دڵە گەرمەکەتم دەوێ

لۆرکا / شاعیری ئیسپانی

December 10, 2018

فیدریکۆ گارسیا لۆرکا  ١٨٩٨ – ١٩٣٦
لۆرکا هەم ئیسپانییە و هەم شاعیری ئیسپانیاشە. کەم شاعیر هەیە لەگەڵ ناوهێنانیاندا هێندەی لۆرکا بیری زێدی ژیان و لەدایکبوونەکەیمان بخاتەوە. ناوبانگی لۆرکا بەدەر لە شیعرەکانی بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مردنەکەی.
لۆرکا دەکوژرێت و هێشتاش گۆڕەکەی دیار نییە. هێندە دەزانرێت لە سەروەختی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا دەستگیر دەکرێت و دەکوژرێت. لۆرکا دژی دەسەڵاتی فاشیی فرانکۆ بوو. چەپ بوو. هەرەوەها هاوڕەگەزبازیش بوو. پەیوەندییەکی بەتینی هەبوو لەگەڵ سیلڤادۆر دالیدا.
ئەم چەند شیعرەی لۆرکا بە تێکەڵی لە دیوانەکانی هەڵبژێردراوە. شیعری کۆتایی، شاری بێدار یەکێکە لە شیعرەکانی کتێبی شاعیرێک لە نیۆرک. شیعرەکە سوریالییە.  پڕە لە سیمبوڵ، سووڕانەوەیەکە لە بازنەی مەرگ و ژیاندا و بێهیوابوون و ڕەشبینییەکی گەورەشی تێدایە بەرامبەر ئینسان و بوون. کتێبی شاعیرێک لە نیۆرک بە خاڵی گۆڕان لە بیر و تێگەیشتنی لۆرکادا دادەنرێت و یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبە شیعرییەکانی، لە ١٩٢٩-١٩٣٠ لۆرکا دەچێتە نیۆرک، بەڵام تەنیا دەتوانێت ١٠ مانگ بمێنێتەوە و لەوێ تووشی بێهیوایییەکی گەورە دەبێت لە ئاست شارستانییەتی سەردەمییانەی مرۆڤ. ئەزموونی ١٠ مانگ ژیانی لۆرکا لە نیۆرک، یەکێک لە باشترین کتێبە شیعرییەکانی لێ بەرهەم دێت.  ماڵپه‌ڕی باڵنده‌

 

 

دڵە گەرمەکەتم دەوێ
لۆرکا
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

 

قەسیدەی مەرگی ڕەش

 

دەمەوێت  بنووم، وەک نووستنی سێوێک
دەمەوێت دوور بم لە جەنجاڵی گۆڕەکان
دەمەوێت بنووم، وەک نووستنی ئەو منداڵەی
کە ویستی دوو،  لە دەریاکاندا دڵی خۆی شەق بکات.

نامەوێت دیسان پێم بڵێنەوە،
چۆن تەرمێک خوێنەکەی خۆی دەپارێزێت
چۆن دەمێکی ڕزیو بۆ قومێک ئاو دەپاڕێتەوە
نامەوێت گوێم لە کۆڕی ئەشکەنجەکان بێت
کە گیا ڕێکی خستوون
ناشمەوێت گوێم لە مانگ بێت، کە پێش بەرەبەیان بە کەپووە مار ئاساکەیەوە
کارەکانی تەواو دەکات.

دەمەوێت بنووم، بۆ نیو چرکە
بۆ چرکەیەک، بۆ خولەکێک… بۆ سەدەیەک.
بەڵام دەشمەوێت هەموان بزانن، من هێشتا زیندووم
من ئاخوڕێکی ئاڵتوونی بە لێوەکانمەوەیە
من هاوڕی بچکۆلانەکەی بای خۆرئاوام
من سێبەری مەزنی فرمێسکەکانی خۆمم.

کە بەرەبەیان هات، پارچەیەک پۆشاکم بۆ هەڵدە
چونکە دەزانم بەرەبەیان مشتێک مێروولەم تێ بەردەدا
کەمێک ئاوی ناسازگاریش بڕژێنە سەر پێڵاوەکانم
بۆ ئەوەی چنگی دووپشکەکانی بەرەبەیان پێم نەزانن

چونکە من دەمەوێت وەک نووستنی سێوێک، بنووم
چونکە من دەمەوێت گۆرانییەکی غەمگین فێربم، کە لە هەموو زەوی بمشواتەوە
چونکە من دەمەوێت لەگەڵ ئەو منداڵە سێبەرییەدا بژیم،
کە ویستی دوور، لە دەریاکاندا دڵی خۆی شەق بکات.

 

 

 

 

دڵە گەرمەکەتم دەوێ

 

کەس لە عەتری
ئەو گوڵە مانۆلیا تاریکەی هەناوت تێنەدەگەیشت
کەسیش نەیدەزانی
چەند باڵندەی خۆشەویستی
لە ژێر ددانەکانتدا ئازار دەچێژن.
هەزاران جوانووی فارسی لە گۆڕەپانی ناوچاوانە ڕۆشنەکەتدا
خەو دەیانباتەوە
لە کاتێکدا منیش، چوار شەوی تەواو، لە کەمەرت ئاڵا بووم:
کەمەرت، کە دوژمنی بەفرە.

لە نێوان گەچ و یاسەمینەکاندا
نیگات پەلی درەختێک بوو
بە تۆوی بێڕەنگەوە.
لەسەر سنگیشم گەڕام. زۆر گەڕام بۆ ئەو پیتە عاجییانەی دەڵێن: هەمیشە
تاکو بە تۆیان بدەم.
هەمیشە. هەمیشە. باخچەی ئازارەکانم
جەستەی تۆیە کە دوور کەوتۆتەوە، بۆ هەمیشە.
خوێنی دەمارەکانت لەسەر لێوم ببە و
بۆ مەرگیشم دەمت، کە ڕووناکی تێدا نەماوە،
بدە بە من.

***

تەنیا دڵە گەرمەکەتم دەوێ
هیچی تر نا.
بەهەشتی من، کێڵگەیەکە
بێ بولبول و بێ کەناری
بە ڕووباری نهێنی پارێز و
کانیی بچووکەوە
بە بێ مامزەی با لەسەر گەڵاکان
بە بێ ئەو ئەستێرەیەی
خەون دەبینێت ببێتە گەڵا.
ڕووناکییەکی مەزنە بەهەشتی من
دەڕژێتە ناو کێڵگەی نیگا تێکشکاوەکانەوە،
بێدەنگییەکی تەواوە
لە کاتێکدا شەپۆلی دەنگی ماچەکانمان
دەڕۆن و لە دوور دوور دەکرێنەوە.

تەنیا دڵە گەرمەکەتم دەوێ
هیچی تر نا.

***

ناوت دەهێنم لە شەوە تاریکەکاندا
ئەو کاتەی ئەستێرەکان دێن
بە مانگ تینوێتییان بشکێنن
ئەوکاتەی لقەکان لەسەر گەڵا شاراوەکان دەنوون،
منیش هەست دەکەم خاڵی بوومەتەوە
لە مۆسیقا و لە ئارەزوو
کاتژمێرە شێتەکەش
گۆرانی کاتە کۆنە مردووەکان دەڵێت.

ناوت دەهێنم لەم شەوە تاریکەدا و
دەنگی ناوەکەشت لە هەموو کات دوورتر دەڕوات
دوورتر لە هەموو ئەستێرەکان و
خەمگینتر لە نەرمترین باران.

بڵێی کاتێک هەبێت دووبارە  وەک جاران
خۆشم بوێیتەوە؟
دڵم کام تاوانی کردووە و
کام ئارەزووی دی چاوەڕێم دەکات، کاتێک تەم دەڕەوێتەوە؟
بڵێی ئەمجارە ئارام و بێگەرد بێت؟
ئای گەر پەنجەکانم تەنیا بتوانن
مانگ ڕووت بکەنەوە.

 

 

 

 

گۆرانی دارنارنجی زڕ

 

ئەی داربڕ
سێبەرەکەم ببڕەوە،
ڕزگارمکە لە ئازاری
بینینی خۆم بە بێ بەر

من بۆچی لە نێو ئاوێنەکاندا لە دایک بووم؟
ڕۆژەکان بە دەورمدا دەسوڕێنەوە و
شەویش بە هەموو ئەستێرەکانییەوە
لاساییم دەکاتەوە.

دەمەوێت بێ ئەوەی خۆم ببینم بژیم
دەمەوێت خەون ببینم، کە مێروولە و کونجڕەکان
گەڵا و باڵندەمن

ئەی داربڕ
سێبەرەکەم ببڕەوە

ڕزگارم بکە لە ئازاری
بینینی خۆم بە بێ بەر.

 

 

 

ماڵئاوایی

 

کە مردم
با باڵکۆنییەکە کراوە بێت.

منداڵەکە پرتەقاڵ دەخوات
(لە بالکۆنییەکەوە دەیبینم)

جوتیارەکە گەنمەکە دروێنە دەکات
( لە بالکۆنییەکەوە دەیبیستم)

کە مردم
با بالکۆنییەکە کراوە بێت.

 

 

 

 

شاری بێدار

 

هیچ کەس لە ئاسمان نانوێت. هیچ کەس. هیچ کەس.
هیچ کەس نانوێت.
بوونەوەرەکانی مانگ، بۆنی کوخەکان دەکەن و خۆیانی بۆ مەڵاس دەدەن.
ئیگوانا زیندووەکانیش دێن، تاکو ئەو پیاوانە بگەزن
کە خەون نابینن
هەموو ئەوانەش کە بە دڵشکاوی هەڵدێن
لە سووچی شەقامەکاندا، تیمساحە ئەفسانەییەکان چاوەڕێیانن
کە لە ژێر ناڕەزایی نەرمی ئەستێرەکاندا ئارامیان گرتووە.

هیچ کەس لە زەویدا نانوێت. هیچ کەس. هیچ کەس.
هیچ کەس نانوێت.

لە گۆڕستانە دوورەدەستەکان
تەرم هەیە سێ ساڵە گلەیی دەکات
چونکە ئەژنۆکانی، خاکێکی ڕووتەنی لەسەر نیشتووە،
لە کاتێکدا ئەو کوڕیژگەیەی ئەم بەیانییە ناشتیان
زۆر بە کوڵ گریا
ناچاربوون سەگەکان بێنن بۆ بێدەنگکردنی.

ژیان خەونێک نییە.
وریا بە. وریا بە. وریا.
ئێمە لەسەر پلەکانەوە بەردەبینەوە، تاکو لە زەوییە شێدارەکان بخۆین
یان لەگەڵ دەنگی دالیا مردووەکاندا، هەڵدەکشێین بۆ لێواری بەفرەکان.

نە لەبیرکردن هەیە، نە خەون هەیە
ئەوەی هەیە، جەستەی پڕ ژیانە
ماچیش زارەکان دەبەستێ
لە بێشەڵانی شادەمارە نوێیەکاندا.
ئەوەی بە دەست برینێکیشەوە ئازار بچێژێ، دەبێ بۆ هەمیشە پیوەی بناڵێ،
ئەوەی لە مەرگیش بترسێ، بۆی دەبێتە بار و دەبێت لەسەر شانی هەڵیگرێ.

رۆژێک
دەبینین ئەسپەکان لە مەیخانەکاندا دەژین
مێروولە توڕەکانیش
هێرش دەبەن بۆ ئەو ئاسمانە زەردانەی
لە چاوی مانگاکاندا پەناگەیان گرتووە.

ڕۆژێکی تر
بە چاوی خۆمان دەبینین، پەپوولە مردووەکان زیندوو دەبنەوە.
ئێمەش سەرلەنوێ
بەسەر دەشتی ئیسفنجە خۆڵەمێشییەکان و کەشتییە کپەکاندا
ڕێ دەکەین و دەبینین
ئەنگووستیلەکانمان دەدرەوشێنەوە و لە سەر زمانیشمان
گوڵەباخ دەپشکوێت.

وریا بە. وریا بە. وریا بە.
ئەوانەی کە هێشتا پاشماوەی چنگ و تۆفانیان هەڵگرتووە
ئەو کوڕیژگەیەی کە دەگری، لەبەر ئەوەی نازانێت پردەکان هەن
ئەو تەرمەش کە هیچی نەماوەتەوە، جگە لە سەر و پێڵاوێک،
هەموو ئەمانە دەبێت ببرێنە پاڵ دیوارەکە
بۆ ئەو شوێنەی کە ئیگوانا و مارەکان چاوەڕێیانن
بۆ ئەو شوێنەی کە ددانی ورچەکان چاوەڕێیانن
بۆ ئەو شوێنەی دەستی مۆمیاکراوی کوڕیژگەیەک چاوەڕێیە و
مووی حوشترەکەش بە موچوڕکەیەکی توندی شین، گرژ دەبێ.

هیچ کەس لە ئاسماندا نانوێت. هیچ کەس. هیچ کەس
هیچ کەس نانوێت. هیچ کەس. هیچ کەس
خۆ گەر یەکێکش چاوەکانی لێک نا
بەر قامچی بدەن، کوڕینە. بەر قامچی
با ئەوێ  بکەینە خاکی ئەو چاوانەی لێک نانرێن
با بیکەینە خاکی ئازارە گڕگرتووەکان.

کەس نانوێت لە جیهاندا
کەس کەس
پێشتر ئەمەم وتووە
کەس نانوێت
خۆ ئەگەر لەسەر لاجانگی کەسێک، لە شەودا  کەڕوویەک بە چڕی گەشەی کرد
ئەوا دەرگا شاراوەکەی بۆ واڵا کەن
با لە ژێڕ تریفەی مانگدا
پێکە ساختەکان و
ژەهر و
ئێسکوپرووسکی شانۆکان ببینێت.