فێرناندۆ پێسوا شاعیر، ڕەخنەگر، نووسەر و وەرگێڕی پورتوگالی، ١٣ـی جوونی ١٨٨٨ لە دایک بووە و ٣٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٣٥ لە تەمەنی ٤٧ـساڵیدا کۆچی دواییی کردووە. بە یەکەمین نووسەری مۆدێرنی وڵاتەکەی دادەنرێت و بە ڕیلکە و شەکسپیر بەراورد دەکرێت. بە چەندین ناو نووسینەکانی بڵاو کردووەتەوە.
بۆ دەست*
فێرناندۆ پێسوا
وەرگێڕانی تاهیر عەبدولواحید
دەستت بێنە
بە چاوە زامارەکانم نهێنیی ئەو دەستە تەماشا دەکەم.
وای لە دونیای ئاوات و هەستەکان
ئای لەو جیهانی گومان و ئازارەی لەنێو دەستت ڕاکشاون
بیری لێدەکەمەوە کە ئەم دەستە نهێنیی نهێنییەکانە
لەم دەستەدا مانایەک هەیە کە نایزانین
مانایەک قوڵتر لە ترسەکانی ئینسان
ئەم دەستە ئەشێت بەر لە تۆ ژیابێت
لەوانەیە لەسەرەتاوە چەندین فرمێسکی نامۆ و ناسروشتیی سڕیبێت
پێدەچێت ئاماژەکانی تەژی بوبێت لە گاڵتەجاڕی، دڵتەنگیەکانی ئاوێتەیەک بوبێت بەئازارێکی قوڵ…
شتێک لە دەستتدایە نایزانم، گیان خەونی پێوە دەبینێت.
کۆمەڵە سێبەرێکی ئاڵۆزیش هەن عەقڵ ڕووپۆش دەکەن.
لە دەستتدا بایەکان دەلوورێنن و ئاوەکان ڕێ دەکەن.
لە دەستتدا شتانێک هەن
لە نێو کۆمەڵە شتێکی تردان.
هەرشتێک کە سامناک و دیارینەکراوە.
کاتێک کە لە دەستت دەڕوانم،
عەقڵم پڕدەبێت لەو بیرۆکە و یادەوەرییانەی قوڵترن لە شیعر
دەستت لایەک لە ژیانی قووڵی ڕۆحمە
من پێش لەدایکبوونی کات دەستتم ناسی
دەشزانم کە ئەو لە سەردەمێکی کۆندا
بردمی ڕوەو کوشتن
لە دەستتدا جیهانێک لە حەسرەت و ترس و ئازارم بینی
ئەڤینێکم تێدا بینی کە زۆرتر ڕق لێبوون بوو
ئاشوب و تاوان و سەرکەوتنەکانم تێدا بینی
داڕمانی ئازاربەخشی چەندین دەوڵەت
هەموو ئەمانە و زیاتریش بۆ ڕۆح ئاشکرا دەبێت لەو دەستەدا کە لە نوێژێکی ئاڵۆز دەچێت
ئەو جەنگە بچوکانەی لە نێو قەڵایەکدا کە بەشەو هەڵدەگیرسێن.
لە ڕێڕەوەکانی دەستتدا هونەرمەند شێتییەکانی لەدەست دەدات. کۆیلەکان چاوەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە، دووچاری موچوڕکی دڵخۆشی بووم کاتێک وەهام خەیاڵ کرد لێوەکانم بۆشایی دەستە سەرمەدیەکەت ماچ دەکات.
تەواوی ئەو ترسەی کە عەقڵ درکی پێ ناکات داگیری کردم
دەستت مانایەکە هیچ کەس پێی ناگات
ئەو مانایەی قوڵترە لە ترسەکانی ئینسان
لە دەستتدا شتێک لە دەریا و وەرزەکان و مانگەکان هەن
لە دەستتدا لەیەکچونێک لە درەوشانەوەی خۆر و ڕەنگی نهێنیی فرمێسک هەیە
دەستی تۆ: سيمای ئازاری هەیە
***
دەستی تۆ لە ڕابوردوودا ماڵێکی بەتاڵی سەر بەرزاییەکان بوو
لەبەر ئەوە دەستت هەموو ئەو بیرکردنەوانە دەناسێت کە بەدەوری گەردووندا خول دەخۆن.
دەستت ملوانکەیەکی مرواری و قوللەی بەربەستی نێو قەڵایەکە
دەستت ئەو موزیکە قووڵە نەمرەیە
پێش ئەوەی کە لەدایک بم
ڕۆحمی لە کۆشکێکی کۆنی قوبەداری ئاڵۆزدا خەواند
***
ئاهــ لەو وردەکاریەی دەستی تۆی پێ دروست کراوە.
بە پەنجە باریک و سپی و وردیلەکانیەوە
بەو گەرمیە کزەی ئاوێتەیە بە نەرمی.
وەک بڵێی لە دەستتدا شتێک لە شەو و شتێک لە ڕۆژ هەیە!
تەنها مەگەر بتوانم بە شێوەیەکی ڕاست و دروست
پەیامی خودایی و قووڵ و خەوتووی بەردەمم لەنێو ئەو دەستە بخوێنمەوە
***
لەسەر دەستت ڕاستیەکی نەگۆڕ دەبریسکێتەوە
هەروەک چۆن نەخشی سەر بەردێکی کۆن دەدرەوشێتەوە
دەستت وەک بیرۆکەیەکە و کەڵبەکانی لە شوێنێکی نادیاری ڕۆحمدا چەقاندووە
وەک بڵێی دەستت زەنگێکە و لەشوێنێکی نهێنیدا لێدەدات کە دەست پێی ناگات
دڵیشم هەرکات دووچاری ئەو زەنگە دەبێت
وەک ئاژەڵێک دەناڵێنێت
***
شتێکی كێوی و نوێ و ناماقوڵ لەدەستتدایە
تێڕوانینم لەنێویدا ئازار دەچێژێت
چونکە لە دەستتدا چاوانێک هەن تەواوی ترسەکانی دونیا دەبینێت.
وەک بڵێی کەسێکی شاراوە لە دەستتدایە
بە شێوەی چنگی بکوژێک ترس دەچنێتەوە.
کاتێک دەستم دەخەمە نێو دەستتەوە
ناتوانم لەوشتە هەتاییە تێبگەم کە هەستی پێدەکەم
وەک چۆن شێتانە ڕشتەی عەقڵم لوول دەکات،
وەک ئەوەی هەردووکمان دەست بدەین لە نەمریی.
***
هیچ دەستێک لە دەستی تۆدا نییە.
بەڵام ئەم بیرۆکە ترسناکە دەربارەی دەستی تۆ لە کوێوە دزە دەکات بۆ من؟
ئەوەی کە هەیە لەدەستی تۆدا، لەدەستێک زیاترە.
تەنانەت ئەوکاتەی دەستت دەبینم
ئەو شتە سڕدراوانە دەبینم کە بەشێوەیەکی شڵەژاو لەنێو هەستەکان و شتەکاندا حەشاردراون.
***
ڕاستەوخۆ، بێ دووچاو و هەستەکان
شپرزەییم دەستت دەبینێت.
لەبەردەم دەستی تۆدا عەقڵ دائەڕمێ
لەترسێکی باربوو بە ئازارێکی خۆش، شتێکی نوێ دروست دەبێت.
ترسێک نائاگایی بێداردەکات و
خەونەکانیشم خاڵیی لەدەستی خەڵک
***
زیاتر چاودەبڕمە ئەو دەستە
خەونی کات و شوێن لە من دەبزڕکێن
شێوەی نوقومبویەک کە هەمووشتێک دەبینێت خەون بە شتە نامۆکانەوە دەبینم
شتێکی سەرنجڕاکێش و کێوی و خامۆش هەیە
شتێک کە ناتوانم لە نێو دەستی تۆدا بیگرم
ترسێک لەوەی کە بیرۆکەی ئاگر لوشم بدات
تەنها تێڕوانینێکی خێرا بۆمن بەسە، کاتێک دەروازەی دەستت واڵا دەبێت
من بە بینینێکی خێرا ڕەهایی دەبینم
بەڵام دەروازە بێدەنگەکەی دەستت جارێکی تر دەکرێتەوە و
بە شێوەیەکی کتوپڕ لە بەهەشتێکی ترسناکەوە ئاوا دەبێت
دەستت بەشێوەی موزیک
تیایدا تاڵیی ئازار و سەختیی ترس تێدەپەڕێنم.
کاتێک لە دەستت ڕادەمێنم
هەموو شتەکان بەڕوانینێکی ئاڵۆز عەقڵم دەپێکن.
بەڵام دەستی خومارت بە بێدەنگییە پەنهان و درێژەکانی
دەستت کە خۆشەویستی و هەستەکان تێدەپەڕێنێت
دەستت کە سیخناخە بە بیرۆکەکان
ڕۆح نابینا دەکات
دەستم دەگرێت بەرەو لە بیرچوونەوە
***
ئەو گیانە لە کوێیە کە بەدەستت شیفا دەدرێ و لە ترس دەپارێزرێ؟
کام زەنگە لە وشەی( دەست)دا زرنگانەوەکەی دەڕوات ڕوەو ئەستەم
چی شەوەکان پڕدەکات لە بروسکەی دوو دەست
هەتا لەناو خوێنماندا سەرسامیی چڕبکاتەوە؟
***
ئەم دەستەم لێ دووربخەنەوە هەتا بتوانم
خەون ببینم:
بەوڵاتێکی نامۆ، کە بە دەریای ئازار پاراو دەکرێت و شەپۆلەکانی لە(دەست)بن، لێوارەکانی لە(دەست) بێت.
خەون بەو باخچانەوە ببینم کە درەختەکانی لە بری گەڵا دەستیان گرتبێت و دەستێکی سپی بەهێزیش بەر بەخۆر بگرێت
ئەو دەستە دوور بخەنەوە:
هەتا خەون بە سوپاگەلێکی دەستەوە ببینم
کە تەیار کراون بە بەرکەوتن و عەتر و دەنگ
سوپاگەلێک كە نابەزێت و
چەند تیژڕەو بێت سیمای ڕێکخراوەیی خۆی لەدەست نادات
سوپاگەلێکی چاپووک کە چاو سەرسام دەکات بە ڕێکخراوبوونی
سەما و لوورە پێکەوە ئاوێتە بکات
***
بەڵام ئاهــ ، لەو ترسە گەورەیە!
ئەو دەستە خەوناوییە بوونە ڕاستی
ئێستا لوول دەخۆن و گرژ دەبن و دڕندانە توند دادەخرێن
تەواوی بیرۆکە چنراوەکانی ئاوەژووکرد!
لە توندی ئەو ترسە هەست بە گیانم دەکەم کە دەیەوێت هێڵنج بدات
ئەوەش کە بە دوای خۆیدا هێنای ناتوانم بیدرکێنم
بەڵام دەرکەوت کە وەک شێتێک بە تەنها بە نێو دارستانێکی فراوانی گڕگرتوودا ڕادەکەم
هاتوهاواری ئەو ڕاگوزەرە دێوانەیەش لە تاو ئەودەستە وەک جیاوازی نێوان شەو و ڕۆژ دیاربوو.
یان وەک دەرکەوتنی لێبوکێک لەنێو مەراسیمی بەخاکسپاردنێکی پڕشکۆدا.
____________________________________________________________________
*پێسوا ئەم قەسیدەیەی لە کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٠٦ بەزمانی ئینگلیزی و بەناوی (ئێلیکساندەر سێرش)ەوە نووسیوە، کە یەکێک بوو لەو ناوە خوازراوە شیعریانەی* شاعیری گەورەی پرتوگالی (فێرناندۆ پێسواـ ١٨٨٨- ١٩٣٥) بۆخۆی دروستی کردبوون، بۆیەکەمین جار ئەم قەسیدەیە لەساڵی (٢٠١٤) دا لەڕێگەی نونو ڕیبیرۆ و کلودیا ساوزا لە (کتاب التحول/ کتاب المهام) بڵاو کراوەتەوە.