ڕەنگە دیسان بێمەوە

ئەحمەد تەللی

ئەحمەد تەللی / (١٩٤٦ - ...)

January 11, 2023

ئەحمەد تەللی لە شاعیرانی هاوچەرخی تورکە. ساڵی ١٩٤٦ لە تورکیا لەدایک بووە. شاعیر و نووسەر و مامۆستای زمان و وێژەی تورکییە. لە ساڵی ١٩٧٩دا یەکەمین کتێبی شیعری خۆی چاپ دەکات و تا ئێستا بەردەوامە و خاوەنی زیاتر لە ١٠ کتێبی شیعرە. دوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیادا، لەبەر نووسینی وتارێکی لەسەر شیعرێکی جگەرخوێن خراوەتە زیندان. کۆمەڵە شیعرێکی کراوە بە کوردی-زاری کورمانجی سەروو بە ناوی گوڵی ڕۆژهەڵاتی ڕووخساری تۆ. ئەحمەد تەللی خاوەنی چەندین خەڵاتی بەنرخە لە تورکیادا، لەوانە خەڵاتی قەڵەم و خەڵاتی پرتەقاڵی ئاڵتوونی. فەرموون لە باڵندەوە خوێنەری شیعرێکی ئەو بن

 

 

 

ڕەنگە دیسان بێمەوە
ئەحمەد تەللی
وەرگێڕانی ڕێباز مەجید

 

 

 

چەند ڕۆژە تا خوێنلێهاتن لێوەکانم دەگەزم
چونکە گشت پەیڤەکان لەسەر نووکی زمانم دەبنە جنێو
دەڵێم بەڵکو ئاسمان بگرمێنێت، شەستەبارانێک دابکات
ئەم بێدەنگییە بە کۆتا بگات، ئەم دەردە پیسە یەخەم بەردات
ئاخۆ دیسان تۆفانێک دەربەستی نایەت
دەبێت دیسان شتانێک هەبن بدڕێن و وردوخاش بن
بە بێ وەستان، شتانێک کە بدڕێن وردوخاش بن.

گەر نا، چەندە ئارامن ئەم کۆڵانانە، ئەم شارە
بۆ من ئاسمان چەندە هێمنە

ڕۆیشتووەکان چییان لێهات؟ یادی خەندەکانیانم کرد
دەڵێی تەنیا ئەوان بوون شاریان جوان دەکرد
تاکو مردن وابەستە بە منداڵان و ئەڤینەوە، ئەوان بوون
پێدەچێت هەر ئەوان بووبن ژنانیان جوان دەکرد
یەکیان دەیوت <گەر تف هەڵدەم بە تاوان دێتە ژمار>
ئیدی گەر تف هەڵدەین بە تاوان دێتە ژمار
ئاخر چییان لێهات، یادی خەندەکانیانم کرد

قووڵ قووڵ دەڕوانمە شەقامە پێچاوپێچەکان
تاقە گەڵایەکیش ناجوڵێتەوە، تێناگەم
دانە دانە، شارەدێیەکان گڵۆپەکانیان دەکوژێننەوە
سەرم بەسەر جامێکی شکاودا شۆڕدەکەمەوە، خوێنی لێ دەچۆڕێت
لە خوێنی مەییومدا فێنکیی گوڵەکان
بەڵام ئەوەی خۆی بۆ مەڵاسداوە وەک جەللادێک دەگات
گشت پەیڤەکان لەسەر نووکی زمانم دەبنە جنێو

ژیان چیت فێرناکات، ڕادەمێنم
گشت ئەو پەرتووکانەی خوێندوومنەتەوە پارچە پارچەن
دەمەو ئێواران بە تاقی تەنیا دەچم بۆ پیاسە
لە سووچێکەوە بۆ سووچێکی تر، شار دەبێتە چۆڕێک تەنیایی
بە بەردەم شەقامی قاوەخانەکاندا تێدەپەڕم
ڕووناکبیرە دزێوەکان، خەمە ئارابێسکەکان
لەسەر پەڕەی ڕۆژنامەیەک کیژێکی جوان

تا دێت دەنگەکان کەم دەبنەوە، باڵندەکان کەم دەبنەوە
هەرکاتیش ڕێم بکەوێتەوە ئەو شوێنەی تێیدا پێکرایت
ئەو کۆڵانە وەک هەڵقەیەکی قەڵس دەوری گەردنم دەدات
ئیدی تەنیا ئەسپەکانمان خەمەکانمان دەبیستن
ئێمە عومرێکە لەبیرمان کردوون
بەڵام لە ناومدا خێسەی کەمتیارێک و
گشت پەیڤەکان لەسەر نووکی زمانم دەبنە جنێو

لە ناومدا ویستێکی یاخی بۆ تێکشکاندن
چەشنی ئەسپێک ڕەشمەکەی تووڕ هەڵدابێت
گشت پاییزێک هەناسەم لێدەبڕێت
دولبەریشم چەند بەسۆز بێت
سەفەرێک لە سەرم دەدا، دەڕۆم
ئاوها تێپەڕی بەهاری گەنجیم
بەڵام هێشتاش شتانێک هەن ناتوانم پشتیان تێکەم

چ دیوارێک ناڕووخێت گەر پرسیارەکان ڕاست بن
گەر ڕۆژێک ئێمە بێین، چ شارێک نادرەوشێتەوە
لەو شوێنەی دۆستێکم تێیدا پێکرا شیعرەکانم سووتان
بۆ ئەوەی ئاگر بکەوێتەوە، سووتووەکانی ناهێنمەوە
ئێستا مەفرەزەکان بنێرە، گشت ڕووناکییەکانت بکوژێنەوە
ئەی شەقام! من هیچ یەکێک لە پرسیارەکانم ناگەڕێنمەوە و
گشت پەیڤەکان لەسەر نووکی زمانم دەبنە جنێو

چەند ڕۆژە تا خوێنلێهاتن، لێوەکانم دەگەزم
دەڵێم بەڵکو ئاسمان بگرمێنێت، شەستەبارانێک دابکات
ئەم بێدەنگییە پیسەی پێمەوە لکاوە بە کۆتا بگات، قەت نەڕۆم
گەر نا، چەندە ئارامن ئەم کۆڵانانە، ئەم شارە و گشت سەر زەوی
وەک تاڵێکی باریکی ئاو خۆم دەخزێنمە ئاسمانی تەنیای شەوەوە
وا بە بێدەنگی دەڕۆم، بێ دەنگ و بێ شوناس
ڕەنگە دیسان بێمەوە، گەر ڕۆژێک دەنگێک بەرەو دەنگم بێت…