانەوە دەگەڕاینەوە کە ژنە پۆلیسەکە بۆی ئامادە کردبووین
ئەوەی هەزاران جار لە خەونەکانماندا لەگەڵیدا خەوتبووین.

کە ئیوارانیش دەهات
یەک لە دوای یەک بانگیان دەکردین
لە شانەوە هەڵیان دەواسین بە پانکەکانەوە
جرجەکانیش لە ژێر قامچییەکاندا دەیان جیکاند و
لە لۆچی جلەکانمانەوە دەکەوتنە خوارەوە.

دوای چەند ساڵێک، یان ڕەنگە دوای چەند سەدەیەک
ئەو کەسەم دییەوە کە لە دوای خۆمەوە لە تاریکییەکەدا جێمهێشتبوو
هێشتا کوڕێکی گەنج بوو و هێشتاش بیجامەکەی لەبەردابوو
سەری بەرز کردەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لێی ڕوانیم
پاشان  بە خێرایی بە ڕێیەکەی خۆیدا ڕۆیشت
پێم وابێت لەناو جەنجاڵی ژیاندا لەبیری کردبووم.