چارلز سیمیک

چارلز سیمیک

چارلز سیمیک/ سربی-ئەمریکی

May 10, 2022

چارڵز سیمیک لە ٩ی مایسی ١٩٣٨ لەدایکبووە، شاعیری سڕبیی- ئەمریکییە و هاوڕێکخەری بەشی شیعری گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو بووە. سیمیک لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ کۆمەڵە شیعری “جیهان کۆتایی نایەت” خەڵاتی پولیتزەری بۆ شیعر بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٨٦یش لە لیستی کۆتادا بووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەڵات بۆ هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣- ١٩٨٣دا نوسراون، دیسانەوە لە ساڵی ١٩٨٧ لە لیستی کۆتایی هەمان خەڵاتدا بووە بۆ کتێبە شیعری “غەمە ناکۆتاکان”. ساڵی ٢٠٠٧ وەک پانزەهەمین ڕاوێژکاری شیعر لە کتێبخانەی کۆنگرێس دەستنیشانکراوە.

 

 


چاڕلز سیمیک
چارلز سیمیک
وەرگێڕانی ژیار ئەسوەد

 

 

 

چاڕلز سیمیک ڕستەیەکە.
ڕستەیەک، سەرەتا و کۆتایی ھەیە.

ئایا سادەیە یان لێکدراو؟
ئەوەیان دەوەستێتە سەر کەشوھەوا
دەوەستێتە سەر ئەو ئەستێرانەی بەسەرمانەوەن.

بکەری ئەم ڕستەیە کێیە؟
ئازیزمان: چاڕلز سیمیک.

لەم ڕستەیەدا چەند کار ھەن؟
خواردن، خەوتن، جووتبوون، کارەکانی تر…

بەرکاری ئەم ڕستەیە چییە؟
کردەوە بچووکەکانم
کە دوایییان نایەت.

ئەدی کێ ئەم ڕستە سەیرەی نووسیوە؟
قۆڵبڕ، کچێکی ئەویندار، سەرکەوتوویەک لە کار.

بە خاڵ یان نیشانەی پرسیار کۆتایی دێ؟
بە نیشانەی سەرسوڕمان و خاڵێکی مەرەکەب.