من ناچار بە خۆشویستنم با ئەگەر بوەستێت مردووە

مۆژگان عەباسلوو/شاعیری ئێرانی

June 6, 2018

 

مۆژگان عەباسلوو، شاعیری ئێرانی، شیعرەکانی ئەو لەخۆگری هەستەکان و پەیوەندییەکانە. “وەکوو گۆرانییە ئاشقانەکانی تۆ” و “لەوانەیە ڕۆژێک منت بیر بکەوێتەوە” لە کتێبەکانی ئەون. ئەو هاوکات دوکتۆریشە. – باڵندە

 

 

 

من ناچار بە خۆشویستنم با ئەگەر بوەستێت مردووە
مۆژگان عەباسلوو
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕۆیشتنت

چاڵێک لە مندا دروست دەکات

کە بە هاوین و زستان

کزەبای لێ دێتە دەر؛

سەرەڕای ئەمە باوەشت هەڵگرە و بڕۆ

هەرشوێنێکی دنیات ویست گەرمی بکەوە!

هەندێک باڵندە هەن

کە پێیان باشترە

بە دیار عەشقێکەوە کە ڕەگی هەیە

لە سەرمان ڕەق ببنەوە

 

 

 

١٢

گوتی خوا حافیز و

ماچی کردم

گوڵێک

لە ئاستانەی پاییزدا پشکووت

 

 

 

 

پێم بڵێ کە ڕۆیشتم خۆڕاگر بە

پێم مەڵێ کە ڕۆیشتم خۆڕاگر بە؛

بە کەسێک کە مەلە نازانێت

ناڵێن لە نوقمبووندا پەلە مەکە!

بێدەنگ بڕۆ و دەرگاکە لە پشت سەرت دابخە

بۆ ئەوەی من دەنگی ئەو باڵندەیە نەبیستم

کە نازانێت کەسێک بە ڕۆیشتنی

دەتوانێت شارێک لە دانیشتووان بەتاڵ بکات

تا تۆ بگەیتە وێستگەکە

ئەم ماڵە لە بێدەنگیدا نوقم بووە

 

 

 

 

 

 

تەکنیک

بەهێزترین پیاوی جیهان

ئەو پۆستەچییانەن کە نازانن

چ بارستایییەکی مەزنیان لە دەرد و خەفەت

لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە

لەوان بەهێزتر تۆیت

کە دەتوانیت بە تەنیا چەند وشەیەک

کەمەری من بشکێنیت

 

 

 

 

سبەی

ئێستا کە هاتوویت

لە ڕابردوو مەپرسە

لە ڕۆژی خۆرەتاودا

لە بەفری قورسی شەوی پێشوو

چی دەمێنێتەوە؟

 

 

 

 

 

 

 

بیرەوەری

باڵندەکان

کە دەگەنە یەک

هێلانە دروست دەکەن

 

من و تۆ

بیرەوەری

 

 

 

 

نابیرەوەری

چەندە چای

کە نەمخواردنەوە

لەو کافێیانەی

کە لەگەڵ تۆدا بۆیان نەچووم و

چەندە ئەو کورسییانەی

کە منیان لە تەنیشت تۆوە

نەدیتوو

لە بیر کرد

 

 

 

 

 

درێژەی ڕێگە

زەینم لە وشەکان ماندووە

ڕۆحم لە ڕێگا

بهێڵە چات بۆ تێ بکەم و

لە شوێنێک جگە لە شیعر

خۆشم بوێیت

 

نیگەران مەبە

سەرەنجام کەسێک پەیدا دەبێت

کە ئەم ڕێگایە درێژە پێ بدات

 

 

 

 

 

ئەگەر بە قسەی من دەکەیت

دەریا

شوێنێکە

دەبێت لە نوقمبوون تێیدا بترسیت

شین بێت لە باکووری ئێران

یان قاوەیی لە چاوەکانی ژنێکدا

 

 

 

 

 

ڕۆڵ

ڕۆڵێکی گرنگم لەم شانۆنامەیەدا نییە:

بڕیارە

ئەو

لە کافێیەکی بچووک

لەوسەری مێزەکە دابنیشێت و

منیش

لەمسەری مێزەکە

نەبم

 

 

 

 

تا هەبووە…

باران تەڕم دەکات

تۆفان دەمترسێنێت و

پاییز خەمگینم دەکات

تۆ بەڵام

هیچم لێ ناهێڵیتەوە

 

 

 

 

 

 

تەڕدەست

عەشق

تەڕدەستێکی خەمگینە

کە شادی

لە کڵاوەکەیدا دەردەهێنێت و

لە دەستەکانیدا

ونی دەکات

 

 

 

 

خۆوەسف

خوا دەزانێت

چەندێک بەئازارە

بۆ مرۆڤێک کە برینەکانی

تەنانەت لە ئاوێنە دەشارێتەوە

لە وەسفی خۆیدا بڵێت:

“ئای…”

 

 

 

 

کەشف

لە تۆوە نزیکم

وەکوو ماڵێک لە کەنار ڕووبار

لە منەوە نزیکی

وەکوو لافاو

لە ماڵەکانی کەنار ڕووبار

 

 

 

 

لە ڕێگە

گرنگ نییە

لە کوێوە هاتوویت

یان بۆ کوێ دەچیت

من تۆم

بە هەر لایەکدا

خۆش دەوێت

 

 

 

 

دڵنیا نیم

دانەدانە

پردەکانی پشت سەرم

وێران دەکەم

لەوانەیە

ڕووداوێک بقەومێت

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کامە هیچ؟

نە ماڵ

نە دوکان

نە شوێنی کار

هیچکامیان نازانن

من دەتوانم

بە سەعات

دەست لەناو دەستی تۆدا

پیاسە بکەم و

بە هیچکامیان نەگەم:

نە ماڵ

نە دوکان

نە شوێنی کار

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئازیزم

بهێڵە

هەر لەم دانە شیعرەدا

دووبارە

عاشقی یەکتر ببین

من بانگی ناوت دەکەم و

تۆ بڵێ “گیانم”

دنیا

نائەمینتر لەوەیە

کە پێت وایە

 

بەڵێن

من بە زەینت نا

بە دڵت بسپێرە

من

لە ونبوون

لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا

دەترسم

 

 

 

 

 

وادە

بێهوودە ڕادەکەن

شەقامەکان؛

بێ ئەو

دڵم بە هیچ وادەیەک

ڕاناگات

 

 

 

شێوەزار

شێوەزارەکەت

نە باکوورییە

نە باشووری

بەڵام کە قسە دەکەیت

با لە باکوورەوە هەڵدەکات و

باڵندەکان

لە باشوور دەگەڕێنەوە

 

 

 

 

پرسیار

کامە کراس

لە کوێی جیهاندا

دەبێت

بە فرمێسکەکانی من

تەڕ بێت و نییە؟

 

 

 

 

چ کەسێک؟

عەشق

بوونەوەرێکی خەمگینە

کە بەدەر لە مرۆڤەکان

کەسی نەبینیوە؛

کەسێک دەبێ لەم نەخۆشخانەیە

بیباتە دەرەوە

حەمامی پێ بکات

جلی بۆ لەبەر بکات و بڵێت

ئازادە

تا بە دوای جووتی خۆیدا

بگەڕێت

 

 

 

 

بێ‌حساب

لە مرۆڤەکان

وەڕزم

وەکوو شەڕکەرێک

لە ژماردنی برینەکانی

 

 

 

 

 

 

 

 

باوەڕ ناکەیت

لە دەرەوە

جەنگ خامۆشی و فەرامۆشییە.

لەگەڵ مندا

لەناو هەر ئەم شیعرەدا دابنیشە

من لەو عاشقانە دەدوێم

کە نەمبوون

تۆ لەو سەفەرانەی

کە نەچوویت

 

لە دەرەوە

مرۆڤ دەکوژن

 

 

 

 

 

 

 

 

 

تەنیایی

کە منداڵ بووم

نەهەنگ تەنیا

ناوێکی گەورە بوو

کە لە کتێبە بچووکەکانی زانستدا

دەژیا

 

گەورە بوومە و

نەهەنگ

تەنیاییی منە

کە ساڵانێکە

کەناراوێکی

بۆ خۆکوژی نەدۆزیوەتەوە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

عەشقی ئێمە ئاسک بوو

گەورە و بەهێز

کە شتی بەهێزتریش بوونیان هەیە

وەکوو قەتار

کە تۆی لەگەڵ خۆیدا برد و

لە ئاسک لاشەیەکی لەسەر ئاسنەڕێیەکان بەجێ هێشت

 

*

 

 

لە گەرووی مندا هەورێکی بچووک هەیە

دەکرێت بمکەیتە باوەش؟

بەڵێن دەدەم

کەم

بگری

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

موسافیر

نە چەتری پێ بوو

نە ڕۆژنامە

نە جانتا

بوومە عاشقی

چۆن دەبوو بمزانیبا

موسافیرە؟!

 

 

 

من ناچار بە خۆشویستنم

من ناچار بە خۆشویستنم

با ئەگەر بوەستێت

مردووە