شیعری کورد هیچی نییە جگە لە با یەکێکە لە شیعرە دیارەکانی مەحموود دەرویش. هیچ نەبێت لە کوردستاندا زۆر بەناوبانگە، بەڵام بە گشتی لە ناو خوێنەرانی کورددا ناوبانگەکەی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باسی کورد دەکات،هەڵبەر ئەم شیعرە گرنگییەکەی لە بەرزیی ئاستی زمان و شیعرییەتەکەیدایە، کە لای ڕەخنەگرانی عەرەبیش، بە یەکێک لە دەقە هەرە باشەکانی مەحموود دەروێش دادەنرێت.
مەحموود دەروێش لەم شیعرەدا دەیەوێت لە ڕێگەی دواندنی سەلیم بەرەکاتەوە، هەم لە قەزییەی کورد و هەم لە ماهییەتی کوردبوون بگات، باسکردنێکی شوناس و زمانە لە نێوان ئامادەبوون و نائادەبووندا. گەڕانەوەیە بۆ ناو زمان و درووستکردنەوەی شوناسێکی تاکەکسییە تێیدا– باڵندە
کورد هیچی نییە جگە لە با
بۆ سەلیم بەرەکات
مەحموود دەرویش
لە عەرەبییەوە: زاموا محەمەد
کوردەکە سبەینێی خۆی دێتەوە یاد، کاتێک سەردانی دەکەم
ئیدی بە گسکێک لەخۆی دووردەخاتەوە: وازبێنە لێم
کە شاخەکان شاخەکانن. ڤۆدکاش دەخواتەوە
بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی خەیاڵ: منم
موسافیر بەناو مەجازی خۆمدا، کەرکیە بزۆکەکانیش
برا گەمژەکانمن. سێبەرەکان لە شوناسی دەتەکێنێت:
شوناسم زمانمە. من و… من.
من زمانمم. من نەفیکراوی نێو زمانمم
دڵیشم پشکۆی مرۆی کوردییە بەسەر چیا شینەکانییەوە .. /
نیقۆسیا پەراوێزە لە چامەکەیدا،
وەک هەموو شارێکی دی. ئاراستەکانی
بە بایسکیلەکەی هەڵگرت و گوتی: دوایین ئاراستە
بردمیە کوێ، لەوێ دەژیم. ئاوا بۆشایی هەڵبژارد و
نوست. خەونی بە هیچەوە نەدیوە،
لەوساوە کە جنۆکە هاتووەتە وشەکانییەوە،
{وشەکانی ماسولکەکانین، ماسولکەکانی وشەکانین}
کە خەونبینان دوێنێ پیرۆز دەکەن، یان
بەرتیل بە دەرکەوانی سبەینێی زێڕین دەدەن …
نە سبەینێم هەیە و نە دوێنێ، هەنووکە
گۆڕەپانی سپیی منە .. /
ماڵەکەی پاکە وەک چاوی کەڵەباب ..
لەبیرکراوە وەک خێوەتی سەرداری ئەو نەتەوەیەی
چەشنی پەڕ بڵاوبوونەوە. ڕاخەرێک لە خوریی
ئاڵۆزکێندراو. فەرهەنگێکی ڕزیو. کتێبانێکی
بەپەلە تەجڵیدکراو. بالیفانێکی چنراو بە دەرزیی
خزمەتکاری قاوەخانەکە. چەقۆیانێکی تیژکراو بۆ سەربڕینی
بەراز و باڵندە. ڤیدیۆیەک بۆ ئیباحیات.
چەپکگەلێک لە دڕکی بەلاغەتساز.
بالکۆنییەکی کراوە بۆ خوازە. ئالێرەدا
تورک و ڕۆم نۆبەی جنێودان دەگۆڕنەوە.
ئەمە سەرگەرمیی من و سەرگەرمیی
سەربازانی ئێشکگرە لەسەر سنووری قۆشمەییەکی
ڕەش .. /
هەڕەمەکیی سەفەر ناکات ئەم موسافیرە ..
باکوور باشوورە و خۆرهەڵاتیش خۆرئاوا
لە تراویلکەدا. نە با جانتای هەیە و
نە تەپوتۆزیش ئەرکی هەیە. وەک ئەوەیە
تاسەی خۆی بۆ ئەوانی تر بشارێتەوە و گۆرانی نەڵێت … گۆرانی ناڵێت
دەمێک سێبەرەکەی دەچێتە درەختی ئەکاسیاوە،
یان نمەبارانێک قژی تەڕ دەکات …
بەڵکو هانا بۆ گورگ دەبات، داوای زۆرانی لێ دەکات:
وەرە کوڕی سەگ تەپڵی ئەم شەوە بکوتین
تا مردووەکان بێدار بکەینەوە،
کە کورد لە ئاگری هەقیقەت نزیکدەبنەوە و دەسووتێن،
وەک پەپوولەی شاعیران. /
لە ماناکان ئەوە دەزانێت کە دەیەوێت، هەموویان بێهودەن. وشەکانیش
تەڵەکەبازیی خۆیان هەیە بۆ ڕاوکردنی دژواتاکانیان،
بە بێ هودە. پەردەی کچێنیی وشەکان دەکاتەوە و پاشان
بە پاکیزەیی دەیانگێڕێتەوە ناو فەرهەنگەکەی و
وەک بەرخ ئەسپی ئەلفبێ ڕادەدات بۆ ناو تەڵەکەی و
بەری زمان دەتاشێت: تۆڵەم لە نائامادەگی کردەوە.
ئەوەم کرد کە تەم لە براکانمی کرد و
دڵمم وەک نێچیر برژاند. ئەو تەرزە نابم کە خۆم دەمەوێت و
خۆشەویستییشم بۆ چامە
نە زیاتر و نە کەمتر دەبێت لە خۆشەویستیم بۆ زەوی.
کورد هیچی نییە جگە لە با، ئەم لەودا دەژی و ئەو لەمدا دەژی و
ئەم ئالوودەی ئەو دەبێت و ئەو ئالوودەی ئەم دەبێت،
تاکو ڕزگاری ببێت
لە خەسڵەتەکانی زەوی و
شتەکان … /
نەزانراوی دەدواند: ئەی کوڕی ئازادم!
ئەی بەرانی نێو وێڵگەی سەرمەدی، گەر
باوکتت بە خنکێنراوی بینی
دایمەگرە لە قەنارەی ئاسمان،
کفنی مەکە بە لۆکەی سروودی شوانییت. مەینێژە کوڕم
چونکە با وەسێتی کوردێکە بۆ کوردێک لە تاراوگەکەیدا،
کوڕم … داڵیش زۆرن لە چواردەوری من و چواردەوری تۆ
لە ئەنادۆڵی بەرین.
بەخاکسپاردنی من نهێنییە و ڕەمزیە، سا تۆزی هەڵساویش
ببە بۆ چارەنووسی و
ڕایکێشە ئاسمانی یەکەمت بۆ فەرهەنگە جادووییەکەت و
ئاگاداری پێدانووسانی هیوای بریندار بە، چونکە
دێوێکی خورافییە و تۆ ئێستا .. تۆ ئێستا
ئازادیت ئەی کوڕی خۆت، تۆ ئازادیت
لە باوکت و لە نەفرەتی ناوەکان .. /
بە زمان لە ناسنامەت بردەوە
بە کوردەکەم گوت، بە زمان تۆڵەت
لە نائامەدەگیی کردەوە و
گوتی: ناڕۆم بەرەو بیابان،گوتم منیش ناڕۆم …
ڕوەو با ڕوانیم/
-شەوت شاد
-شەوت شاد!