چ دوورن لە یەکتر شارەکانی ئەم جیهانە

جەمشید موشکانی/شاعیری ئێرانی | فۆتۆگرافەر: وەرگێڕ

June 6, 2018

 

 

جەمشید موشکانی، لە تاران لە دایک بووە (١٩٥٨). ساڵێک دوای شۆڕشی ئێران بەرەو ئەمەریکای لاتین هەڵاتووە. دوای چەند ساڵێک ڕووی لە سوید کردووە و هەر لەوێ ماوەتەوە. سێ کۆمەڵەشیعری هەن. جەمشید کەم دەنووسێت، بەڵام کەمتر بڵاو دەکاتەوە. – باڵندە

 

 

 

چ دوورن لە یەکتر شارەکانی ئەم جیهانە
جەمشید موشکانی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

 

 

بیرهاتنەوەی تۆ

            شیراز دەکا

کاتێ کە ڕاوەستاوم

لە وێستگەی پاسێکدا کە نایە

 

بەرەو من هاتنەوەت

بێنیازم دەکا لە شار

لە باوەشی شەوێکی بێڕێ و بێوێستگەدا

 

 

 

 

 

پەنجەرەیەک و پەردەیەکی سوور

پیاوێک خەریکە دڵ و کەمانەکەی

                                هەڵدەزڕێنێ

– بە خۆم دەڵێم:

پڵنگێک کە پیاڵەی سەرڕێژی مانگی

                            سەرپاک نۆشیوە-

 

لە پەنجەرەی سووریشەوە “موشکانی” دەبینم

لەسەر شەقام ماوەتەوە

لە پاڵ کاژێکی شەختەگرتوودا

 

 

 

لە ترس بوو

کە من دەستەوداوێنی شەهرەزاد بووم و

سەری خۆم هەڵگرت

                   سینە بە سینە

                   بازاڕ تا بازاڕ

 

لە هەر ئەلفوبێیەک کە ڕامام

یەکەم پیت ترس بوو

بەربەرە تەڕپۆشەکان لە پشت هەر دەروازەیەک

نانی حەفتا برسییان ڕفاندبوو و

جوانییەکەی هیچ سەتەلایتێک

بۆنی دەمی شەهرەزادی لێ نەدەهات، لەژێر شمشێردا:

 

 

 

Sophie Dahl

 

 

 

 

چ دوورن لە یەکتر شارەکانی ئەم جیهانە

ناوی ئەم شارە: بورۆس

ناوی ئەم ئێرانییە بێشارە: جەمشید

تۆش چ سپی و بۆر

نەخشی چاوەکانت چ گەشتر لە ئاسمانی خاکەلێوەی مەمەسەنی*

گەر بتزانیبا لە چ هەرێمێکی دوورەوە هاتووم تا گەیشتوومەتە ئەم زستانە تەڕ و خوێنساردە

لە چوارچێوەی وێنەکەت دەردەکەوتی و

وشکت دەکردمەوە لە خاولییە گەرم و ئەفسانییەکەی فینلەندیدا و

گانێکی نورئابادیـم لێ فێر دەبووی

کچە بێدەنگەکەی وێستگەی پاس

لە چوارچێوەی ڕێکلامە ڕەنگاوڕەنگەکەی ئەتەگدا

 

 

 

 

مەمەسەنی و نورئاباد: * شارێکی بچووکە لە نزیک شیراز
Sophie Dahl * فۆتۆمۆدێلی بەناوبانگی ڕێکلامەکان

 

 

کەوتوومەتە ئێرە

تا کەوتن بزانم چییە؟

من کێیە؟

 

من مەگەر هەر ئەو نەبووم کە دەڕۆیشت ئاوێزان بە کڵاوی تەڕ و مۆری نۆڤەمبەرەوە

کتێبی بچووکیش دەسووتا لە سینەیدا، بە بڵێسەی زەردی وێسکییەوە و

لە مەستە غایبەکەی خۆی دەپرسی: بەڕاست، نۆڤەمبەر بە فارسی چی پێ دەگوترا؟

 

ئێستاش کەوتووە

وەک خەڵووزێک

لە بن دیوارێکی چۆڵ

 

 

 

 

چ یەکدەست ماوەتەوە

سەرمای پاش شکان

 

… بەخێر بێن

 

بۆ داڕمانە بێبڕانەوەکەی ئەم هەموو سەردوولکەیە لە گشت درزێکەوە

بۆ دەرکە داخراوەکان بەسەر منداڵێتییەکی خەواڵوودا

… بەخێر بێن

 

شەوێک، کە ناوی نازانین، گوتی ورتەیەکی هەیە کپی

زاری من و دراوسێکانم دەڕزێنێ

سەروپیلمان بە سێبەری دەستەکانی دەشێلێ و

  دەڵێ:

بەخێر بێن بۆ سنجەقەکانی تەپوتۆز لەسەر مێشکی تێهەڵدراو

بۆ سەرەنجامی شپرزەی ئاوازە خەواڵووەکان

بۆ شەوێک، کە کۆتاییی خۆی ڕادەست ناکا

… بەخێر بێین

 

 

 

بێژینگی با هەڵپەسێردراو و

خاکەکان تێکڕا لە بێژینگدراو

 

من یەکێک لەم هەموو ڕۆیشتووانە بووم

هەرچەند لە هاوئامێزی کەلاوەکان و بای بێخەوی نیوەشەودا

بیرەوەریم زیت بێتەوە دیسان بڕێجار

ڕوومەتە قڕچاوەکانی بە مەتارەی مانگەوە بنووسێنێ و

هەرایەک هەستێ بە یادی ڕوکناباد*

 

تاوێکی تر

هەوای بێخەو لە هەناسە دەکەوێ و

تارماییی بیرەوەری لە سێبەری هەورێکدا فەرامۆش دەکرێ

 

خامۆشییە وێرانەکەمان

بەردنووسێکە، هێشتا

چاوەڕێی بنووس وەستاوە

 

 

*ڕوکناباد: لادێیەکی بچووکە لە نزیک شیراز

 

دەستی ترسەکانی خۆم گرت و چوومە پیاسە

ترسگەلێک هەبوون کە من شەیدایان بووم و وازم لێ نەدەهێنان

ترسگەلێک هەن کە شێتی منن و ئاسوودەم ناهێڵن

 

ترسگەلێک کە لە دەروونەوە هەڵدەزێن و

ترسگەلێکیش کە دەرەوەکانم یەکسەر لە بەر دەکەن

هەر کە مەستیش بووم لەم هەموو ترسە

بە تەقینەوەی پێکەنینێک

ترسم بە چەشنێ ترساند

کە لە گشت شتێکدا پەنای گرت

مەگەر لە ناوی ترسدا

 

 

 


لەم جیهانەدا بەس دوو چرا گڕیان هەبوو

یەکیان چراکەی ماڵی تۆ بوو

بە ئەوی تریان نەدەگەیشتم

هەرچەند دەڕۆیشتم

 

 

 

 


لەو دوورانە

لە شوێنێک، لە جۆرجیا

باران دەبارێ

لەپێک هەڵم لەسەر جامی پەنجەرە هەڵدەگرم

دەرەوە، شەوێکی تەنیا، لە ڕووخساری خۆی دەگەڕێ و

من لە ڕووخسارێکدا ماومەتەوە کە هەمە و

هەر ناشزانم جۆرجیا چ گۆڕێکە

 

بەڵام کاتێ ژنێکی ڕەش لە قووڵاییی خۆیەوە دەچڕێ:

It’s rain night in Gorgia

I feel it’sraning all over the world

دەزانم کە لەودیو ڕووخسار

لەودیو ئۆخژنی کۆتایی

لە شوێنێک، لە جۆرجیا

هێشتا باران دەبارێ

 

 

 

 

خانوویەک هەیە

کە هیچکەس دروستی ناکا

خەوێک

کە هیچکەس نایبینێ

 

لەم خەوە گەر هەستم لەو خانووەدا

ئەستێرەیەک هەیە

دەریاکانی تەنیا

نە با

نە چارۆگە

 

ئەدی چیڕۆکی مەرگێکی بەختەوەر لە هیندستانی ئەو، کوا…؟

 

 

 

 

مەلا دەڕۆیشت و… لە اللە دەترسا. اللە لێی توند دەکرد بەڵام لەگەڵ بۆنی کاڵیان دەچوون ئەم هەرزەکارە گوندییانە بەنێو تیرەی زەعفەراندا بە پێدزکێ و زوڵمەتی ڕۆحی مەلایان ڕەپ دەکرد لە زەرداییی لەززەت و دڵەتەپە. مەلا ئایەتێکی ورتاند لەبن لێوەوە. بەڵام ئایەتیش سێکس و کێڵگەی لە یەکتر نزیک دەخستنەوە و ئیزنی دخولی دەدا، بە هەموو ڕێدا. چی بکا مەلاکەمان لەگەڵ کەفوکوڵی خوێن؟ مەلا لە خوێن دەترسا؛ کەواتە دایمە قسەی خوێنی دەکرد و کارێکی دەکرد ئەوانی تر لە باتی ئەو خوێن بڕێژن. ئاخر مەلا وەسواسی هەیە لە خاوێنیدا؛ بۆ نموونە گووی خۆی بە دەستی تەڕ دەسڕێتەوە.

لە اللە دەترسا مەلا. بۆ ئەوەی ترسەکەی ئاشکرا نەبێ؛ خەڵکی هەموو دەترساند، بە ناوی شتێکەوە کە خۆیشی نەیدەزانی ئەو شتە چییە. بەڵام لە ناوهێنانی جەهل، لامەکەی درێژ دەکرد و دەیکردە ئا. هەر خۆیشی گومانی بردبوو کە اللە بەشکم دۆسیەی ترس و گومانەکانی ئەو بێ. کەواتە گرنگ بوو کە ئەوانی تر اللەی ئەو بەهێند وەربگرن. جا چی هەیە لە ترس بەهێندتر، لە ترس حەیتەتر؟

مەلا دەڕۆیشت

دەڕوا

ئێمەش سێبەرە درێژ و قەشمەرەکەی ئەو.